رەفیق سابیر: گەورە تیرۆریست نەسر حەریری لە هەوڵیر چی دەکات؟

رەفیق سابیر کەسایەتیی دیار، نووسەر، شاعیر و رۆشنبیری کورد بابەتێکی لە بارەی هاتنی نەسر حەریری سەرەک چەتەکانی سوریا بۆ هەولێر بڵاوکردەوە و بە توندی رەخنە لەو پێشوازییە دەکات، کە لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە لێیکرا

دەقی نووسراوەکەى رەفیق سابیر

گەورەتیرۆریست نەسر حەریری لە هەوڵیر چی دەکات؟

گەورە تیرۆریستی ئیسلامی، نەسر حەریری، بە سەردانێکی لەناکاو هاتە هەولێر، وەک قارەمان و رابەری سوریا، لە لایەن سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی حکومەت پێشوازیی کرا و رێگەی درا بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لە بەردەم  مێدیاکاندا داگیرکردنی ئافرین و سەرێکانی و گردی سپی و ئاوارەکردنی دەیان هەزار خێزان و کوشتن و رفاندنی هەزاران  کەسی ئەو ناوچانە، بە رزگارکردن ناو ببات و یەپەدە و کورد بە تیرۆریست دابنێت.

نەسر حەریری رابەری ئەو گروپە تیرۆرستانەیە، کە لە جیینۆسایدی گەلی کوردی رۆژئاوای کوردستان و داگیرکردن و ئاوارەکردنی سەدان هەزار خێزانی کوردی ئافرین و سەری کانی و گردی سپی و بەعەرەبکردنی ئەو شار و ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان بەرپرسە. تیرۆریستانی سەر بە حەریری سەد لەسەد لە رۆژئاوای کورستان پلانی تورکیا، کە راگوێزانی کورد و بەعەرەبکردن و بەتورککردنی رۆژئاوای کوردستانە، جێ بەجێ دەکات. وێرای ئەوە نەسر ئەلحەریری هەزاران تیرۆریستی داعشی داڵدە داوە، هیچ سوکایەتی و تەوهینێک نەماوە، لە میدیاکاندا، بە کوردی نەکردبێت و زۆر بە توندییش رێگری کردووە کە زمانی کوردی لە پرۆژە دەستووری نوێی تورکیادا بە رەسمی بناسرێت. 

ئێستا خەڵکی کوردستان، مافی ئەوەیان هەیە لە خانەخوێیانی نەسر حەریری بپرسن ئەو گەورەجەللادەی کورد، بۆ هاتۆتە هەولێر؟ ئایا ئێوە چ بەرژەوەندییەکی هاوبەشتان لەگەڵ ئەم گەرە ترۆریستە هەیە؟

کوردی رۆژئاوا پێیان وایە حەریری بۆ ئەوە چۆتە هەولێر تا ئەو دەستانەی بە خوێنی کوردی رۆژئاوا سووری کردوون، لەوێ بیانشواتەوە و بە دنیا بڵێت، من دوژمنی کورد نیم و لە کوشتار و راگوێزانی کوردی رۆژئاوا و دەستدرێژکردنە سەر سەدان کچ و ژنی رفێندراوی رۆژئاوای کوردستان، بەرپرس نیم. ئەوە نییە لە هەولێرم و بەرپرسانی حکومەت، وەک قارەمان و رابەری گەلی سوریا پێشوازیم دەکەن؟!

بەشێک لە چاودێرانیش بۆ ئەوە دەچن کە سەردانی نەسر حەریری بۆ هەولێر بەو ئامانجەیە ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پلانێکی ئەردوگان بکات، کە دەیەوێت ناوچەیەکی ئارام، بە قووڵایی سیی تا چل کیلۆمیتر، لە هەرێمی کوردستان دروست بکات، بۆ ئەوەی تیرۆریستانی ئیسلامی و بنەماڵەکانیان لەو ناوچانە نیشتەجێ بکەن و باشوور و باکووری کوردستان لێک داببرن. لەم بۆچوونەشدا پشت بەو لێدوانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەبەستن، کە چەند رۆژێک پێش هاتنی حەریری وتی، پە کە کە بەهانەی داوەتە تورکیا لە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارام دروست بکات.

ئەم پێشوازیکردن و رێزگرتنەی نەسر حەریری لە باشووری کوردستان، تەنیا سوکایەتیی نییە بە گەلی رۆژئاوا و خوێنی دەیان هەزار قوربانیانی تیرۆریستانی ئیسلامی، بەڵکو سوکایەتیکردنە بەخۆ و بە حکومەتی هەرێم و  پەرلەمان و تەواوی گەلی کوردستان.

ژ.ت