هێرشی داگیرکەران بۆ سەر عەین عیسا تێکشکێنرا

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر گوندێکی شاری عەین عیسا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لەو هێرشەدا گورز لە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سەربازیی داگیرکەران درا.

بەپێی زانیارییەکان، بەرە بەیانی رۆژی پێنجەشەممە و لە کاتژمێر ٠٢:٣٠ دا دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشی کردە سەر گوندی سەیدا لە عەین عیسا.

شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک (قەسەدە) وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و شەڕێکی توند دەستیپێکرد.

لە شەڕەکەدا گورز لە ئۆتۆمبێلێکی زرێپۆشی سەربازیی داگیرکەران درا و هێرشە داگیرکەرییەکەش تێکشکێنرا.

داگیرکەران، کە ناچار بوون بکشێنەوە بە هاوەن هێرشیان کردە سەر ناوەندی عەین عیسا و ڕێگای ئێم ٤.

هەروەها داگیرکەران لە دوای ئەو شکستەیان لە بەرەبەیاندا ناوچەى شەهبایان تۆپبارانکرد. هێرشەکە بۆ سەر گوندی زوان و بەنداوی شەهبا بوو. هێرشەکە تاوەکو کاتژمێر ٠٧:٠٠ی بەیانی بە کاتی ناوچەکە بەردەوام بوو.

ژ.ت