قەسەدە: ٩ شەڕڤانمان لە رووداوی کەوتنەخوارەوە هەلیکۆپتەر شەهیدبوون

هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) رایگەیاند، ١٥ی ئادار لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوە فڕۆکە ٩ شەڕڤانیان شەهیدبوون.

لەراگەیەندراوێکی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە)دا لەو بارەوە هاتووە:

یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات) لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و بەمەبەستی گۆڕینەوە وهابەشی کردن بە ئەزمونی ئەمنی و سەربازی و بەرزکردنەوەی ئاستی تواناکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا سەردانی باشوری کوردستان کردبوو.

درەنگانی شەوی ١٥ی ئادار دوو هەلیکۆپتەرمان لە کاتێکدا بەرەو سلێمانی بەڕێگەوەبوون لە ئەنجامی خراپی کەشو و هەوا کەوتنە خوارەوە و نۆ شەڕڤانمان بە فەرمنادەیی شەڕڤان کۆبانێ فەرماندەی یەکینەکانی دژەتیرۆر (یات) شەهید بوون.

هێزەکانی دژەتیرۆر (یات) باشترین شەڕڤانان و فەرماندەکانیان لە شەڕ لە دژی تیرۆر بەخت کردووە. ئەوان لە تێکهەڵچوون و رووبەڕووبوونەوە سەختەکانی کۆبانێ تا رەقا و دێرەزوەر بەشدارییان کردبوو. ئەو هێزانە لە سەر شێوازە پێشکەوتووەکانی شەڕ راهێنیان پێکرابوو و لە هاوبەشانی سەرەکی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی دژی داعش. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بە شێوەی کارا لە تێکۆشان و پەرەپێدان بە تواناکانی خۆیاندان بۆ بەهێزکرند و پتەوکردنی رێکار و پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ ئەو هێزە جیاجیایانەی لە ناوچەکەدا دژی داعش تێدەکۆشن.

بەهۆی ئەم کۆستەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەین، جەخت دەکەینەوە کە گیانبازی ئەو شەهیدانە دەبێتە رووناککەرەوەی بەردەوامی بەرخودان و پاراستنی گەلەکەمان و خاکی پیرۆز.

لە کۆتاییدا داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە هەرێمی باشوری کوردستان دەکەین کە لە گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو شەهیدانە بە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بە گوێرەی بنەماکان و نەریتەکان مامەڵە بکەن".

هـ . ب