یەپەگە لە ناوەندی عەفرین گورزی لە داگیرکەران وەشاند و ٦ چەتە کوژران

ناوەندى راگەیاندنی یەپەگە بڵاویکردەوە، شەڕڤانان ٣ چالاکییان لە ناوەندی عەفرین ئەنجامداوە و لەو چالاکییانەدا ٦ چەتە کوژراون و ٩ سەرباز و چەتەى تریش برینداربوون.

ناوەندى راگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) لەبارەى چالاکیى دوێنێ پێنجشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠١٨ی شەڕڤانان لە ناوەندى عەفرین راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، شەڕڤانان دوێنێ لە ناوەندی عەفرین ٣ چالاکیى جیاجیان ئەنجامداوە.

ئاماژ بەوەشکراوە، لە نێوان گەڕەکانی ترند و مەقلای لە دژی سوپا و چەتەکانى تورکی داگیرکەر چالاکییەک ئەنجامدراوە. بەهۆی ئەو چالاکییەوە ٢ چەتەی ئەحرار شام، کە یەکێکیان ناوی موستەفا محەمەد عەلی-یە کوژراون و ٣ سەربازى سوپاى تورکی داگیرکەریش برینداربوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، دەستەیەک لە شەڕڤانانی یەپەگە لە گەڕەکى ترند لە دژی گروپێک چەتە کە ناوی خۆیان کردووە بە "پۆلیسی سەربازی" چالاکییەکیان ئەنجامداوە. لەو چالاکییەدا ٢ چەتە کوژراون و ٤ چەتەى تریش برینداربوون.

ناوەندی راگەیاندنى یەپەگە راشیگەیاندووە، هەر لەو رۆژەدا شەڕڤانان لە ناوەندی عەفرین چالاکییەکى تریان لە دژی چەتە داگیرکەرەکان ئەنجامداوە. لەو چالاکییەشدا ٢ چەتە بە ناوەکانی عەبدولڕەحمان کوردی و فەهەد دەروێش کوژراون.

ر.م