قەرەیلان هۆشداریدا: بە شەڕی ناوخۆیی هەموو شتێک لەدەست دەدەین -١-

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بانگەوازیەکی ئاڕاستەی گەلی کورد کرد و وتی:"ئێمەی کورد دەتوانین کێشەکانی خۆمان لەناو خۆدا چارەسەر بکەین. ئەگەر لە ناو خۆدا شەڕێک دروست ببێت ئەوا هەموو شتێک لەدەست دەدەین."

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ستێرک تیڤی وڵامی چەند پرسیارێکی گرنگی دایەوە. دەقی چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەیە:

یەکێک لە فەرماندەکانی هەپەگە بە ناوی عەگید جڤیان لە بۆتان شەهید بوو. ئێوە لەسەر ژیانی ئەو شەهیدە لێدوانێکی بەرفراوانتان بڵاو کردەوە. ئێوە دەتوانن لە بارەی ژیان و شەهیدبوونی ئەو چی بڵێن؟

سەرەتا بە رێزەوە یادی فەرماندە هێژاکەمان، هەڤاڵ عەگید جڤیان دەکەمەوە. لەم مانگەدا ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ بێریتانیشە. لە کەسایەتی فەرماندە هێژاکەمان عەگید جڤیان و کەسایەتی هەڤاڵ بێریتاندا یادی گشت شەهیدانی شۆڕش دەکەمەوە و ئەو بەڵێنانەی داومانە، دووپاتی دەکەینەوە. مێژووی شۆڕشی ئێمە لێوان لێوە لە شەهید. شەهیدبوونی هەڤاڵ عەگید جڤیان، هەڤاڵ جانفەدا و هەڤاڵ هەبوون پۆلێکە لە گرنگترین شەهیدەکان. شێوازی شەهیدبوونیان کە بە شێوەیەکی فیداییانە هێرشیان کردە سەر ناوەندی کۆردیناسیۆنی دوژمن و گورزێکی قوڕسیان لە دوژمندا و دواجاریش شەهید بوون. هەڤاڵ عەگید و ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵیدابوون، بە شەهیدبوونیان پەیامێکیان دابە ئێمە. لە بارەی بەدواداچوونی هێڵی عەگیدەکان، زیلان و بێریتانەکاندا دەبێت چۆن بێت، ئەگەر پێویست بێت فیداییەکانی ئاپۆیی دەبێت چۆن بجوڵێنەوە، بە رێگای دوایین چالاکیەکانیان، جارێکی تر ئەوەیان بۆ خستینەروو.ئەمە وەکو رێنوێیە. لە جیاتی ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ دوژمن شەڕ بکەن، ناوەندی کۆردیناسیۆنەکەیان دیاری کرد و هێرشیان کردە سەریان. ئەمەش شیوازێکی گرنگی شەهیدبوونە.

هەڤاڵ عەگید لە رووی ئایدۆلۆجی و رێکخستنی و سەربازیەوە، هەڤاڵێکی پێگەیشتوو بوو، خاوەن بنەما بوو، خۆی باش پەروەردە کردبوو. چەندین ساڵ لە سەخترین ناوچەکانی وەکو زاگرۆس و بۆتان تێکۆشانی کرد. لە رووی پراکتیکیەوە، گرنگترین هێڵی ئەو، شەنگال بوو. لە کاتی فەرمانی شەنگالدا بۆ ئەوەی خۆی بگەیێنێتە شەنگال، لەگەڵ ١٢ هەڤاڵ کە پێشووتر چووبوون، دەستوەردانێکی مێژوویان کرد. لە ماوەیەکی کورتدا شاخی شەنگالی کۆنترۆڵ کرد. لە لایەکەوە لە شاخەکان هێرشەکانی داعشی تێکدەشکاند، لە لایەکی ترەوە هەوڵیدا گەلی ئێزیدمان رزگار بکات. بۆ ئەوەی رێگایەک بۆ رۆژئاوا بکاتەوە، هەوڵێکی زۆریدا. هەموو ئەمانەی بە شێوەیەکی ئاقلانە، تاکتیک و زانستیانە و بە ئارامگرتن، بەڕێوە برد. ئەوەی دەوڵەتە گەورەکان نەیانتوانی بیکەن، لە ماوەی ٨ رۆژدا ١٥٠ هەزار هاوڵاتی ئێزدی گەیاندە رۆژئاوا. هەڤاڵێکی هێژا بوو.

فەرماندارێک بوو، بە زانست و بە پلان دەجوڵایەوە. خەباتەکانی ئەو لە کاتی فەرماندەیی لە بۆتانیش بە پلان و عاقلانە بوون. هێندەی لایەنی ئایدۆلۆجیا، لە رووی وڵاتپارێزیشدا بەهێز بوو. هەڵوێستێکی سیاسی هەبوو. من دەتوانم ئەوە بلێم ئەگەر لەبەر عاقلیی هەڤال عەگید نەبوایە، ئەو چەند جارەی لە گەڵ پێشمەرگە ئاڵۆزی دروست بوو، لەوانەیە شەڕیش دروست ببوایە. بەڵام عاقلی و ئارامگرتن و فیکرە نەتەوەییەکانی ئەو، چارەسەری کرد، لە ناو هەمووهەڵەمەرجێکدا چارەسەری دەدۆزیەوە. ئەمانە هەموویان تایبەتمەندیەکانی فەرماندەیەکی باشن، هەڤاڵ عەگیدیش بەو شێوەیە بوو. خەڵکی گەڤەر بوو. بێگومان گەڤەر بە کوردەپەروەری و وڵاتپارێزی دەناسرێتەوە. پێشتریش لە وێوە چەندین هەڤاڵی قارەمان دروست بوون. هەڤاڵ بەرچەم، هەڤاڵ وڵات هەرنکی، هەڤاڵ رزگار گەڤەر و هەڤاڵ تێکۆشەر گەڤەر و چەندین هەڤاڵی تری قارەمان لەو ناوچەیە دروست بوون. بەم بۆنەیە سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادەی هەڤاڵ عەگید، گەلی گەڤەر و بە گشتی گەلی کوردستان دەکەم. ئێمە بزوتنەوەیەکی وەهاین کە دەتوانین وابەستەی شەهیدەکانمان بین. هەمیشە لەسەر ڕێچکەی ئەوان دەبین. لە ژێر رۆشنایی رێنوێنیەکانی رێبەر ئاپۆ و لەسەر رێچکەی شەهیدان تا دواهەناسەمان دەمێنینەوە. تۆڵەی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و هیواکانیان بەدی دێنین. ئەم بەڵێنە دیسان دووپات دەکەینەوە. ئێمە دەڵێین شەهیدەکانمان نەمرن.

دەمەوێت باس لە گۆشەگری سەر رێبەر ئاپۆ بکەم. گۆشەگیری سنووری کوردستانی تێپەڕاندووە و لە ناوچەکە بووە بە پرسێک. گۆشەگری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بووە بە بابەتی گۆتوبێژ لە پەرلەمانی ئەوروپاش و لەگەڵ ئەوەی تورکیا لەم رووە ناڕازییە، بەڵام ئەم مژارە لە راپۆرتەکانیشدا باس دەکرێت. لەم بارەیەوە ئێوە چیدەڵێن؟

وەک دەزانرێت رێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٢ ساڵە لە بەندیخانەی ئیمرالی دەستبەسەرە. بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نا ئەخلاقانە و دوور لە هەموو سیستمێک، بە دیل گیراوە. تەنها کەسێک دەتوانێت لە بەرامبەر ئەو ئەشکەنجە دەروونیە خۆی بپارێزێت و لە خۆڕاگریدا بێت، رێبەر ئاپۆیە. ئەمە شتێکی هێندە ئاسان نیە، زوڵمیکی گەورەیە، نایەکسانیەکی گەورەیە. ئەمە تەنها دەوڵەتی تورک نیە کە دەیکات، سیستمی ئیمرالی، سیاستمێکی نێودەوڵەتیە. رێبەر ئاپۆ بەندکراوێک نیە کە تورکیا ئەوی دەستگیر کردبێت. هێزە نێودەوڵەتیەکانی ئەویان گرت و رادەستی تورکیایان کرد. بە رێکەوتن لە ئیمرالی ئەو بەندیخانەیە دروست کراوە. بەرپرسیاری کۆنسەی ئەوروپاش لەم سیستمەدا هەیە. CPT رێکخراوێکی کۆنسەی ئەوروپایە. چەند جار سەردانی کرد، بەڵام بابەتەکەیان نەکرد بە رۆژەڤ. لەوانەیە لەگەڵ تورکیا هەندێک شتیان گۆتوبێژ کردبێت. پێشووتر رێبەر ئاپۆ تەنها بوو، دواتر چەند هەڤاڵێکیشیان گواستەوە بۆ ئیمرالی. لەگەڵ ئەوەی پەرلمانی کۆنسەی ئەوروپا بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام تا ئێستا شتێکیان نەکردووە و نەوتووە. دوایین جار CPT گۆشەگیریی پشتڕاست کردەوە و بە فەرمیش رایگەیاند.

پەرلەمانی کۆنسەی ئەوروپاش لە راپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە، گۆشەگیری واتە ئەشکەنجە و پێشەلکردنی مافی مرۆڤ. ئەوان تا ئێستا بەرپرسیارێتی خۆیان جێبجی نەکردووە، کارێکی درەنگکەوتوو بوو، بەڵام دیسان باش بوو. چونکە دۆزی ئازادیی رێبەر ئاپۆ سنووری کوردستان و تورکیای تێپەڕاندووە. بووە بە دۆزێکی نێودەوڵەتی، لە هەموو شوێنێک، لە ئەوروپا، ئەمریکای لاتین و هەموو جێگایەک بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ کەمپین رادەگەیێنرێت. وەکو ماندێلا دەبێت بە رۆژەڤ. کۆنسەی ئاوروپاش ئەوەی بینی کە ئەگەر دوابکەون باش نابێت، بۆیە ئەم بابەتەیان لە راپۆرتەکەیاندا جێکردووە. دۆزی رێبەر ئاپۆ ئیدی بووە بە دۆزێکی جیهانی. چونکە بەندکراوێکی جیهانیە. هیزە نێودەوڵەتیەکان ئەویان دەستگیر کردووە و رادەستی تورکیایان کرد. تورکیا تەنها پاسەوانی دەکات.  بەڵام تورکیا ئەمە بە نایاسایی و نائەخلاقی بەڕێوە دەبات.

 ئەوەی پێویستە، ئازادی رێبەر ئاپۆیە. دەبێت لەم رووەوە تێکۆشان بەرفراوان بکرێت. ئەمەش ئاشکرای دەکات ئەگەر تێکۆشان بەرفاروان بکرێت، ئەوا دەگات بە ئەنجام. نمونەکەشی راپۆرتەکەی پەرلەمانی کۆنسەی ئەوروپایە. گۆشەگرییەکەی سەر رێبەر ئاپۆ پەیوەندی بە کوردستان و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت جیهانەوە هەیە. ئەوەی لەوێ گۆشەگیر کراوە، تەنها کەسێک نیە، گۆشەگیریکردنی دیمۆکراسی و ئازادیە. بۆ ئەمەش دەبێت تێکۆشانێکی بەرفراوان بکرێت.

وەک باسی لێوە دەکرێت، پارتی دیمۆکراتی کۆردستان-پەدەکە لە هەرێمەکانی حەفتانین، مەتینا و بەهدینان دەستی بە جوڵەی سەربازی کردووە. ئاشکرایە بە دوای ئاژاوەگێڕیدا دەگەڕێت. دەیەوێت هەندێک شوێن کۆنترۆل بکات. ئێوە ئەم ئامانجەی پەدەکە بە چیەوە دەبەستنەوە؟

لەم سەردەمە مێژوویەدا، دەبێت ئێمەی کورد پرسە ناوخۆییەکان لە ناو خۆماندا چارەسەر بکەین. ئەگەر خۆمان چارەسەری نەکەین، گەلی کورد دەبێت بە قوربانیی یاری نەیاران. بۆیە ئەم بابەتە گرنگە. لەم سەدەیەدا، ئەو هێزانەی کە گەورەترین ناکۆکیشیان هەیە، دەیانەوێت کێشەکانیان بە رێگای دیالۆگ چارەسەر بکەن. ئەگەر ئێمەی کوردیش هێندە لێهاتوو نەبین، نەیارەکانمان پێمان دەڵێن ئەوان نەتەوە نین، بەڵکو پێمان دەڵێن ئەوان عەشیرەتن و بۆ دراو لەگەڵ خەڵکی خۆیان شەڕ دەکەن. ئەگەر لە ئێستادا پیشانی جیهان نەدەین کە ئێمە خۆمان دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین، ئەوا قسەی دوژمن و نەیاران بەدی دێت. ئێستا ئاسانە، قەیرانێک لە ئارادایە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ رێگری لێنەکات ئەوا مەترسیدارتر دەبێت.

داگیرکەری تورکیا ماوەی شەش ساڵە سیستمێکی نوێ پەیرەو دەکات، بە هۆشمەندیەکی نوێ دەجوڵێتەوە. لە تورکیا ئاکەپە دەسەڵات نیە، بەڵکو مەهەپە دەسەڵاتە و فیکر و رامانەکانی مەهەپە لەوێ سەردەستە و تورکیزم بە بنەما وەردەگرێت. دەیانەوێ لە دەرەوەی تورکەکان، کەسێک نەمێنێت. خاوەنی فیکرێکی وەها شۆڤێنیست و رەگەزپەرەست و توندن. دەیەوێت خۆی بەم شێوەیە بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت. لە دژی ئەمە دەبێت هەموومان هۆشیار بین. ئێستا هەموو کەسێک دەزانێت کە پەیمانی جەزائیر کە لە نێوان عێراق و ئێراندا ئیمزا کرا، پلانگێڕیەک بوو لە دژی کورد و شکستەکەی ٧٥ی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەمە هەموو کەسێک باش دەزانێت وایە؟ بەڵام لایەنی سێهەمیش هەیە، ئەویش تورکیایە. نەجیب تۆرون تایین سەرۆک ئەرکانی ئەو کاتەی تورکیا لە بیرەوەریەکانیدا دەڵێت، "ئێمە چووین"-باسی ساڵی ١٩٧٤ دەکات. دەڵێت:"ئێمە چوون بۆ عێراق و پێمان وتن:"ئێمە قبوڵ ناکەین لێرە ئۆتۆنومی بدرێت بە کورد. هەمان شتمان بە ئێرانیش وت، پرسەکە چارەسەر بوو و چوو، تێکچوو."

ئەمە، واتە ئەوان کردیان. نمونەی زۆر هەن، پێویست ناکات زۆر لەسەری بڕۆین. نزیکترین نمونەش، رێبەرایەتیمان لە ئەنجامی پلانگێگریەکی نێودەوڵەتی دەستگیر کرا، دوای ٥ ساڵ شەڕمان وەستاند. دەوڵەتی تورکیش پەیوەندیەکانی خۆی لەگەل باشور وەستاند و باشوری کرد بە هێڵی سوور. ئەو هێڵەی کەی هەڵگرت؟ ئەو کاتەی لە زاپ شکستی هێنا لە ساڵی ٢٠٠٨ ئەو کاتە خەڵکی باشوریشمان رەنجێکی زۆری دا. گەلی ئامێدی و دەوروبەریشی بە هەمان شێوە. لە بەردەم تانکەکان وەستان و رۆڵی خۆیان بینی. لەو رۆژەوە تورکیا هێڵی سووری هەڵگرت. لە کاتی ریفراندومیشدا بارودۆخ و هەڵوێستیان دیار بوو. چوون لەگەڵ عێراق قسەیان کرد و هەموو هەوڵێکی خۆیاندا بۆ ئەوەی کورد هەنگاو بەرەو پێشەوە نەنێت.

ئێستا پێویست ناکات بەردەوام دووبارەی بکەینەوە، بەڵام راستیەک هەیە و من لەو بڕوایەدام کە هەموو کەسێک ئەم راستیە دەزانێت کە ئەگەر ئێمە نەبین، پەکەکە نەبێت، هێزی چەکداری پەکەکە نەبێت، تورکەکان روو لە هەولێر دەکەن. رێگە بە یەک دەستکەوتی کوردیش نادەن. ئێستا پەکەکە هەموو ناوچەکان دەپارێزێت، دەبێت سەرەتا باسی پەکەکە بکەن، بەڵام لە هەموو تۆمار و قسە و بەرنامەکانیاندا دەڵێن، کورد بوونی نیە. دوایین نمونەش شانۆیەک کە بە هەموو زمانەکان پێشکەش کرا، هەندێک کەس ویستیان لە ئەستەنبوڵیش بە زمانی کورد پێشکەشی بکەن ، بەڵام رێگە نەدرا، نەیانهێشت. پێیان زانی کە لە یەکێک لە پەرتوکەکانی پۆلی هەشتەمدا باسی کورد دەکرێت، راستەوخۆ ئەو پەرتوکەیان لابرد. نایانەوێت هیچ شتێک بە ناوی کوردەوە هەبێت. دەیانەوێت کورد قڕبکەنەوە، کێشەکە پەکەکە نیە، دەیانەوێت رەگی کورد لە بنەوە دەربهێنن. ئەمە ئەو هۆشمەندیەیە کە لە تورکیا سەردەستە.

بۆیە دەمانەوێت جارێکی تر تیشک بخەمە سەر ئەوەی، پەیوەندیەکانی پەدەکە لەگەڵ تورکیا، هاوکاریە هەواڵگری و هتد...، خزمەت بە گەلی کورد ناکەت. تەنانەت لە خزمەتی خودی پەدەکەشدا نیە. ئێستا وەها دەردەکەوێت کە گوایان لە خزمەتی ئەودایە. بەڵام ئەم پەیوەندیانە رۆژ لە دوای رۆژ مەترسیەکی گەورەتر لەسەر کورد بە گشتی دروست دەکات. بارودۆخەکە هەم هەستیارە، هەم مرۆڤ ناتوانێت واتەیەکی پێببەخشێت. ئایا نابێت دەستکەوتێکمان بدەنێ؟ خۆ نابێت پشت و پێشیشمان لێ بگرن. ئێستا تورکیا بە ئێمەش دەڵێت، وەرن لە تورکیا شەڕی چەکداری بوەستێنن، ئەگەر پارچەکانی تر شەڕیش بکەن، ئێمە هەڕەشەتان لێناکەین. باشە، ئێمەش ئەمە قبوڵ بکەین؟ ئەمە دەبێت؟ نەخێر. واتە پێویستە هەموو کەسێک لە چوارچێوەی پێویستیە نەتەوایەتیەکاندا بیر بکاتەوە. لە لایەکی ترەوە باسی شتێکی تر دەکرێت کە بیستوومانە هەندێ لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن، پەکەکە خۆی وەک جێگریەوە دەبینێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. نەخێر شتێکی لەم شێوەیە نیە. ئێمە تێنەگەیشتن کە ئەمەیان لەکوێ هێنا. ئەم بابەتە هیچ راستیەکی تێدا نیە. چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێک باسی کرد و وتی:"پەکەکە دەیەوێت هەوڵێر بەدەست بهێێت". حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای تێکۆشانی دەیان ساڵ بونیاد نراوە، بە سەدان هەزار شەهید دراوە ئێمە بۆچی دەبێت خۆمان بە جێگرەوە ببینین؟ ئەمە راست نیە و ئەو قسانە هیچ بنەمایەکیان نیە. ئیرادەی گەلە هەیە. لە لایەکی تریەوە شتێک روودەدات، دەڵێن پەکەکەیە. لە بەڕێوەبەری ئاسایش سەرزێریاندا، وتیان پەکەکە بووە. ئاسایشی هەرێم بە پشتڕاستکراوی قسەی کرد. ئێمەش شۆک بووین. من سەرەتا ئەوە دەڵێم، ئێمە هیچ بڕیارێکمان نیە کە لە باشور لە دژی حزب و تەنانەت بەرپرسانی حکومەتی هەرێم چالاکی ئەنجام بدەین. هیچ بڕیارێکی بەم شێوەیە لای ئێمە بوونی نیە. من ئەمە بە فەرمی رایدەگەیێنم کە شتێکی بەم شێوەیە بوونی نیە. وتمان ئایا یەکەیەکمان سەربەخۆ ئەمەی کردبێت، بەڵام پرسیارمان کرد، لێکۆڵینەوەمان کرد، شتێکی لەم شێوەیە رووینەداوە.

هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا هەیە یان نە؟

من نازانم، ئەگەر هەبێت با بڵاوی بکەنەوە، هیچ بەڵگەیەکیان نیە. بێگومان نیە. ئەگەر هەیە با بماندەنێ، با لە راگەیاندنەکاندا بڵاوی بکەنەوە، ئەو کاتە ئێمەش دەلێین تەواوە. شتێکی وەها نیە. دوژمن دەیەوێت بەشەڕمان بهێنێت. ئەمە ئاژاوەگێریە. ئێمە نازانین کێ کردوویەتی، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ستراتیجی دوژمن ئەوەیە کە، کورد لە ناو خۆدا بەشەڕ بهێنێت، بۆ ئەوەی بڵێن سەیرکەن ئەمانە عەشیرەتن، ئەمانە نابن بە نەتەوە. تا ئێستا هیچ کەسێک لە شەڕی ناوخۆدا سەرکەوتوو نەبووە. کوردیش سەرکەوتوو نەبووە، ئەمە روون و ئاشکرایە. پێشتر ساڵانی رابردوو، ساڵەکانی ١٩٩٠ هەندێک لە رێکخستنەکان سوودیان لە شەڕی ناوخۆ دەبینی، ئەو کاتە لەوانەیە دەرفەتی سوودوەرگرتن هەبووبێت، بەڵام ئێستا دەرفەتێکی وەهاش نیە. بۆچی ئێستا ئەو دەرفەتە نیە؟ ئێستا ئێمە لە سەدەی ٢١داین، ئێستا ناوچەکە سەرلەنوێ گوتوبێژی لەسەر دەکریت. کورد لە کوێ جێدەگرێت. بۆ داهاتوو چارەنووسی کورد یەکلایی دەبێتەوە. ئەگەر ئێستا کورد لە ناوخۆدا بەشەڕبیت، ئەوا ستراتیجی کورد لەناو دەچێت. ئەمە زۆر گرتنە بزانریت.

ئێمە بەم شێویە بیری لێدەکەینەوە، بۆیە ئەمڕۆ هێندە قوربانی دەدەین. ئەوە تێک بچێت، هەموو رەنجمان بە هەدەر دەچێت، رەنجی گەلەکەمان، رەنجی باشور، باکور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە هەدەر دەچیت. بۆیە ئێمە ئەم پرسە بە بچوکی تەماشا ناکەین. ئێستا بیستوومانە هێز رەوانە ناوچەکە کراوە. وەکو ئەوەی خۆیان بۆ شەڕ ئامادە بکەن. ئەگەر چاودێریەکانمان، زانیاریە جدیەکانمان نەبوایا، من کەسێکی خۆشبینم بەم شێوەیە باس نەدەکرد، بەڵام ئێمە دەبینین ئامادەکاریەک کراوە. ئامانجی ئەو ئامادەکاریانە چیە من نازانم. بۆ نمونە لە هەر شوێنێک کە خاڵێکی ئیمەی لێیە ، نزیک لەوێ دەیانەوێت هێز جێگیر بکەن. ئامانج لەمە چیە. بەر لە دوو سێ رۆژ لە ناوچەی زێباری شتێک روویدا، زۆری نەمابوو رووداوی نەخوازراو رووبدات. ئیمە بیستمان و راستەخۆ دەستوەردانمان کرد، بۆ ئەوەی شتیک روو نەدات. هاتوون، شوێنێک دروست دەکەن. لەسەر رێگایە، ئەوێ هاتووچۆی لەسەرە. لە شوێنێکی تر دروستی بکەن، ئایا شوێنیان دەست ناکەوێت.

هەندێک شت هەن دەبێت هەموو کەسێک بزانێت کە ئەمانە هەموویان کاری تێکدەرانەن. بیستوومە دەیانەوێت هەندێک شوێن کۆنترۆل بکەن. دوور نیە کە شەڕ دروست ببێت. من نامەوێت فەرمان بە فیداییەکان بکەم بۆ ئەوەی کورد بە ئامانج بگرن. نە من دەمەوێت نە بزوتنەوەکەمان. دەمانەوێت بەرامبەرەکەشمان لەمە تێبگات، تکایە. ئێمە لە دژی دوژمن شەڕ دەکەین. هەموو رۆژێک. ئێمە لە شەڕ ناترسین، بەڵام شەڕی ناوخۆ نە. ئێستا من نازانم بەرپرسانی پەدەکە ئاگایان لەمانە هەیە یان نا. بە تایبەتی دەمەوێت بانگەوازی ئاڕاستەی کاک مەسعود بکەم ئاگاداری ئەم کردەوانە هەیە یان نە؟

من نازانم چونکە تا ئێستا قسەی نەکرتووە. روانگەی ئەو چیە، ئەوا من نازانم. دەمانەوێت لە فیکر و روانگەی کاک مەسعودیش تێبگەین. بۆچی ئەم شتانە روودەدەن؟ دەیانەوێت دەوروبەری هەڤاڵان، رێگای هەڤاڵان بگرن، بەم ئامادەکاری و بەو هێزە گەورەیەوە، ئەوە چی واتایەکی هەیە؟ لەم رووەوە ئێمە هیوادارین هەنگاو بنێت. ئێمە ئامادەین بۆ کێشە ناوخۆییەکان، هەر چیەک بێت با ببێت، بە دیالۆگ چارەسەری بکەین. ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، بەڵام لەگەڵ هێزێکی سەربازی کە دەورمان لێبگرن و شوێنمان لێ تەسک بکەنەوە، چی واتایەکی دەبیت؟

ز.ش