قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی هۆڵ کۆتاییهات: ٢٢٦ چەتەی داعش دەستگیرکران

فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتاییهاتنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی ڕاگەیاند و ئاشکرایکرد، کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٢٦ کەسیان دەستگیرکردووە، کە سەر بە شانە نووستووەکانی داعش بوون.

٢٥ی ئاب هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاوکاریی یەپەژە و قەسەدە، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مریی و ئەمنییان بۆ سەر کامپی هۆل بە ئامانجی ئاشکراکردنی شانە نووستووەکانی داعش و بنبڕکردنی کوشتن و سەربڕین و کۆنترۆڵکردنی دۆخی مەترسیدانی کامپەکە دەستپێکرد و ماوەی ٢٤ ڕۆژ بەردەوام بوو.

ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندەکانی قەسەدە، یەپەگە/یەپەژە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کۆتاییهاتنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنیی لە کامپی هۆل ڕاگەیەندرا و سۆزدار خەلیل، ئەندامی فەرمانیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەیاننامەی کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنەکەی خوێندەوە.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکرا، کە لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٢٦ چەتەی سەر بە داعش دەستگیرکراون و دەست بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنییشدا گیراوە، هاوکات دوو شەڕڤانیش لە پێکدادانێکدا لەگەڵ چەتەکانی داعش شەهیدبوون.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بە حەوت خاڵ خرایەڕوو، کە بریتییە لە؛

١/ ئۆپەراسیۆنەکە دوای زیادبوونی کوشتن و ئەشکەنجەدان لەلایەن شانە تیرۆریستەکانەوە دژی دانیشتووانی کامپەکە دەستیپێکرد، کە نەیاندەویست بچنە ناو ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەوە، یاخود دانیشتوانی کامپەکە ڕووبەڕووی مەترسیی ئەشکەنجە و کوشتنی داعش دەبوونەوە بۆ سەریان، لەماوەی ئەمساڵدا کوشتن لەناو کامپەکەدا گەشتبووە ٤٤ حاڵەت، کە دانیشتووی ناو کامپەکە و کارمەندی ڕێکخراوەکان کراونەتە ئامانج، کامپەکەش بەشێک بوو لە پلانی داعش بۆ کۆنترۆڵکردنی، بەو پێیەی لەکاتی هێرش بۆ سەر زیندانی غوێران، شانە تیرۆریستەکان هەوڵیان دەدا بچنە ناو کامپەکە و دەوروبەری، بەڵام بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە پاڵپشتیی قەسەدە، هێرشی پلانبۆداڕێژراوی ناوەوە و دەرەوەی کامپەکەی تێکشکاند.

٢/ داعش بە تایبەت پشت بە ژنان و منداڵان دەبەستێت وەك سەرچاوەی ڕاستەقینە، كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سەركردەكانی داعشەوە هەیە، بۆ پاراستن و بڵاوكردنەوەی ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی داعش لەناو کامپدا، ئەوانیش ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی خۆیان بە تایبەت منداڵان و ژنان بە شێوازی چەپەڵی تۆڵەسەندنەوە بڵاودەکەنەوە.

٣/ ژنانی رێكخراوی تیرۆریستی گواستنەوەی پارە و زانیارییان بۆ هاندانی شانه‌كان و گرێدانیان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپ و بەتایبه‌تی لەو ناوچانەی دەوڵەتی توركیا داگیری كردوون، به‌كارهێناوه‌. شەڕڤانان ناونیشان و ناوی به‌شێك له‌ كارئاسانكارانی هێرشەکان و دابینكردنی دارایی شانه‌ تیرۆریستییه‌كان و گواستنه‌وه‌ی پاره‌ له‌ كه‌مپه‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌ و سێ كه‌سیان له‌ حەسەكە و هۆل ده‌ستگیركردووە.

٤/ لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەستیان بەسەر چەندین چەکدا گرتووە، لەوانە بۆمب و چەکی مامناوەند و چەکی بێدەنگ و فیشەک، کە شانەکانی ئەو ڕێکخراوە لە هێرشە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاریانهێناوە، هەروەها چەندین تونێل و ڕێگەی تەواونەکراو و شوێنی هەڵگرتنی چەکیان دۆزیوەتەوە و لەناویان بردوون.

٥/ لە ئۆپەراسیۆنێکەدا یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە دوو ژنی ئێزدییان لە چەتەکانی داعش رزگارکرد و گواستیانەوە بۆ ژینگەیەکی ئارام، کە ژمارەیەک ژن و منداڵی رزگارکراوی ئێزدی تێیدا ماونەتەوە. لە ماوەی چوار ساڵدا زیاتر لە ٢٠٠ کەسی ئێزدی لەلایەن یەپەژەوە لە کامپەکە رزگارکراون.

لە هەمانکاتدا یەکینەکانی پاراستنی ژنان چوار ژنی دیکەیان ڕزگار کردووە، کە لەلایەن ژنانی داعشەوە بە زنجیر بەسترابوون و بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوون.

٦/ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە کاتی پرۆسەی گەڕان و کۆکردنەوەدا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی شانە تیرۆریستییەکان بوونەتەوە، زۆر هەستیار بوون بەرامبەر بە لایەنە مرۆییەکانی ناو کەمپەکە، هەروەها گەرەنتی کردەییان دا بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوان. شانە تیرۆریستەکان ناچاربوون جلی ژنان لەبەربکەن بۆ ئەوەی خۆیان بشارنەوە، بەڵام ئەمە نەبووە نەلاڕێدابردنی هێزەکان و سەرجەمیان دەستگیرکران.

٧/ ئاسایشی ناوخۆ و قەسەدە سەرەڕای وەڵامدانەوەی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانی، قوربانییەکی زۆریاندا بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی بۆمبی کاتیی لە کامپی هۆل و باشترکردنی ژیانی دانیشتووان، سەرەڕای هەڕەشەکانی شانەکانی داعش، لەسەر ئەم بنەمایە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئاستی جددییەتی مەترسییەکانی ناو کەمپەکە زیاتر بکات و هاوڵاتییەکانیان بگوازنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، هه‌روه‌ها داوا له‌ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان ده‌که‌ین، که‌ په‌یوه‌ندی ئۆرگانیکی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هه‌واڵگری تورکیا و شانه‌کانی ڕێکخراوی داعش له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی که‌مپه‌که‌ ببینن.
دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە و داعش و کەلوپەلە دەستبەسەرکراوەکان بەمشێوەیە خرایەڕوو؛

ده‌ستگیركراون: ٢٢٦ كه‌س كه‌ ٣٦ كه‌سیان ژنن و ‌به‌شداربوون له‌ تاوانه‌كانی كوشتن و تۆقاندن.

دۆزینەوەی ٢٥ تونێل و خەندەق.

-چەکە دەستبەسەدا گیراوەکان؛

٣ چەکی کڵاشینکۆف AK-47.

٢ چەکی ئار بی جی بە دوو گوللـەوە

٢ دەمانچە

٢٥ نارنجۆکی دەستیی

٢٥ کیلۆگرام تەقەمەنی-TNT

١١ چەکی بێدەنگ

٣٨٨ گولەی کڵاشینکۆف AK-47

٩ تاخمی سەربازیی

پارچەیەک جلوبەرگی سەربازیی سوپای تورکیا

چەندین چەکی تیژ (چەقۆ – خەنجەر) و ئامێری ئەشکەنجەدان.

چەندین ئامێر و ئامرازی پەیوەندیکردن دەستی بەسەرداگیراوە.

ف.ق