لە عەفرین لە ماوەی سێ ساڵدا ٦٧٤ کەسی مەدەنی کوژراون

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی عەفرینیان داگیرکرد و تا ئیستا ٦٧٤ کەسی مەدەنی کوژراون و ٧ هەزار و ٣٤٣ کەسیش رفێنراون.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین ئەمڕۆ ئاماری تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لەدژی دانیشتووانی کانتۆنی عەفرین لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە.

رێکخراوەکە لەبەردەم ناوەندەکەی لە کەمپی سەردەمی کانتۆنی عەفرین کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنجامدا و رایگەیاند، دوای کۆچبەرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار هاوڵاتی ڕەسەنی عەفرین، ٤٠٠ هەزار کەسی خەڵکی هەرێمەکانی دیکەی سوریا لە عەفرین نیشتەجێکراون.

ناوە کوردیەکانیان گۆڕێوە

رێکخراوەکە ئاماژەی بە گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکەوە لە رێگەی گۆڕینی ناوی گوند و شوێنە سەرەکیەکانی شارەکە کرد و وتی، " ناوی گۆڕەپانی ئازادیان بۆ گۆڕەپانی ئاتاتورک، چواریانی نەورۆزیان بۆ چواریانی سەلاحەدین، چواریانی وەتەنی بۆ ١٨ی ئازار و چواریانی کاوەی ئاسنکاریان بۆ چواریانی چڵە زەیتون گۆڕیەوە."

هەروەها وتیشی، "لە چوارچێوەی گۆڕینی ناوی گوندەکاندا، داگیرکەری تورک ناوی گوندی قەستەل میقداد بۆ سەلجوک ئۆباسی، گوندی کانتحنی بۆ زافەر ئۆباسی و گوندی کورزێلێیان بۆ جەعفەر ئۆباسی گۆڕیوە."

رێکخراوەکە رایگەیاند، لە چوارچێوەی گۆڕینی دیموگرافیادا، داگیرکەری تورک دانیشتووانی سوریای ناچار کردووە کە ناسنامەی تورکی دروست بکەن.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین تەئکیدی کردەوە، لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، ٧ هەزار ٣٤٣ کەسی مەدەنی ڕفێنراوان و چارەنووسی زۆربەیان نادیارە، هەروەها هاوڵاتیە کوردەکان هەموو کاتێک رووبەرووی ڕفاندن دەبنەوە و لەبەرانبەر ئازادکردنیان داوای پارە دەکرێت.

لە ماوەی سێ ساڵدا ٨٢ کەس بە ئەشکەنجە کوژراون

رێکخراوەکە باسی ئەوەی کرد، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، ٦٠٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون، لەو ژمارەیە ٤٩٨ کەس لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانیدا کوژراون و ٨٢ کەسیش بە ئەشکەنجە کوژراون.

هەروەها ٧٠ ژن کوژراون، لەو ژمارەیە ٥ ژن خۆیان کوشتووە و دەستدرێژی لە ٦٨ ژن کراوە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین دەشڵێت، ٦٩٦ هاوڵاتی مەدەنی لە ئەنجامی تۆپبارانی سوپای داگیرکەر و چەتەکانیدا بریندار بوون، لەو ژمارەیە ٣٠٣ کەس منداڵن و ٢١٣ کەس ژنن. هەروەها بەهۆی مین و تەقینەوەی ئۆتۆمبێڵەوە ٢٠٧ کەس برینداربوون.

بە سەدان دار زەیتوون لەناوبراون

رێکخراوەکە پشتڕاستیکردەوە زیاتر لە ٣١٤ هەزار و ٤٠٠ داری زەیتون و داری جوری دیکە، بڕاون و فروشراون و زیاتر کە ١١ هەزار داری زەیتونی و دارەکانی دیکە و ١١ هێکتار زەوی کشتوکاڵی سووتێنراون.

لەبارەی شوێنەوارە مێژووییەکاندا کە ئامارەکە لە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عەفرین وەرگیراوە، زیاتر لە ٧٥ گردی مێژوویی تێکدراون.

رێکخراوەکە لە زاری بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری عەفرین رایگەیاند، زیاتر لە ٢٨ شوێنی مێژوویی، ١٥ جێگای ئایینی وێرانکراون. هەروەها ژمارەیەکی زۆر گۆڕستان شێوێنراون و لەو گۆڕستانانە، بازاری ئاژەڵ دروست کراون.

ئاماری ساڵی ٢٠٢٠

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین ئاماری تاوانەکانی ٢٠٢٠ی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ٥٨ کەس کوژراون کە ٨ کەسیان ژنن و ٩٨٧ کەس بریندارکراون کە ٩٢ کەسیان ژنن.

بەپێی ئامارەکە، ٥٠ شوێنەوار تاڵانکراون. هەروەها بەهۆی دروستکردنی رێگایەک لەنیوان ناوچەی جندرێس و عەفرین زیاتر لە ٧٢ هەزار داری زەیتون بڕاون و بە هەزاران داریش هەڵکەندراون.

رێکخراوە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دەست بەسەر نزیکەی ٢٥٠ خانوودا گیراوە و ٣٩ تەقینەوە ئەنجامدراون و لە ئەنجامدا ١٧٠ کەس کوژراون و برینداربوون.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، یونیسێف و یونسکۆ کرد کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و عەفرین بپارێزن.

هەروەها داوای لەو رێکخراوانە کرد، فشار لەسەر تورکیا دروست بکەن، هێزەکانی لە عەفرین بکشێنێتەوە و رێگا بە هاوڵاتیان بدات، بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵەکانیان. هەروەها داوای لە راگەیاندن و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ کرد، ئەو تاوانانەی کە چەتەکان و دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئەنجامی دەدەن، تۆمار بکەن و وەک بەڵگە بڵاویبکەنەوە.

ف.ق