لە باغۆزی ئازاد دا زامەکانیان ساڕێژ دەکەن و ژیانی نوێ دەئافرێنن

شەمس حەمود و تاهیر هاشم ئەتاویی کوڕی لە ناوچەى باغۆز لە دێرەزۆر لە قوربانیانی دەستی داعش بوون. ئێستا لەسەر خاکی خۆیاندا، کە لەلایەن قەسەدەوە رزگار کراوە، ژیانێکی نوێ دەئافرێنن.

شەمس حەمود و تاهیر هاشم ئەتاویی کوڕی لە ناوچەى باغۆز لە دێرەزۆر لە قوربانیانی زوڵمی دەستی داعش بوون.

شەمس حەمود تەمەنی ٥٦ ساڵە و دایکی ٦ منداڵە. تاهیر هاشم ئەتاویی کوڕی خاوەن پێداویستیی تایبەتە و ناتوانێت بە ڕێدا بڕوات. بۆ ئەوەى بژێویی ژیانی خۆیان دابین بکەن بە زەل و قامیش کەلوپەلی وەک سەوەتە و زەمیلە و قوڵینە و حەسیر و چەندین جۆر شتی تر دروست دەکەن. دایە شەمس ٤ ساڵە ئەو کارە دەکات و هەر حەسیرێک مەترێکی بە ٢ تا ٣ هەزار لیرەی سوری دەفرۆشێت.

بەهۆی هێرشی چەتەکانی داعشەوە ماڵی شەمس حەمود و تاهیری کوڕی کاول و خاپور بوو بوو، بەڵام ئێستا دوای ئازادکردنی باغۆز لەلایەن شەڕڤانانی قەسەدەوە هێدی هێدی خەریکن برین و ئازارەکانی دەستی داعش ساڕێژ دەکەن. لەوبارەیەوە شەمس حەمود وتی، "کاتێک داعش لێرە بوو رێگایان نەدەدا من کار بکەم. ئێمە چارشێوی رەشمان لەبەر دەکرد و لە شوێنە داخراوەکاندا کارمان دەکرد، بەڵام دوای ئەوە ئێرە لە داعش رزگار کرا، ئێستا بە سەربەستی لە بەردەم ماڵەکەى خۆمدا کار دەکەم".

تاهیر هاشم ئەتاوی لە ساڵی ٢٠١٤دا لە لوبنان کاری دەکرد و لە کاتی کارکردندا لە ئەسکەلە بەردەبێتەوە و لەو کاتەوە ئیدی ناتوانێت بەپێ بڕوات. کاتێک داعش دێرەزۆری داگیرکرد، تاهیر هاشم ئەتاوی دەیەوێت بە قاچاخی بڕوات بۆ قامیشلۆ و بەو دۆخە سەختەی جەستەییەوە دەست بە بڕینی رێگایەکی سەخت دەکات، بەڵام رژێمی سوریا لەسەر رێگایەکدا ئەو دەبینێت و دەستگیری دەکات. تاهیری خاوەن پێداویستیی تایبەت بۆ ماوەى ٢ مانگ لە دیمەشق زیندانیکرا و دوای ئەوەى ٨٠٠ هەزار لیرەى سوری (٣ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بە بەرپرسانی رژێمی سوریا دەدات ئازادی دەکەن.

کاتێک دایە شەمس حەسیر دروست دەکات، تاهیریش هاوکاریی دەکات. دایک و کوڕ دەیانەوێت لەسەر خاکی خۆیاندا زوڵمی دەستی داعش و رژێم بە ئافراندن و خوڵقاندنی ژیانی نوێ تێپەڕێنن، لەبەر ئەوەش بە ئومێدەوە بۆ داهاتوویەکی گەش و بەختەوەر کار دەکەن.

ژ.ت