منبجییەکان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانیان ئیدانە کرد

منبجییەکان بە مەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رژانە سەر شەقامەکان و چالاکییان ئەنجامدا.

خۆبەڕێوەبەریی مەدەنی دیموکراتیکی منبج و دەورووبەری بە دروشمی "نا بۆ داگیرکەریی تورک و تیرۆرەکەى لە عەین عیسا" بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە دژی ناوچەکانی عەین عیسا رێپێوانێکیان رێکخست و هەزاران هاووڵاتیی دانیشتوی و دەورووبەری بەشدارییان تیادا کرد.

دوای رێپێوانەکە نەزیفە خەلۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری بە ناوی بەرێوەبەریی مەدەنی دیموکراتیکی منبجەوە رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرفراوانکردنی داگیرکەرییەکانیەتی لە سەر خاکی سوریا.

نەزیفە ئاماژە بەوەشکرد، دەوڵەتی تورک نایەوێت لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا پێشکەوتن دروست ببێت، بۆیە هەوڵ دەدات پرۆژەى نەتەوەی دیموکراتیک و یەکگرتوویی گەلان لە ناو ببات.

دوای ئەوەش عەزاب عەبود سەرۆکی لقی ئەنجومەنی حیزبی سوریای پیشەڕۆژ رایگەیاند، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رێز لە پەیمان و رێککەوتنە نێونەتەوەییەکان ناگرێت و هێرشەکان دەکاتە سەر ناوچە ئارامەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و راشیگەیاند، "دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر عەین عیسا، هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکات و هەوڵ دەدات کۆچبەریان بکات. هەروەها دەیەوێت وەک ناوچە داگیرکراوەکانی تر دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیەش بگۆڕێت".

لە چالاکییەکەدا نەسرین عەلی ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی منبج وتەیەکی پێشکەشکرد و لە وتەکەیدا، بێدەنگیی کۆمەڵگەیى نێونەتەوەیی و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر لە دژی ناوچەکە ئیدانە کرد.

رێپێوانەکە بە وتنەوەى دروشم کۆتایی پێهات.
ژ.ت