فەرماندەیی یەپەژە: ئێمە لەگەڵ ژنانی ئێرانین

ڕۆهلات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە، سڵاوی لەو ژنانە کرد کە ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینییان لە ئێران کرد و وتی: ئێمە بە هەموو هێزێکەوە لەگەڵ ژنانی ئێرانین.

دژی کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لەلایەن 'پۆلیسی ئەخلاق'ی ئێرانەوە، خۆپیشاندانەکان بەردەوامن. لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران رۆژانە بە هەزاران کەس ناڕەزایەتی بەرامبەر بە رژێم دەردەبڕن.

رۆهلات عەفرین، ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەی رۆناهی دایەوە سەبارەت بە توندوتیژییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

سیستمی رژێمی ئێران و ئەو نادادپەروەرییەی کە بەرامبەر بە ژنان کراوە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

سیستمی ئێران بە تایبەتی دژی ژنانە، بەگوێرەی عەقڵی پیاوان دروست بووە. لە ئێران گوایە یاساگەلێک هەن کە بەناوی مافی پاراستنی ژنانەوە پێناسە کراون. بەڵام نکۆڵی لە زمان و کەلتوور و دەسەڵاتی ژنان دەکەن. مافی ژنان لە ئێراندا هەرگیز دانی پێدا نەنراوە. بۆیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ژن لە ئێران مافی هەیە، یان ژن پارێزراوە.

چونکە ژن لە سیستمی ئێراندا وەک ئیرادەی ئازاد قبوڵ ناکرێت. مرۆڤ دەتوانێت بەم شێوەیە پێناسەی سیستمی ئێران بکات؛ سەرەتا یاساکانی خامنەیی هەیە، دواتر وەزارەتەکەی. مرۆڤەکان لە نزمترین ئاستدان، ژنانیش وەک کۆیلە سەیر دەکرێن. ئەم ڕاستییە تەنیا هی ئەم سەردەمە نییە، لە مێژووەوە بەم شێوەیە بووە. لە سیستمی ئێراندا ژن وەک خاوەن ئیرادەی ئازاد سەیر ناکرێت و هیچ مافێکی نییە.

توندوتیژی دژی ژنان لە هەموو بوارەکانی ئێراندا ئەنجام دەدرێت. بۆچی سیستمی ئێران دژی ژنانە؟ مەبەستم ئەوەیە بۆچی سیاسەتی تایبەت بەرامبەر بە ژنان جێبەجێ دەکرێت؟

لە مێژووی ئێران پێش ساڵی ١٩٧٩، لە شۆڕشەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە راپەڕینەکانی خەڵک لە دژی دیکتاتۆری، ژنان رۆڵ و دەسەڵاتێکی زۆر گرنگیان هەبوو؛ لە راپەرینەکاندا بوون بە پێشەنگ و لە دژی دیکتاتۆری وەستانەوە. هه‌روه‌ها ژنان داکۆکیکاری زمان و کەلتور و مێژووی خۆیان بوون. بۆیە ژنێکی کورد کە شەڕ دەکات هەمیشە ترس لەلای کۆماری ئێران دروست دەکات. نەک هەر ئێران، لە هەر شوێنێک ژنێکی کورد سەرهەڵبدات بەرامبەر دوژمن، ترس دەخاتە دڵی زلهێزەکانی دەسەڵاتدارەوە. نەک تەنیا ژنانی کورد، ژنانی بەلووچ، ژنانی ئازەری و فارس، لە ڕووی زانستەوە پەرەیان بە خۆیانداوە. ئەوان لێکۆڵینەوەیان لە ڕاستی پیاوی دەسەڵاتدار کردووە، ڕاستی پەرلەمانی ئێرانیان کردووە و ئەم سیستەمە دەزانن. هەروەها هەڵوێستێکی زانستییان هەیە بەرامبەر ئەم سیستەمە. لە مێژوودا دەبینین کە ژنان هەمیشە لە پێشەنگی راپەرین و شۆڕشدان. بۆیە هەمیشە لە سیستمی ئێراندا ژنان ئەشکەنجە دەدرێن، چونکە ژنان ئەوانەن کە دەتوانن ئازادی بەدەست بهێنن و گەلان لە دەستی دیکتاتۆرەکان ڕزگار بکەن.

ئەمەش وادەکات ئێران و هەموو زلهێزەکانی دەسەڵاتدار لە ژنان بترسن، بەتایبەتی لە ژنانی کورد. هەر لەبەر ئەو هۆیەش رژێمی ئێران لە ژێر ناوی ئەخلاقدا گەورەترین بێ ئەخلاقی ئەنجام دەدات و لە هەموو لایەکەوە ژنان دەکاتە ئامانج. ئێران دەزانێ کە لە بەرامبەر کۆماری فاشیستی ئێراندا ژنان دەسەڵاتی پاراستنی سیاسەتێکی بەدیل و رزگارکردنی کۆمەڵگایان هەیە. هەر بۆیەش هەمیشە ژنان دەکرێنە ئامانج.

لەم پرۆسەیەدا خۆپیشاندا و ناڕەزایی گەل و ژنان لە دژی سیستەمی ئێران دروست بوو. لە بەرانبەر ئەم ناڕەزایەتیانەدا، سیستەمی ئێران ترسێکی گەورە لێنیشت و هێرشی کردە سەر چالاکوانان و بە تایبەتی هێرش و گوشارەکانی بۆ سەر ژنانی کورد زیاتر کرد. هۆکاری ئەم ترس و دڵەڕاوکێیەی ڕژیم چییە؟

حکومەتی ئێران سیاسەتی برسیکردن بەڕێوەدەبات بەمەبەستی کۆیلەکردنی گەل، بۆئەوەی گەل بچێتە لایان و سەریان دانەوێنێت. لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەدا، بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵە، خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان بە سەركردایەتی ژنان، ناڕەزایی خۆیان لە راپەڕینەكان نیشان دا. ئەم راپەرینە ترسێکی زۆر لە ناخی رژێمی ئێران دروست دەکات. بۆیە هێرشی کردە سەر گەل و دەیویست بە زووترین کات بێدەنگیان بکات. هەمیشە لە ئێراندا، لە هەر شوێنێک هاوارێک هەبێت، ڕژێم بە پەلاماردەران و هێزەکانی سیستمەکەی دەجووڵێنێت، بەم شێوەیە ئێران لە ژێر ناوی یاسای شەریعەتدا، لە ژێر ناوی شەرەفدا، سەدان ژنی کوشتووە. چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌توانێ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ له‌ كۆیلایه‌تیی ده‌سه‌ڵات رزگار بكات، ژنه‌، به‌تایبه‌تی ژنێكی كورده‌. هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان ببنە ئامانجی رژێم و هەموو دەسەڵاتدارەکان.

ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی کوژرانی ژینا ئەمینی ناڕەزایەتیان دەربڕی و لەچکەکانیان سووتاند و قژیان بڕی. ئێوە وەک هێزی رۆژئاوای کوردستان ئەم چالاکیانە لە چ ئاستێکدا دەبینن؟

ژینا ئەمینی نموونەی ئەو ژنانەیە کە لە لایەن ڕژێمەوە کوژراون. ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خاوەنداریکردن لە خوێنی ژینا ئەمینی، جارێکی دیکە رژانە نێو شەقامەکان و کوشتنی ژینا ئەمینی و رژێمی دیکتاتۆریان شەرمەزار کرد بە دەسەڵاتی ئیسلامیان گوت ئێدی بەسە. ئەم خاوەندارێتییە پاراستنی بناغەی شۆڕشە. ئه‌و چالاکیانەی كه‌ ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌نجامیاندا، ده‌توانین پێی بڵێین پریشكی شۆڕشێك به‌ سه‌ركردایه‌تی ژنان. خاوەنداریکردن لە خوێنی ژینا ئەمینی دەتوانێت ببێتە هۆی دەستپێکردنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. چونکە چوونە نێو شەقامەکان و سوتاندنی لەچکەکانیان، سووتاندنی مێشکی پیاوی دەسەڵاتدارە. مرۆڤ لەم جۆرە چالاکییانەدا یەکپارچەیی ڕۆحی ژن دەبینێت. ئەگەر ژنان بە یەک دەنگ و یەک ڕۆح چالاکی بکەن، بە دڵنیاییەوە لە بەدەستهێنانی ئازادیدا سەردەکەوێت.

وەک یەپەژە هەڵوێستتان لە بەرامبەر کردەوەکانی دەوڵەتی ئێران دژ بە ژنان چییە و بانگەوازیتان بۆ چالاکوانانی خەبات چییە؟

لە وەها دۆخێکدا بانگەوازی ئێمە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان و هەروەها بۆ هەموو ژنانی جیهان ئەوەیە کە خۆیان ڕێکبخەن و خۆیان بپارێزن. ئەمە زۆر گرنگ و پێویستە. هەرگیز نابێت دەستبەرداری بین. لە کاتێکدا کە ئازارەکانمان هاوبەش، هەنگاوەکانمان بۆ ئازادیش دەبێت پێکەوە بن. ئێمە وەک یەپەژە لە کەسایەتی ژنی کورد ژینا ئەمینیدا، بەڵێن بە ژنان دەدەین، بە هەموو هێزمانەوە لە پاڵ ژنانی چالاکوان دبین. ئێمە پێمان وایە شۆڕشێکی تر بە سەرۆکایەتی ژنانی کوردستان بەرپا دەبێت. ئێمە وەک هێزێکی ژنان بە بیرکردنەوەمان لەگەڵ هەموو ژنانی تێکۆشەرداین و سڵاویان لێدەکەین.

ف.ق