دانیشتوانی حەسەکە تەرمی شەهید جەسور خەباتیان بەخاک سپارد

شەڕڤانی قەسەدە جەسور خەبات لە ڕۆژئاوا لە هەنگاوی مرۆیی و ئارامی لە کامپی هۆل دا شەهیدبوو. تەرمی شەهید جەسور بە ڕێکخستنی مەراسیمێکی جەماوەری لە حەسەکە بەخاک سپێردرا.

شەڕڤانی قەسەدە ڕاغب سەمیر بەرخش (جەسور خەبات) لە ڕۆژی ٨ی ئەیلول لە کامپی هۆل لە شەڕ لە دژی چەتەکانی داعش شەهید بوو.

دانیشتوانی حەسەکە بە مەراسیمێکی شکۆدار تەرمی شەهید جەسور خەباتیان لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە گوندی داودیە بەخاک سپارد.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن و مەراسیمی سەربازیی قەسەدە دەستیپێکرد. پاشان شوجی هەسر ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی تل بەراک وتی: "شەهادەت بۆ ئێمە جێگای سەرفیرازی و شکۆیە. شەهید ڕاغب بۆ پاراستنی وڵات گیانی خۆی فیدا کرد".

خالید عیسا فەرماندی ئەنجومەنی سەربازیی هۆل باسی ئەوەیکرد، فیداکاریی شەهیدان بۆ پاککردنەوەی هەرێمەکەیە لە چەتەکانی داعش و دروستکردنی سوریایەکی دیموکراتیکە.

عیسا بەڵێنی درێژەدان بە هێڵی شەهیدان تا سەرکەوتن بۆ گەلانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دوپات کردەوە.

پاشان ناسنامەی ئەو شەهیدە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

دانیشتوانەکە تەرمەکانیان هەڵگرت و بە ناو هەلهەلەی دایکاندا و بە وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" بە خاکیان سپارد.

ژ.ت