بەبۆنەی کۆچی دوایی نورە حەنا، کۆنگرەی ستار پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە

بەبۆنەی کۆچی دوایی کەسایەتی وڵاتپارێز، نورە مەلەکی، کۆنگرەی ستار پەیامێکی سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و هاوڕێیانی لە مەجلیسی یاسادانانی هەرێمی جەزیرە کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

«بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، دوێنێ سێشەممە ٢٣/٥/٢٠٢٣، هەواڵی مەرگی خاتوو نورە مەلەکی حەنا، ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی مەجلیسی یاسادانانی هەرێمی جەزیرەمان پێگەیشت.

خاتوو نورە مەلەکی حەنا خەڵکی شاری قامیشلۆیە، لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاواوە بەشداربووە لە کارکردن لە دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، سەرەتا بۆ کارکردن لە مەجلیسی شارۆچکەی قامیشلۆ هەڵبژێردرا، پاشان بوو بە ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی مەجلیسی یاسادانانی هەرێمی جەزیرە، هاوکات ئەندامی یەکێتی ژنانی سریانی بوو. خاتوو نورە ڕۆڵێکی مەزن و گرنگی گێڕاوە، بەشداربووە لە بەهێزکردن و بڵاوکردنەوەی ئایدیای نەتەوەی دیموکراتیک لەنێو توێژەکانی کۆمەڵگەدا.

ئێمە لە مەجلیسی کۆنگرەی ستار، گەرمترین سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکار و هاوڕێکانی لە مەجلیسی یاسادانانی هەرێمی جەزیرە دەکەین، داوا لە پەروەردگار دەکەین بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، ئومێدی ئارامگرتن و خۆڕاگری بۆ کەسوکاری دەخوازین».

مەجلیسی کۆنگرەی ستار

٢٤/٥/٢٠٢٣