گەنجانی کۆبانێ: تا کۆتایی لەسەر خاکی خۆمان دەبین

گەنجانی کۆبانێ رایانگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی شەڕی تایبەتەوە، دەیەوێت گەنجان خاکەکەیان بەجێ بهێڵن و داوایان لە گەنجان کرد لە بەرانبەر شەڕی تایبەت بوەستنەوە.

دەوڵەتی تورک بە هەموو شێوەیەک شەڕ لەدژی گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا دەکات. بە شەڕی تایبەت دەیەوێت گەنجانی کورد دەست لە خاکەکەیان هەڵبگرن و ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا بکەن.

لەبارەی ئەم بابەتەوە، گەنجانی کۆبانێ قسەیان کرد و رایانگەیاند، گەنجان لەدژی دەوڵەتی تورک تاوەکو کۆتایی لەسەر خاکەکەیان دەمێننەوە و داوایان لە گەنجان کرد ، خاوەنداری لە خاکەکەیان بکەن و بگەڕینەوە بۆ وڵاتەکەیان.
 

گەنجێک بەناوی زین ئەحمەد رایگەیاند کە دەوڵەتی تورک لە رێگەی شەڕی تایبەتەوە دەیەوێت گەنجان لە خاکەکەیان دوور بکاتەوە و وتی، " دەوڵەتی تورک دەیەوێت خاکەکەمان لە مرۆڤ چۆڵ بکات و هێرش بکات. لێرەوە داوای لە هەموو کەسێک دەکەم، دەست لە خاکەکەیان هەڵنەگرن و بگەڕێنەوە.

زین ئەحمەد وتیشی، " جگە لە وڵاتمان، وڵاتێکی دیکە شوێنی ئێمە نییە. ئەوانەی ئەم خاکەیان بەجێهێشتووە، ناتوانن لە وڵاتانی دیکە بژین. ئێمە وەک گەنجان دەست لە خاکەکەمان هەڵناگرین."

رووکەن تەمۆ ئیبراهیمیش دەڵێت، " کوردستان بە دەستی وڵاتانی ئەوروپا پارچە کراوە. بۆچی گەنجانمان ڕوو لە ئەوروپا دکەن؟ گەنجانمان لێرە کە خاوەنی کارنامەی سەرکەوتوون، کار دەکەن. من داوای دەکەن، کەس وڵاتەکەی بەجێنەهێڵێت و بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان."
ف.ق