لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا چەندین چالاکی بۆ پشتگیری شەنگال ئەنجامدران

ڕێککەوتنی سەر شەنگال کە لە لایەن بەغدا و پەدەکە ئیمزاکراوە، لە ژمارەیەک شاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکرا.

ترسبەسپی

چالاکیەکان بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی لەدژی شەنگال و کۆمەڵگای ئێزدی بەردەوامە. ئەمڕۆ لەم چوارچێوەیەدا خانەوادەی شەهیدان لە ناوچەی ترسبەستی بە راگەیەنراوێک پیلانگێڕی دژی گەلی ئێزدی و شەنگالیان شەرمەزار کرد. راگەیەنراوەکە لە بەردەم باڵەخانەی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان لە لایەن نەسرین حسێن ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیەکە خوێندرایەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا کە دەوڵەتی تورک، عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان، شکاندنی ئیرادەی گەلی ئێزدیان کردووەتە ئامانج.

هەروەها باسی ئەوەکرا، پێویستە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بەرپرسیاری مێژوویی خۆیان جێبەجێ بکەن و رێگا لە دواکەوتنی دۆخی شەنگال بگرن و ڕێگا نەدەن ئامانجی دەوڵەتی تورک لە جیاکردنەوەی شەنگال لە کوردستان جیبەجێ ببێت.

دێرک

لە هەرێمی دیرک بە هەمان ئامانج بە دەیان ئەندامی یەکیتی ژنانی گەنج لە ئەنجومەنی شاروچکەکە کۆبوونەوە و راگەیەنراوێکیان لەبارەی پیلانگێڕی دژی شەنگال لەلایەن پەدەکە و بەغدا خوێندەوە.

فێرۆز تەمیر ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج راگەیەنراوەکەی خوێندەوە.  یەکیتیەکە لە راگەیەنراوەکەدا پیلانگێڕی و رێککەوتنەکانی سەر شەنگالی شەرمەزار کرد.

ژنانی گەنج لە بەردەوامی راگەیەنراوەکەیدا وتی، "پێویستە جیهان بزانێت، سەرەکیترین دوژمنی گەلی کورد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکە. دوژمنی هەموو مرۆڤایەتیە. ٧٣ فەرمان لەدژی شەنگال ئەنجامدراوە و بۆیەش دەبێت گەلی کورد ئەم راستیە باش بزانێت. پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان، برایەتی گەلان و ژیانی هاوبەش وەک تاکە چارەسەری ئالۆزی هەرێمەکەیە."

بەشداربووان لە کۆتاییدا پشتگیری خۆیان بۆ بەرخۆدانی شەنگال پیشاندا.

شەداد

لە هەمان چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی خانەوادەت شەهیدانی شەداد راگەیەنراویکی بڵاوکردەوە.

زەهرا ئەل – ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەن بە بەشداری دەیان ئەندامی دەزگا مەدەنی و سەربازیەکانی شەداد راگەیەنراوەکەی خوێندەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەکرا کە ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان چاودێری پلانگێڕی سەر ئیرادەی گەلی ئێزدی دەکات.

هەروەها باسی ئەوەکرا کە ئامانجی سەرەکی ئەم پیلانگێڕیە، تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی شەنگال و لەناوبردنی ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتیە.

چالاکیەکە بە وتنەوەی دروشمی شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی و پشتگیری لە شەنگال کۆتایی هات.

ف.ق