بە لانیکەمەوە لە ١٠ رۆژدا ٢٨ هاووڵاتیی مەدەنی لە عەفرین رفێنراون

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، بە لانیکەمەوە لە ١٠ رۆژی رابردوودا لە عەفرین ٢٨ کەس لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە رفێنراون، کە ١١ کەسیان ژنن.

تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە چوارچێوەی رفاندن، زیندانیکردن، فیدیە لێوەرگرتن، تاڵانی و دزی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستیاندا رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبن.

٢٨ کەس رفێنراون و ١١ کەسیان ژنن

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار، ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاندووە، لە ١٠ رۆژی رابردوودا ١١ ژن و ١٧ پیاو لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتى تورکەوە لە عەفرین رفێنراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین ناوی هەندێک لە رفێنراوەکانی دەستکەوتووە، کە بەم شێوەیەن: لە گوندی گازێی سەر بە ناوەندی عەفرین هەر یەک گوڵێ نوری رەشید، مەولود محەمەد جابۆ، حەلیمە موسا، جولەی ئاسیا و محەمەد جارۆ و هەروەها لە گوندی بالوفۆری سەر بە ناوچەى جندرێس هەر یەک لە عایشە حسۆ حەمید، فەریدە محەمەد حسێن، ئەمینە حەمید هەنان، شەفیق محەمەد رفێنراون.

ژنێکیان کوشت

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، چەتەکانی حەمزە لە عەفرین ژنێکیان بە ناوی عایشە محەمەد خەڵکی پارێزگای حومس کوشتوە.

رفاندن و فیدیە وەرگرتن

پێشتریش لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا "پۆلیسی سەربازیی" چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ناوچەى راجۆی عەفرین، کە  سەر بە دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرن، هاووڵاتییان خەلیل محەمەد شەعبان تەمەن ٦٠ ساڵ، رەفعەت حسێن محەمەد تەمەن ٤٣ ساڵ و عومەر بەیرەم عەلۆ تەمەن ٦٥ ساڵیان رفاند.

بنەماڵەى خەلیل شەعبان بۆ ئازادکردنی خەلیل شەعبانی تەمەن ٦٠ ساڵ ٣٣٨ هەزار لیرەی سوورییان وەک فیدیە لێسەندراوە تاوەکو خەلیل ئازاد بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی رەفعەت وعومەر نادیارە.

چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پێشتر ٢ هاووڵاتی مەدەنییان بە ناوەکانی ئەحمەد عارف ئیبش و حەسەن عارف ئۆسۆ رفاندبوو و دوای ئەوە بنەماڵەکانیان بۆ هەر یەکێک لەو هاووڵاتییانە بڕی ٥٢٢ هەزار لیرەى سووریان وەک فیدیە بە چەتەکان دابوو، ئازاد کران.

ژ.ت