چەتەکان لە زرگان خوێندنگەکان بە ئامانج دەگرن

چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە ناوچەی زرگان هێرش دەکەنە سەر خوێندنگەکان.

هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩وە دەستیان پێکردووە، تا ئێستاش بەردەوامن. چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەر لە ماوەی رابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی رزگان زیاد کردووە و بە تایبەتی هێرش دەکەنە سەر خوێندنگاکان. ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە، دەوڵەتی روسیاش کە لایەنی دڵنیاکەرەوەی ئاگربەستە، لە ئێستادا تەنها رۆڵی تەماشاکەر دەبینێت.

٥ خوێندنگەی ناوچەی زرگان کە بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی سەرێکانی، رۆژانە دەبنە ئامانجی هێرشی چەتەکان. ٢ خوێندنگەی ناوچەکە تا ئێستاش داخراون و ناتوانرێت خوێندنی تێیدا بکرێت. لە خوێندنەگاکانی تریش ژمارەیەکی کەم لە خوێندکار هەن کە تێیدا دەخوێنن. بە هۆی هێرشەکانی سەر زرگان ٦ هەزار و ٧٤١ خوێندکار بێبەش ماون لە پڕۆسەی خوێندن. لە ٨١ خوێندنگەی گوندەکانی زرگانیش تەنها لە ٤٠ خوێندنگە پڕۆسەی پەروەردەی تێیدا جێبەجێ دەکرێت.

بانگەوازیەک بۆ رای گشتی نێودەولەتی

نەسرین عەلی ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنگەکانی زرگان رایگەیاند، بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گرۆپە چەتەکانی، پڕۆسەی خوێندن لە هەڵومەرجێکی قورس و نالەباردا بەڕێوە دەچێت و وتی:" چەتەکان هەموو رۆژێک هێرش دەکەن، ئەمەش کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر باری دەروونی منداڵان دروست کردووە."

نەرسین عەلی هاوکات بانگەوازیەکی ئاڕاستەی رای گشتی نێودەوڵەتی کرد کە لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.

ز.ش