مەرسەدی سوری تاوانەکان لە عەفرین دەکاتە بەڵگە

مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوانەکانی چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە عەفرین دەکاتە بەڵگە.

مەرسەدی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبارەی تاوانەکانی داگیرکەران لە عەفرین راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، هەموو رۆژێک مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین پێشێل دەکەن.

بەپێی راپۆرتەکە، چەتەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە مانگی ئازاردا، زیاتر لە ٢١ هاوڵاتی مەدەنیان لە شاری عەفرین و ناوچەکانی مابەتا، جندرێس، شێراوا و راجۆ رفاندووە کە ٧ کەسیان ژنن و چارەنووسی ١٤ کەسیان تا ئێستا نادیارە.

بەپێی زانیاریەکانی مەرسەدی سوری، تاوانەکان لە عەفرین بە تەنها لەلایەن سوپای بەناو نیشتیمانی ئەنجام نادرێن بەڵکو ئەنجومەن و دەستەی مەدەنیش تاوان ئەنجام دەدەن.

سەرچاوەیەک لە عەفرینەوە بە مەرسەدی سوری راگەیاند، ئەنجومەنی هەرێمی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بەڵگەی وەکالەتی حکومەتی سوریای رەتکردوەتەوە کە بەپێی ئەو بەڵگانە، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی عەفرین دەتوانن موڵکەکانیان بە خزمەکانیان بدەن و ئەوان سوودیان لێببینن تاوەکو دەگەڕێتەوە.

ئەنجومەنەکە هەندێک بڕیار بەسەر دانیشتواندا دەسەپێنێت کە ئەو بەڵگانە هەڵبوەشێنن بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێن. بەم پێیەش خزمتی ئەو کەسانەی کە کۆچبەر بوون ناتوانن موڵک و زەوی کۆچبەرەکان بەکاربهێنن و هەموویان دەکەونە خزمەتی ئەنجومەنەکە.

هەروەها چەتەکانی گروپی 'سقور شام' ی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی قزلباشی سەر بە ناوچەی بلبلی عەفرین، زیاتر لە ٤٠٠ داری زەیتونی هاوڵاتیەکیان بڕیوە.

لەلایەکی دیکەوە، نوسینگەی ئابوری سەر بە چەتەکانی 'سوڵتان موراد' دەستی بەسەر نزیکی ٦٠ زەوی دار زەیتونی هاوڵاتیانی هەرێمی مەیدانکێی سەر بە ناوچەی شەرادا گرتووە.

لە ناوچەی شیێ، چەتەکانی 'فرقەی سولەیمان شام لە ئەلئەمشەت' زۆر زەوی کشتوکاڵی دەستبەسەر کردووە.

مەرسەدی سوری لە کۆتایی راپۆڕتەکەیدا دەڵێت، "پێشێلکاریەکان لە ناوچەکانی دیکەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامە. گروپە چەتەکان هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن و هیچ هەوڵێکیش بۆ راوەستاندنی پێشێلکاریەکان لەبەرانبەر خەڵکی سوریا نادرێت."

ف.ق