ڕفاندنی هاووڵاتیان لە عەفرین بەردەوامە، ٣ کەسی تر ڕفێندران

ڕاگەیەنرا کە لە عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیرکراوە، ٣ کەس لە لایەن دەزگەی هەواڵگری دەولەتی داگیرکەری تورکەوە لە ناوچەی ماباتا و ڕاجۆی عەفرین ڕفێندراون.

کردەوە دژە مرۆییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی  وەک ڕفاندن، ئەشکەنجە، دەستدرێژی و تووندووتیژی، بڕینی دارە زەیتوونەکان و تالانکردنی شوێنە مێژووییەکان لە عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکاندا بەردەوامە.

بە پێی هەوالێکی ئاژانسی هەواڵی هاوار-ئانها کە زانیارییەکانی خۆی لە سەرچاوە هەرێمییەکان دەگرێت، دەزگەی هەواڵگری دەوڵەتی داگیرکەری تورک ٣ هاووڵاتی لە گوندەکانی ماباتا و ڕاجۆی عەفرین ڕفاندووە.

بە پێی زانیاری سەرچاوەکان ناوی ئەو کەسە ڕفێندراوەکان بەم شێوەیە: ئەسلام ئەحمەد ئەمین و ئەسلان بەحری ئەمین لە گوندی ئامارای سەربە ناوچەی ماباتا.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسانە لەکاتێکدا لە گوندەکانی خۆیان دەگەڕانەوە لەسەر رێگەی گوندی کۆکان لە باکووری ناوچەکە ڕفێندراون.

هەروەها ڕاگەیەنرا کە دوێنێ هاووڵاتییەک بەناوی حەمدی قەدرۆ محەمەد لە گوندی مۆساکا-ی سەربەناوچەی  ڕاجۆ ڕفێندراوە و چارەنووسی نادیارە.

ک-ش