لە عەین عیسا لە شەڕدا ٣ چەتە کوژران و ئۆتۆمبێلێکیان تێکشکا

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) رایانگەیاند، چەتەکانی ئەنقەرە هێرشیان کردووەتە سەر عەین عیسا و شەڕڤانان بەرەنگاریان بوونەتەوە و ٣ چەتە کوژراون.

ناوەندی راگەیاندنی قەسەدە بڵاویکردەوە، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ١٦ و ١٧ی ئاداردا هێرشیان کردە سەر عەین عیسا. لە هێرشەکەى ١٧ی ئاداردا گوندی سەیدا لە کاتژمێر ٢١:٣٠ دا کرایە ئامانج  و شەڕڤانان بەرەنگاریان بوونەوە.

ئەوەشیان راگەیاندووە، "لەو بەرەنگارییەدا ٣ چەتە کوژراون و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی چەتەکان تێکشکێنراوە".

راشیگەیاندووە، دوای ئەوە چەتەکان هێرشیان کردە سەر گوندی میئەلەک و لەوێش شەڕڤانان بەرەنگاریان بوونەوە و گورزیان لێدان. لەو شەڕەدا ژمارەی کوژراوان و بریندارانی چەتەکان روون نەبوویەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، چەتەکان ناچار بە پاشەکشە کراون و دوای هەڵهاتنی چەتەکان، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەستی بە بۆردومانی گوندەکانی سەیدا، میئەلەک، جدید و رێگای ئێم ٤ کرد و ئەو بۆردومان و تۆپبارانە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.

ژ.ت