گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەندێک تایبەتمەندیی خۆیانەوە

لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری ئەوەى کولتورێکی گەورە و دێرینی رۆشنبیری هەیە، بەڵام سیاسەتی تواندنەوە و پارچە پارچەکردن لەلایەن رژێمەوە بەڕێوەدەچێت.

نەتەوە و باوەڕەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەوڵەمەندیی گەورەیان هەیە، چونکە زۆرێک لە نەتەوەکان و باوەڕە جیاجیاکان پێکەوە دەژین، بۆیە یەکێک لەو ناوچانەیە، کە دەتوانرێت بە ئاسانی نەتەوەی دیموکراتیکی تیادا پیادە بکرێت. ئەگەر سیستمێکی دیموکراسی دروست ببێت، ئەوا گەلان بە زمانی دایکی و ئیرادەی خۆیان دەژین و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوە، ئێران ببێتە یەکێک لە بەهێزترین وڵاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بەڵام بونیاتی تۆتالیتاری رژێمی ئێران رێگا بەوە نادات و لە دژی ناسنامەى ئەتنیکی و لە دژی  گەلانی کورد، بەلوچ و عەرەب سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆن دادەسەپێنێت.

هاوکات توندویژیش لە دژی ژنان بەڕێوەدەبات و دەیەوێت ئیرادەی ژن تێکبشکێنێت. چەندین نەتەوە و باوەڕ لە ئێراندا ئەو دۆخە قبوڵ ناکەن و بەرەنگاری دەکەن. لە ئێران چەندین نەتەوەی وەک کورد، فارس، بەلوچ، ئازەر، گیلەک، مازەنی، تاڵش، ئەرمەن و جوو هەیە. زۆربەى ئەو نەتەوانە ماوەیەک و لە کاتی خۆیدا بەرەنگارییان کردووە و سیاسەتی گوشار و داسەپاندنیان قبوڵ نەکردووە. گەلانی گیلەک و مازەنی و تاڵش لە کاتی خۆیدا بەرەنگاری و بەرخودانی گەورەیان کردووە. ئەمڕۆش گەلانی کورد، بەلوچ و عەرەب داوای مافە  نەتەوەییەکانیان دەکەن و حیزب و رێکخراوی چالاکیان هەیە.

کورد لە هەموویان زیاتر رێکخستنکراوە

ئەو گەلەى، کە لە هەموان زیاتر بە رێکخستکراوی لە دژی ئەو سیستمە تێدەکۆشێت گەلی کوردە، بەڵام بە داخەوە گەلی کورد لە سەردەمێکدا، کە بەرەنگاری و بەرخودانی گەورەیان لە خۆی نیشان دەدا و شۆڕشگێڕی گەورەیان هەیە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێکی زۆریان بێدەنگ کراون و بەشێکیشیان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی سیاسەتی تواندنەوە و ئاسیمیلاسیۆنی دەوڵەت و تەنانەت بەشێکیشیان خۆیان بە فارس دەزانن.

تاڵشەکانیش وەک گەلی بەلوچ پارچەکراون. سیاسەتی تواندنەوە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر ئەو گەلە دروستکردووە، زۆربەیان بە فارسی قسە دەکەن. لە ئەفغانستان و پاکستان ژمارەیان زۆرە، بەلوچەکان لە نێوان ئەفغانستان و پاکستان و ئێراندا دەژین. عەرەبەکانیش بە زۆری لە ئەحواز دەژین، یانی زیاتر لەناوچەکانی باشووری رۆژئاوای ئێران و کەنارەکانی کەنداودان.

 لە ئێراندا گەلی ئازەریش هەیە. ئەوانیش لە کاتی خۆیدا بەرخودان و بەرەنگاریی گەورەیان کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە هەوڵێکی زۆردایە بۆ ئەوەى ئازەرییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت. لەبەر ئەوەى مەزهەبی زۆربەى ئازەرییەکان شیعەیە، دەوڵەتی ئێران ئازەرییەکان لە خۆی نزیک دەکاتەوە. تورکیا بۆ راکێشانی ئازەرییەکان هەستی نەتەوەیی بەکار دەهێنێت و دەیەوێت لەو رێگەیەوە رایانکێشت بۆ لای خۆی. رێکخستنی سیاسیی گەلی ئازەر لە ئێران لاوازە. یەکێکی تر لە گەلانی ئێران ئەرمەنییەکانن. ماوەیەکی زۆرە بۆ مافە نەتەوەییەکانیان جوڵە و بەرەنگارییان نییە.

رژێم سیاسەتی پارچەپارچەکردن بەڕێوەدەبات

ئێران لە رووی ئایین و باوەڕەکانەوە زۆر دەوڵەمەندە. لە ئێران باوەڕەکانی وەک، شیعە، سونە، زەردەشتی، مەسیحی، یارسان و بەهایی هەیە.

ناوچەى رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو هەر چوارپارچەکەى کوردستاندا لە رووی دەوڵەمەندیی سەرزەوی و ژێر زەوییەوە زۆر دەوڵەمەندە. لە رووی باوەڕی و کولتور و ئەدەبیاتی زارەکییەوە پارچەیەکی دەوڵەمەندە. گەل لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هەورامی، سۆرانی، لۆڕی، کەلهوڕی، کرمانجی و لەکی قسە دەکەن، بەڵام رژێمی ئێران ئەو دەوڵەمەندییە لە چوارچێوەی سیاسەتی پارچەپارچەکردنی کورددا بەکاردەهێنێت. لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا هەورامییەکان و لوڕەکان بە کورد نازانێت و دەیەوێت ئەوە بەسەر گەلاندا بسەپێنێت. لە کۆنەوە ئەو سیاسەتەی بەرامبەر بە لوڕەکان بەڕێوەبردووە و بۆ ئەوەش بەشێکیان خۆیان بەوە دەزانن، کە دەوڵەت بەسەریاندا سەپاندویەتی.

کوردان هەمیشە بەرەنگاری و بەرخوانیان کردووە

لە ئێران لە هەموان زیاتر کورد لە دژی رژێم بەرەنگاری و بەرخودانی کردووە. کورد لە ئێران و لە ناو گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە جەنگاوەری و شەڕڤانی دەناسرێن. بەرخودانی سمکۆی شکاک، بەرخودانی قازی محەمەد تاوەکو دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسلمو و دکتۆر سادق شەرەفکەندنی و تێکۆشانی پێشمەرگەکانی حدک و کۆمەڵە و کاک فوئاد مستەفا سوڵتانی و لەمدواییەشدا بەرخودانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) نمونە زەق و بەرچاوەکانی خەبات و بەرەنگاری و بەرخودانی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستانن. لە شارەکانی وەک کرماشان، سنە، مەریوان، سەقز، بۆکان و ورمێ بەرخودان و بەرەنگاریی گەورە هەبووە. ئەمڕۆ رژێمی ئێران ئەو شوێنانەى زۆر بە چڕی کردووەتە ئامانج. شاری کرماشان، کە بە شاری کەلهوڕ و یارسانیان دەناسرێت، گەورەترین شاری رۆژهەڵاتی کوردستانە. لە کرماشان سونە و شیعەش هەیە. لە ناو پارێزگاکەدا هێشتا کولتوری عەشیرەت بەردەوامیی هەیە.

یەکێک لە تایبەتمەندییە بەهێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە، کە لە بواری ئەدەب و وێژە، هونەر و وەرزشدا زۆر لە پێشە. یەکێک لەو ناوچە کوردییانە، کە وێژەی کوردیی تیادا بەهێزە، رۆژهەڵاتی کوردستانە. کورد لە مەهاباد و لوڕستان وەک عەشیرەت و لە شوێنی وەک هەورامانیش خۆیان وەک تایفە بە رێکخستن کردووە. لە لوڕستان کولتوری عەشیرەت باڵادەستە. لوڕەکان بە بەرخودانی و بەرەنگاریی خۆیان دەناسرێن. لە ناو ژنانی لوڕدا ئەسپ سواری و بەکارهێنانی چەک زۆر باو و بەناوبانگە. بۆ بژێویی ژیانیشیان زۆرتر ئاژەڵداری دەکەن.

ژ.ت