لە رەقا عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی داعش دۆزرایەوە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە شاروچکەی کەرەمای رەقا دەستیان گرت بەسەر ناوەندێکی دروستکردنی تەقەمەنی و عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی داعشدا.

ناوەندی راگەیاندنی گشتی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیەنراوێکی لەسەر ماڵپەری خۆی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان ٢٥ی نیسان لە شاروچکەی کەرەمای رەقا دەستیان گرتوە بەسەر ناوەندێکی دروستکردنی تەقەمەنی و عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی داعشدا.

ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستی بەسەرداگرتووە ئەمانەن:

"١١١ تۆپی هاوەنی ئاسایی

١٠ تۆپی هاوەنی گەورە

١٠ هاوەن

٧ بتڵی غاز

٣ موشەکی دروستکراو

٤ حەشوەی مووشەکی بچووک

حەشوەیەکی تانک

لە راگەیەنراوەکەدا باسی ئەوەش دەکرێت، ئەو مادانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، بۆ شوێنی تایبەتی کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی داعش کە دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوون گواستراونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی زانیاریەکان، چەتەکانی داعش لەسەر رێگەی کەرەما – دێرەزۆر و کەرەما – حەسەدە هێرشیان کردوەتە سەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێڵ کە لەو رێگەیەدا تێپەڕیون.

ف.ق