قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆن کامپی هۆڵ کۆتایی هات

قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی' ئاسایش و مرۆڤایەتی' بۆ سەر کامپی هۆڵ کۆتایی هات. هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایانگەیاند لە ئۆپەراسیۆنە ١٢٥ چەتە کە لە ناویاندا ٢٠ سەرەک چتە دەستگیر کران.

عەلی حەسەن، وتەبێژی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕۆژئاوای سوریا لە ناو کامپی هۆڵ کۆتایی بە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و مرۆییەکەی سەر کامپەکەی ڕاگەیاند کە تیایدا ئۆپەراسیۆنەکەی بە سەرکەوتوو لەقەڵەمداو دووپاتیکردەوە کە ئێستا ژینگەیەکی ئارامتر و سەقامگیرتریان لەناو کامپەکە فەراهەم کردووە، بەڵام وەک خۆی وتی، ئەمە بەبێ پشتیوانی نێودەوڵەتی زۆر ناخایەنێت، هەربۆیە بانگەوازی ئەوەی کرد هەل بقۆزرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی درێژخایەنی کامپەکە.

هەڵمەتەکە کە بەپشتیوانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن و یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ٢٨ی مانگی ڕابردوو دەستی پێکرد، ئەمڕۆ کۆتاییهات و بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆتایی، تیایدا زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی هێزە ئەمنیەکان بەشدارییان تێدا کرد، ١٢٥ چەتە دەستگیر کراوە کە لە نێویاندا ٢٠ سەرچەتە هەیە.

هەروەها دەڵێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٤٧ کەس لەناو کامپەکەدا کوژراون، لەسەر ئەو بنەمایەش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا کێشەی خێزانەکانی داعش چارەسەر بکات و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان و دووپاتیشیکردەوە کامپی هۆڵ گرفتێکی نێودەوڵەتییە.

ک-ش