گەڕەکی تەی لە قامیشلۆ بە تەواوی لە میلیشیاکانی دیفاع وەتەنی پاککرایەوە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دوای چەند رۆژ شەڕ لە قامیشلۆ، میلیشیاکانی دیفاع وەتەنیی سەر بە رژێمی سوریایان بە تەواوی لە گەڕەکی تەی کردە دەرەوە.

میلیشیاکانی دیفاع وەتەنیی رژێمی سوریا شەوی ٢٠ی نیسانی ٢٠٢١ هێرشیان کردە سەر خاڵی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەى وەحدە لە قامیشلۆ و بەو هۆیەوە شەڕ دەستیپێکرد.

سەرباری هەوڵی زۆر و راگەیاندنی چەند ئاگربەستێک، بەڵام هێرشی میلیشیاکانی رژێمی سوریا هەر بەدەوامیی هەبوو.

لە دوایین هەوڵدا لە ٢٥ی نیسان لە ژێر چاودێڕیی رووسیا و قەسەدە دا ئاگربەست راگەیاندرا، بەڵام لەبەر ئەوەى میلیشیاکانی دیفاع وەتەنی سەرلەنوێ دەستیان بە هێرشەکانیان کرەوە، بە درێژایی شەو شەڕێکی قورس روویدا.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جگە لە خوێندنگەى عەباس عەلاوی، کە دیفاع وەتەنی کردبووی بە خاڵی ئەمنی، دەورووبەری عەمباری ئاویشیان لە گەڕەکی تەی بە تەواوەتی لە پاککردەوە. ئەو ناوچانە بوونە ناوچەی هێزەکانی ئاسایشی رژێمی سوریا.

دوای ئەوەش هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ گەیشتنە باشووری شارەکە و میلیشیاکانیان لە چەندین خاڵی ناوچەکە کردە دەرەوە.

لە دۆخی ئێستادا خاڵی پشکنینی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە گەڕەکەکانی زنودا لە باشووری قامیشلۆ و گەڕەکی تەی هەیە.

ژ.ت