یەپەگە:لە زنجیرە چالاکییەکدا لە عەفرین ١١ سەرباز وچەتەی سوپای تورکیا کوژران

شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل 'یەپەگە' لە عەفرین، دژ بە سووپای داگیرکەری تورکیا و گروپی چەتەکانی تورکیا چەند چالاکیەکیان ئەنجامدا. لەو چالاکیانەدا لانیکەم ١١ سەرباز و چەتەی داگیرکەر کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، جەختی لەوە کردەوە کە لەنێوان ٥ بۆ ٨ ی تەمووز/١٤بۆ ١٥ی پووشپەردا زنجیرە چالاکیەکی زۆر ئەنجام دراون. لە ڕاگەیەندراوێکیاندا ئاشکرای کردووە کە لە ناوچەکانی ڕاجۆ، جندریس، ئەتما، بلبلێ و شەرا سوپای داگیرکەری تورکیا و گروپی چەتەکان کراونەتە ئامانج، لە ئاکامیشدا لانیکەم ١١ داگیرکەر کوژراون.

لەسەر چالاکیەکانی یەپەگە لە عەفرین ئەم زانیاریانە بڵاوکراونەتەوە:

"ڕۆژی ٥ ی تەمووز/١٤ی پووشپەڕ لە ناوچە شاخاویەکانی نێوان جندریس و ئەتما دا، شەڕڤانانمان لە دژی سەرباز و چەتەکاندا و لەبەردەم بارەگای سەربازی ئەواندا چالاکیان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا.

ڕۆژی ٦ ی تەمووز/١٥ی پووشپەر، هێزەکانمان لەسەر ڕێگای عەفرین – ڕاجۆ، لەدژی گروپێک چەتەی لیوای حەمزە چالاکیەکی بە کاریگەرانەیان ئەنجامدا. لەو چالاکیەدا ٣ چەتە کوژران.

هێزەکانمان لە ڕۆژی ٧ ی تەمووز/١٦ی پووشپەڕ، لە پێدەشتەکانی ناوچەی بلبلێ-ی عەفرین، ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج کە سەرچەتەیەکی تێدابووە، گوایە ئەو سەرچەتەیە فەرماندەی 'هێزە تایبەتەکان' بووە و گروپێک چەتەی لەگەڵدا بووە. لەو چالاکیەدا سەرچەتە محەمەد ئەلسولەیمان کوژراوە و دەستیش بەسەر چەک و چەندین نوسراوی ڕێکخستنیدا گیراوە. هێزەکانمان لە هەمان ڕۆژدا و دژ بە خاڵێکی پشکنینی گروپی چەتەکانی بەناو 'ئاسەفات ئەلشیمال'، لەسەر گردی قەستێل لە ناوچەی شەرا چالاکیەکی پلان بۆ داڕێژراویان ئەنجامدا. لەئاکامی ئەو چالاکیەشدا دوو چەتە بەناوەکانی عومەر کینۆڤ و ئیبراهیم کینۆی کوژراون.

ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لەسەر ڕێگای ڕاجۆ-عەفرین، هێزەکانمان لە کاروانێکی سەربازیان دا. لەو چالاکیەشدا دوو سەرباز لەناو یەک لە ئۆتۆمبێلەکاندا کوژراون.

ڕۆژی ٨ ی تەمووز/١٧ پووشپەڕ، یەکینەیەکی ئێمە لە دژی کاروانی سەربازیی لە پیدەشتەکانی ماباتای، دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد و چالاکیان ئەنجام دا. لە ئەنجامی ئەو چالاکیەدا سەربازێکی تورکیای داگیرکەر و تیرۆریستێکی گروپی چەتەکان بە ناوی 'ئەحرار ئەلشەرقیە' کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل 'یەپەگە' دەستنیشانی کرد کە لە ڕۆژی ٢٠ ی مانگی کانوونی یەکەم کە داگیرکاریی تورکیا لەسەر عەفرین دەستیپێکردووە هەتا ئێستا ٢ هەزار و ٥١٥ سەرباز و چەتەی گروپی چەتەکانی تورکیا کوژراون.

ک-ش