قەسەدە: دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی هێرش بکات بەدوای بیانوودا دەگەڕێت

قەسەدە رایگەیاند. دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە مانگی رابردوودا ١٩٤جار ئاگربەستیان شکاندووە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) راگەیەنراوێکی بڵاکردەوە و وتی، "سوپای تورکی داگیرکەر ڕۆژانە لە دژی ئەو ناوچانەی دەوروبەری هەرێمە داگیرکراوەکان هێرش و تۆپباران ئەنجام دەدات و خەڵکی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هاوڵاتیان سڤیل بریندار دەبن یان گیان لەدەست دەدەن.

راگەیەنراوەکەی قەسەدە بەم شێوەیەیە:-

" دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ڕەوایەتی بداتە هێرشەکانی خۆی هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە و هەواڵەکان وا بڵاودەکاتەوە کە هێزەکانی ئێمە هێرشیان کردووەتە سەر ئەوان، ئێمە پێشتریش زۆرجار ڕامانگەیاندووە کە ئەو ناوچانەی ئەو هەواڵانەی لەبارەوە بڵاو دەکرێتەوە هیچ جوڵانەوەیەکی هێزەکانی ئێمەی تیادا نییە ئەو هەواڵانە بۆ ڕەوا نیشاندانی هێرش و داگیرکاری بڵاو دەکرێنەوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر تەنها لە مانگی رابردوودا لە هێڵی عەین عیسا و تل تەمر ١٩٤ جار ئاگربەستی شکاندووە، جگە لەوەی بە گوێرەی ئەوەی دەستنیشانکراوە فڕۆکەی کەشفی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢١جار سنوری ئاسمانی بەزاندووە.

لە هێرش و تۆپبارانەکاندا ١٠٦٧ تۆپ و هاوان بەکارهاتووە و بە هۆیەوە ٥هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و ٦ هاوڵاتیش برینداربوون، هەر لەو هێرشانەدا ٥ بارەگای سوپای سوریا کراونەتە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێکی سوری گیانی لەدەستداوە.

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و حکومەتەکەی کە ڕۆژانە ڕووی پیسیان زیاتر ئاشکرا دەبێت بۆ ئەوەی گەلی تورک بخەڵەتێنن و هەستی نەژادپەرستەکان بەکاربهێنن، ڕاستی دەسەڵاتداری پیسی خۆیان بشارنەوە، ئامێرەکانی شەڕی تایبەتیان بەکاردەهێنن و ئەو هێرشانەی کە خۆیان ئەنجامی دەدەن، وەک هێرشی هێزەکانی ئێمە نیشانی دەدەن، پێویستە گەلی تورک و رای گشتی جیهانی ئەم راستیە باش ببینێت و لە بەرامبەر درۆکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هۆشیاربن."

ف.ق