دەوڵەتى تورک و چەتەکانی بەردەوامن لە دزین و تاڵانکردنی زەیتونەکانی عەفرین

ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، چەتەکان دەستیان بەسەر زەیتونەکانی عەفریندا گرتووە و ٢٨٠ هەزار دار زەیتونیان بڕیوەتەوە و زیاتر لە ٢٠ هەزار دار زەیتونی تریشیان سوتاندووە.

ئیبراهیم شێخۆ وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، چەتەکان لە ناوچەکان و گوندەکانی عەفرین دەستیان بەسەر دار زەیتونەکاندا گرتووە و ٢٨٠ هەزار دار زەیتونیان بڕیوەتەوە و زیاتر لە ٢٠ هەزار دار زەیتونی تریشیان سوتاندووە. هاوکات رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سوریا رایگەیاند، دوای ئەوەى عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە هەزاران عەمباری زەیتون تاڵانکران و زەیتی زەیتونەکانیشیان دزی.

هەندێک لە بازرگانەکانیش رایاگەیاند، دەوڵەتی تورک بەربوومی عەفرین رەوانەى بازاڕی سوریا ناکات، لەبەر ئەوەش بۆ دەستکەوتنی زەیتون تووشی ناڕەحەتی بوون و بەربومی زەیتونی عەفرین وەک "زەیتونی تورکیا" رەوانەى بازاڕەکانی دەرەوە دەکرێت.

کۆمپانیا تورکییەکان زەیتونەکانی عەفرین دەدزن

ئیبراهیم شێخۆ لە بەردەوامیی قسەکانیدا رایگەیاند، ساڵی ٢٠١٨ دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ٧٠ هەزار تۆن زەیتونی عەفرنیان گواستەوە بۆ تورکیا و لەو تورکیاوە فرۆشتیان بە وڵاتانی ئەوروپی.

 راشیگەیاند، رۆژنامەى پوبلیکۆی ئیسپانی لەو کاتەدا لە هەواڵێکیدا ئەوەى پشتڕاستکردەوە، کە تورکیا زەیتونەکانی عەفرین دەدزێت و وەک "زەیتون و بەروبوومی تورکی" لە بازاڕەکاندا دەیفرۆشێت.

شێخۆ ئەوەشی راگەیاند، کۆمپانیایەک بە ناوی "کەریم کوردی" لە عەفرین کار بۆ دەزگای سیخوڕیی تورک دەکات و لە رێگەى ئەو کۆمپانیاەوە زەیتونەکانی عەفرین رەوانەى تورکیا دەکرێت.

بەپێی ئامارەکان، لە عەفرین ١٨ ملیۆن داری زەیتون هەبوو، بەڵام دوای ئەوەى دەوڵەتی توورک عەفرینی داگیرکرد سەدان هەزار داری زەیتونیان بڕیەوە و سوتاند و ئەوەشی ماوەتەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

ژ.ت