لە ٤٥مین رۆژی چالاکی سێمالکادا ناڕەزایی لەبەرانبەر پەدەکە پیشاندرا

یەکێتی جۆتیاران و بەرهەمی ئاژەڵانی کانتۆنی حەسەکە سەردانی چالاکیەکەی سێمالکا کرد کە ٤٥ رۆژە بەردەوامە و ناڕەزاییان لە بەرانبەر پەدەکە دەربڕی و داوای رادەستکردنەوەی تەرمی شەهیدانیان کرد.

چالاکیەکەی سێمالکا بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی گەریلاکان تۆڵهەڵدان ڕامان و سەردەم جوودی کە لە خەلیفان لە کەمینێکی پەدەکەدا شەهید بوون، ٤٥ رۆژە بەردەوامە.

ئەندامانی یەکێتی جۆتیاران و بەرهەمی ئاژەڵانی کانتۆنی حەسەکە سەردانی چالاکیەکەی سێمالکا کرد و بە وتنەوەی دروشم بۆ پشتگیری لە بەرخۆدانی گەریلا و شەرمەزارکردنی پەدەکە بەرەو دەروازەی پیشخابوور بەڕێکەوتن.

چالاکوانان لە بەردەم دەروازەی پیشخابوور کۆبونەوە و یادی شەهیدانیان کردەوە کە لەلایەن پەدەکەوە شەهیدکراون. لە سەر ناوی یەکێتی جۆتیاران و بەرهەمی ئاژەڵانی کانتۆنی حەسەکە محەمەد حەمید راگەیەنراوێکی خوێندەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتبوو، " کۆبونەوەی ئێمە بۆ پشتگیری و دڵسۆزی هێڵی شەهیدانە. هەروەها بۆ ئەوەی کە تەرمی گەریلا شەهیدەکان کە بە دەستی خائینەکان شەهید کراون، رادەست بکرێتەوە. ئێمە داوا لە رای گشتی، رێکخراوەکانی مرۆیی و خاچی سوری نێودەوڵەتی و دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە دەستوەردان لەم کارە نامرۆڤانەیە بکەن.

چالاکیەکە لە ٤٥ رۆژدا بەردەوامە. باشە کاتی ئەوە نەهاتووە کە هاواری دایکان ببینن؟ کوا مرۆڤایەتی. باشە ئەمە مافی ئێمە نییە. هەڵوێستی ئێمە بۆ شکاندنی بیدەنگی و بەرزکردنەوەی دەنگی ویژدانی مرۆڤایەتیە.

چالاکیەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەرمەکان وەردەگیرێتەوە و بە مەراسیمێکی جەماوەری بەخاکدەسپێردرێن. لەبەرئەوەی شەهیدان رێگەی ئازادی و رزگاری گەلەکەمانن لە زوڵم و کۆیلایەتی."

ف.ق