لە شەنگال جەژنی چوارشەممە سۆر پیرۆز کرا

لە گەلیی سۆلاخ لە شەنگال بە رێکخستنی شاییەک جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵ پیرۆز کرا.

سەرباری هەموو هەڕەشە و گوڕەشەکان لە سەر شەنگال، بەڵام شەنگالییەکان لەسەر خاکی خۆیان جەژن و شاییەکانیان پیرۆز دەکەن.

بەپێی باوەڕی ئێزدییەکان و بەپێی ساڵنامەى کۆن ٧ی نیسان جەژنی فەقیرایە و جەژنی چوارشەممە سۆر ناسراوترین جەژنی ئێزدییەکانە. هەموو ساڵیک بەپێی ساڵنامەى کۆن یەکەم چوارشەممەى مانگی نیسان پیرۆز دەکرێت.

 بەپێی باوەڕی ئێزدییەکان خوداوەند هەموو ساڵێک مەلەکێک (مەلەک تاووس) لە یەکەم چوارشەممەى نیساندا دەنێرێت بۆ سەر زەوی تاوەکو خراپییەکان لە ناو مرۆڤدا نەهێڵێت و باشی و خۆشی لە ناو مرۆڤەکاندا بڵاو بکاتەوە.

جەژنی چوارشەممە سۆر گەورەترین جەژنی کۆمەڵگەى ئێزدییەکانە. ئەو جەژنە هەموو ساڵێک لە مانگی نیساندا پیرۆز دەکرێت. بەپێی ئایینی ئێزدی لە مانگی نیساندا جیهان دروستکراوە. لە جەژنی کۆمەڵگەى ئێزدیدا هێلکە دەکۆڵێنرێت و رەنگیان دەکەن، چونکە لەو بڕوایەدان لە کاتی دروستکردنی جیهاندا هەموو شوێنک بە هەموو رەنگەکان رازێنراونەتەوە. ئەو هێلکەیش بە مانای سەرلەنوێ ژیانەوە و دروستکردنی گەردوونە، چونکە هێلەکە هاوشێوەی گەردوونە و ناوەکەشی خۆری تیایدایە، کە مەبەست لە زەردێنەى هێلەکەیە، کە هاوشێوەی خۆرە.

لە یەکەم چوارشەممەى مانگی نیسان، واتە چوارشەممە سۆردا، هەر کەسێک بەیانی زوو هەڵدەستێت روودەکاتە خۆر و بۆ هەموو مرۆڤایەتی و گەردوون دوعای خێر دەکات.

لە چوارشەممە سۆردا ئێزدییەکان دەڕۆن گوڵی سوور لە دەشت و دەر دەچنن و دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە و لەگەڵ توێکڵی هێلکەکاندا بە بەردەرگای ماڵەکانیاندا هەڵیاندەواسن، ئەوەش بۆ ئەوەیە لە هەموو خراپییەک پارێزەراو بن. هەر لەو رۆژەدا توێکڵی هێلەکەکان دەبن بۆ ناو زەوی و زار و دەخڵ و دانەکانیان بۆ ئەوەى خوا بەرەکەت بخاتە ناو دەخڵ و دانیان.

 بەپێی باوەڕی ئێزدییەکان، نابێت کەس لە مانگی نیسان دا هاوسەرگیری بکات و ئەوەش بۆ رێزگرتنە لە مانگی نیسان. هەر کەسکێکیش بە تازەیی کەسێکی گیانی لە دەست دابێت لە بەیانیی چوارشەممە سۆردا دەڕۆن بۆ سەر گۆڕەکەى و لەوێ خواردن دابەش دەکەن.

ژ.ت