سەبری ئۆک: دەوڵەت لە بەرخودانی ئیمراڵی ترسا بۆیە هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک ئەنجام دەدات

سەبری ئۆک رایگەیاند، رەفتاری دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد قبوڵ ناکرێت. راشیگەیاند، "رێبەرایەتی لە شوێنێکی وەک ئیمراڵی ماوەى ٢٣ ساڵە بەرخودان دەکات. دەوڵەتى تورک لەو بەرخودانە دەترسێت، بۆیە هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک دەکات".

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێنی کوردستان (کەجەکە) بەشداری بەرنامەى "رۆژەڤی وڵات"ی ستێرک تیڤی بوو و شیکاریی گرنگی بۆ رۆژەڤەکان کرد و رایگەیاند، دەوڵەتی تورک لە رامان، فەلسەفە و بیری عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەترسێت، بۆیە دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ رای گشتیدا بە تەواوەتی بپچڕێنێت.

سەبری ئۆک سەرنجی خستەسەر بانگەشەکان لەبارەی ژیانی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە لە ئینتەرنێت بڵاوبوو بووەیەوە و وتی، "دەوڵەتی تورک هەموو هەواڵ و زانیارییەک لەسەر رێبەرایەتی بە پلان و بە حسابکردن بڵاودەکاتەوە. پێش ئێستاش هەواڵێکی لەو شێوەیەیان بڵاوکردبووە. بەو بڵاوکردنەوانە دەیانەوێت ئەوە ئاسایی بکەنەوە، بەڵام هەم بزووتنەوەکەمان و هەمیش گەلەکەمان ناڕەزایەتییەکی گەورەیان نیشاندا. دەوڵەت لە بەرامبەر ئەوەدا بێچارە کرا و بە ناچاری رێگای دا پەیوەندییەکی تەلەفونی دروست بکرێت. دەوڵەتی تورک باش دەزانێت، کە رێبەرایەتی بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیا چ مانایەک دەدات".

ئۆک رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان لە شوێنێکی وەک ئیمراڵی دا ماوەی ٢٣ ساڵە بەرەنگاری و بەرخودان دەکات و وتی، "دەوڵەتی تورک لەو بەرخودانە دەترسێت، بۆیە بە پێشێلکردنی یاساکانی خۆی و بە هەموو شێوەیەک ئەشکەنجە دەکات. سی پی تی چەند دووڕووانە جوڵایەوە، بەڵام لەمدواییانەدا سەرنجی خستە سەر گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە ئیمراڵی و خواستی کۆتایی بەو گۆشەگیری و ئەشکەنجەیە بهێنرێت. ئەنجوومەنی ئەوروپا لەوباریەوە راگەیاندراوی بڵاوکردەوە. هەروەها ناڕەزایەتیی گەلی کورد لە دژی گۆشەگیری بە بێ وەستان بەردەوامیی هەیە. دەوڵەتی تورک سەرباری هەموو ئەوانە رێگا بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن نادات و بە شێوەی میزاجی رێگا بە قسەکردن لە رێگەى تەلەفونەوە دەدات و ئەوەش لە کاتی قسەکردن و لە ناکاودا دەپچڕێنێت. ئەوانە هەموویان کردارەکانی شەڕی تایبەتن.

ئێمە جارێکیتر دەڵێین، تاوەکو رێبەرایەتی ئازاد نەبێت گەلی کورد ئازاد نابێت، تورکیاش دیموکراتیک نابێت. دەوڵەتی تورکیش ئەوە باش دەزانێت. هۆکاری ئەو قەیرانانە، هۆکاری کردارە فاشیستییەکانی ئاکەپە – مەهەپە بەرامبەر بە گەلانی تورکیا و هەناسەبڕین لە کۆمەڵگە، بۆ رەفتار و نزیکایەتییان لە رێبەرایەتی دەگەڕێتەوە. تاوەکو رێبەرایەتی ئازاد نەبێت و کێشەى کورد چارەسەر نەبێت ئەو کێشانە بەردەوامییان دەبێت".

"دەوڵەت لە لێواری داڕووخاندایە"

سەبری ئۆک لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر ناکۆکییەکانی ناو دەوڵەت و وتی، "لە بنەڕەتدا دەوڵەت لە لێواری رووخان و شکستدایە. ئێستا بە زۆر خۆی لەسەر پێ راگرتووە. دۆخی ئابووری و سیاسی لە بەرچاوانە. کۆمەڵگەش چووەتە دۆخیی بێچارەیی و بێ هیوایی. سەرباری هەموو ئەوانە دەسەڵاتی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە باجێکی قورسی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە و هەوڵ دەدات لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. بێگومان لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە هەندێک هێز و لایەن هەیە، کە دەڵێن 'ئەوە دەوڵەتی منە، من دەوڵەتم' و بەو شێوەیە دەنگی خۆیان بەرز دەکەنەوە. ئەو جەنەراڵ و ئەفسەرانەی هێزی دەریایی، کە راگەیاندراویان بڵاوکردەوە، لەو دەورووبەرە بوون. جگە لەو جەنەراڵ و ئەفسەرانەش هەندێک هێزی تر هەیە. ئەو هێز و لایەنانە دەڵێن، کە 'دەوڵەت هی ئێمەیە' و لەو دۆخە بێزارن، کە دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بۆ دەوڵەتی دروستکردووە. مرۆڤ دەتوانێت ئەوانە وەک هێزی دەوڵەتپەرەست پێناسە بکات. یانی دەورووبەر و لایەنە کەمالیستەکان نایانەوێت دەوڵەت لە ژێر کاریگەریی تەریقەت و دەستە و قەوارەکاندا بێت".

'کەس لەگەڵ رژێم رێکناکەوێت'

ئۆک رایگەیاند، کەس لەگەڵ رژێمی فاشیستی ئێستادا هەڵناکات و رێشناکەوێت و وتی، "هەموو کەس دەڵێت، کە دۆخەکە بەمشێوەیە بەڕێوەناچێت و بەردەوام نابێت. ئاکەپە هەموو ستراتیژیا و سیاسەتی خۆی بۆ سڕینەوەى بزووتنەوەکەی ئێمە تەرخانکردووە. سیاسەتی دەرەوەی، ئابوورییەکەى، سیاسەتی خۆی، سیاسەتی ناوخۆی و هەموو هەوڵەکانی بۆ کۆتایهێنان بە بزووتنەوەکەمان خستووەتەکار و  بەڕێوەی دەبات. بێگومان لەبەر ئەوەى لەو بابەتەدا نەیانتوانی ئەنجام بەدەست بهێنن، باجی ئەوە لەسەریان قورس کەوت. ئێستا لە گۆڕەپانی نێونەتەوەیی دەیانەوێت بە هەندێک هەوڵ خۆیان لەسەر پێ بهێڵنەوە. بە خۆ تەنگاوکردن لە بابەتی رێککەوتنی مۆنترۆ (رێککەوتنی جموجوڵی ئازادی کەشتییەکان لە گەرووەکانی بۆسفۆر و داردانێل بۆ دەریای رەش و سپیی ناوەڕاست) دەیانەوێت هەندێک شت بکەن و دەیانەوێت خۆیان لەبەر دڵی ئەمریکا شیرین بکەن. لەمانایەکی تردا دەیانەوێت باج بە ئەمریکا بدەن بۆ ئەوەى سازشی لەگەڵ بکەن. ئەو جەنەڕاڵە خانەنشینانەش دەڵێن، ئەو رێککەوتننە بۆ تورکیا رێککەوتنێکی گرنگە. لەبەر ئەوە نیگەرانن لەوەى، کە لەگەڵ رووسیادا دۆخێکی نەخوازراو رووبدات. ئەگەرنا راگەیاندراوەکەیان بۆ دیموکراسی، ئازادی و مافەکانی مرۆڤ نییە لە تورکیا. ئەو دۆخە نیشانی دەدات، کە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی دەوڵەت زیادیکردووە.

دوای ئەو راگەیاندراوەی کۆنە جەنەڕاڵەکانی هێزی دەریایی تورکیا، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە ئێستاش بە سیاسەتی خۆ بە قوربانی زانین هەوڵ دەدەن، کە خۆیان لەسەر پێ رابگرن. بێگومان ئەوە درۆیەکی گەورەیە، چونکە ئەو قوربانی و زوڵملێکراوەی ئەوان باسی دەکەن، بوونی نییە. هیچ کودەتایەکیش لە گۆڕێدا نییە، بەڵام ناکۆکیی ناوخۆیی نێوانیان زیاتر بووە".

"ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی و بنەڕەتی لە تورکیا هەدەپەیە"

سەبری ئۆک ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریی کەجەکە باسی ئەوەیکرد، لە تورکیا ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی و بنەڕەتی هەدەپەیە و لەوبارەیەوە وتی، "ئەوەى بەڕاستی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیکە، مافی ژنان، گەنجان و هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەپارێزێت و نوێنەرایەتییان دەکات، هەدەپەیە. رژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە ئەوە دەزانن، بۆیە بەبێ وەستان و بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر هەدەپە. حیزبەکانی تری وەک جەهەپە و ئییی پارتی ئەگەر بە راستی ئۆپۆزسیۆنبوونیان بکردایە، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە نەیدەتوانی رۆژێک لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. هەموو حیزبە سیاسییەکان پێکەوە کۆببنەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا و لە راگەیاندراوێکدا بڵێن، ئاکەپە و مەهەپە وەک کارگەیەک و کێڵگەیەک وڵات بەڕێوەدەبات، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دەجوڵێتەوە، ناڕەزایەتی و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدایە، دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپە نایاندەتوانی رۆژێک بەرگە بگرن، بەڵام ئەوە ناکەن. بۆ ئەوە ناکەن؟ چونکە لە رۆحیاندا و لە رێگا و نەریتەکەیاندا کولتوری دیموکراسی نییە.  

بە تایبەتی لە کێشەى کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا زۆر دەترسن. ئەوەى لەو بابەتەدا بە بەرپرسیارانە دەجوڵێتەوە و هەڵوێستێکی ئازایانە و بوێرانەى هەیە هەدەپەیە. بۆیە هێرش نەماوە، کە نەیکەنە سەریان. لە دوایین هێرشدا عومەر فاروق گەرگەرلی ئۆغڵویان گرت. گەرگەرلی ئۆغڵو مرۆڤێکی شکۆمەند و رێزدارە، لە هەموو بارودۆخێکدا بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات. بە دەستی پۆلیسێکی ئەشکەنجەکەر، کە گەرگەرلی ئۆغڵو تاوانەکانی ئاشکرا و بڵاوکردبووە، لە ماڵەکەى خۆیدا بە زۆر دەستگیر کرا. یانی دەوڵەت دەوڵەتێکی بەو جۆرەیە. ئامانجیان ئەوەیە، کە هیچ کەسێک یەک وتە لە دژی دەسەڵاتەکەیان نەڵێت. هەوڵ دەدەن، کە هەموو کەس بێدەنگ و بێ ئیرادە بکەن. زۆر گرنگ و شکۆمەندانەیە، کە هەدەپە ئەو بەرخودانە، ئەو هەڵوێستە و وەستانەوەى خۆی درێژە پێدەدات. دەبێت بڕوایان بە خۆیان هەبێت و درێژە بە هەڵوێست و وەستانەوەی خۆیان بدەن.

' پێویستە دایە شەنیاشار بە تەنیا نەهێڵن'

سەبری ئۆک تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی بۆ 'دادپەروەری' بنەماڵەی شەنیاشار و وتی : " دایکێکی بەتەمەن لەگەل کوڕەکەیدا ٢٤کاتژمێر لە بەردەم بینای دادگە دادەنیشن و داخوازی دادپەروەری دەکەن. ئەو دایکە لە خۆ پرسیار دەکات دادپەروەری لەکۆێیە، لە ژێرعەرددایە. هاواری ئەم دایکە بنگەی ئازاری تەواوی کۆمەڵگەیە. ئەم بنەماڵەیە ناڕەزایەتی خۆیان بەم شێوەیە نیشان دەدەن. هەڵوێستێکی هێژا و بەشکۆیە. هەموو ڕێکخراوەکانی تێکۆشانی دیموکراسی، پارتی و هەرکەسێک کە بە خۆی دەڵێت' من مرۆڤم'، دەبێت خاوەنداریەتی لە بەرخۆدانی ئەم بنەماڵەیە بکات. دەبێت ئەم دایکە بە تەنیا نەهێڵن."

' باشووری کوردستان و عێراق کێشەکانیان وەلاناوە، خۆیان سەرقالی شەنگال کردووە'

سەبری ئۆک ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر هەڕەشەکانی سەر شەنگال و وتی، " لە بەغداد، لە ناو بەڕێوەبەرئ باشووری کوردستان کێشەی قووڵی سیاسی، ئابوور و کۆمەڵایەتی هەیە. هەموو ئەو کیشانەیەن وەلاناوە و هەرێمی شەنگالیان کردووەتە کێشە ، ئامانجی ئەوان چییە؟ ئەگەر بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال بەردەوام بێت لە کارەکانی، دەسەڵاتی باشووری کوردستان لە عێراق چی لەدەست دەدەن؟ یان دۆخی ئیستای شەنگال چە مەترسییەکی لەسەر پەدەکە درووستکردووە؟ یان چە مەترسییەکی بۆسەر عێراق هەیە؟ هەزاران کەس لە کۆمەڵکووژیی دەرباز بوون، زووڵم و ستەمیان بینی و ئەو کۆمەڵکووژییە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بە فەرمی ناسێنرا. گەلۆ کۆمەڵەڵگەیەکی بەم رەنگە چە زیانی بۆ ئەوان دەبێت؟

هێشتا بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدیی ڕفێندراون یان کراونەتە کۆیلە. ئەگەر من بم، بەناوی کۆمەڵگەی ئێزدیی لە حکومەتی عێراق لێپرسینەوە دەکەم.ئەگەر ئێوە خۆتان وەک دەوڵەت دەبینن بچن ئەو هەزاران ژن و منداڵە ڕفێندراوە بهێننەوە. من دەپرسم؛ ئەو حەیدەر شەشۆ کاتێک کە هێرش کرایە سەر شەنگال چی کرد؟ هێشتا هەزاران ژن و منداڵ بێسەرو شوێنن. با بچێت ئەون بهێنێتەوە. هەمان پرسیاریش ڕووی لە پەدەکەیە. هەموو ڕاستییەکان-یان وەلا ناوە. دەخوازن مێژوویی شەنگال چەواشە بکەن، کاتێک هێرش لەسەر شەنگال بوو کە وەک فەرمانی ٧٣ هەم پیناسە دەکرێت، بەغداد چی کرد، پەدەکە چی کرد؟ نامەوەێت لەسەر هێزی پێشمەرگە شتێک بڵێم. لەبەر ئەوەی کە بەفەرمانی پەدەکە هێزی پیشمەرگە ناچار بوون پاشەکشێ بکەن. هیچکەس کارێکی نەکرد. گەلۆ چە بوو، بۆ چی ئەوەندە  قسەدەکەن و ڕاگەیەنراوی گێرە شێوێنانە دەدەن.بەم قسانە و ڕاگەیەنراوانە چیان دەست دەکەوێت؟ کۆمەڵگەی ئێزدیی تێری خۆی ستەمی بینیوە. ئیستاکە هەوڵ دەدەن هێدی هێدی بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان و برینەکانیان سارێژ بکەن. تاکە شتێک کە دەیانەوێت ئەوەیە کە ئازادانە لەسەر خاکەکەی خۆیان بژین. ئەم داخوازیە هیچ مەترسییەکی بۆ پەدەکە و حکومەتی عێراق نییە.

'با پەدەکە و حکومەتی عێراق کۆمەڵگەی ئێزدی ئازار نەدەن'

لێرەدا یاری کردن و نادادپەروەری هەیە. پێش هەموو شتێک با حەیدەر شەشۆ بڵێت؛ چەند منداڵی ڕزگار کردووە، چەند ژنی لەدەستی داعش ڕزگار کردووە.هەمان پرسیار ئاراستەی پەدەکە و بەغدادیش دەکەم. با سەرەتا وڵامی کۆمەڵگەی ئێزدی، مێژوو و مرۆڤایەتی بدەنەوە. هەموویان لەبیر کردووە. سەرەڕای ئەوەی کە کێشەی زۆریان هەیە کە ناتوانن تێیدا دەربچن، تاکە بابەتی ئەوان بووتە شەنگال. ئەمە ناحەقیە. دەبیت ئەمە بوترێت. هەروەها ئەمە پلانی دەوڵەتی تورکیایە. ئەنجامی گووشار و هەڕەشەی دەوڵەتی تورکە. یان حکومەتی عێراق بلێت' دەوڵەتی تورکیا گووشار دەکات'، ئێوەش دەوڵەتن، عێراق سەروەری خۆی هەیە. یان ئەگەر ڕۆژێک بەغداد داگیر بکەن هەمان هەڵوێست  دەنوێنن؟ ئەو شتەی کە ئێوە دەبێت بڵێن ئەوەیە، ' هیچ مافێکی نییە'. یان بە وتنی ناوی دەوڵەتی تورکیا بیانوو بۆ خۆتان درووست مەکەن. ئەو کات لە ئۆتۆریتەی دەوڵەت و نە سەروەرییەکەی دەمێنێت. هەمان شتیش لەسەر پەدەکە حوکم دەکات. هەر شوێنێکی باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە داگیر کراوە.وەک ئەوەی کە تێرنابن، گەلۆ دەخوازن شەنگالیش داگیر بکەن؟ ئامانج لە ڕاگەیەنراوی گێرە شێوینانە چییە؟ ئەمانە هەموو هەڵەیە. بێگوومان کۆمەڵگەی ئێزدیی بەرخۆدان دەکەن. کۆمەڵگەی ئێزدیی لە کاتی هێرشی داعشدا چیای شەنگالیان بەرنەدا.هەر بۆیە ئیرادەی مانەوە ئیراوەی ئەوانە. بێگوومان ئەو کەسانەی کە چوون ئێمە لەوان تێدەگەین. هەندیک لە بی چارەیی و ترسدا چوون. بەڵام ئەوانەی کە لەوی مانەوە و بەرخۆدانیان کرد، بەدەلی گرینگیان دا. ئیستاکە دەخوازن کە بە ئازادانە بژین. ئەوان دەڵێن کە نە بەڕیوەبەری پەدەکە و نە دەسەڵاتی عێراق ناناسن. لێرەدا لە چوارچێوەی یاسایەکی ڕاستدا دەتوانین رێکبکەوین.

گەلۆ هەوڵێکی شەنگالییەکان بۆ تێکبردنی باشووری کوردستان یان دەسەلای بەغداد هەیە؟ ئەی کیشە چییە؟ بە گۆشارەکانی دەوڵەتی تورک بەتەمان هەتاکوو کوێ بچن؟ دەولەتی تورک بەش بەحاڵی خۆی باشووری کوردستانی داگیرکردووە. گەلؤ شتێک لە دەستی پەدەکەدا ماوە کە لە دەرەوەی  ئیرادەی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان بێژێت؟ سوج و تاوانە. ئەمە نەکەن. نە تەحریکیان مەکەن و نە بە بیانووی جیاواز ڕەوایی بە کارەکانی خۆتان بدەن.  ئێوە سەروەی خۆتان هەیە. با هەڵویست و قسەی ئێوەش هەبێت. سەیر بکەن کۆمەڵگەی ئێزدیی تازەیە. هێشتا بەهەزاران کەسیان بێسەرووشوێنە. سەرەڕای ئەو هەموو ئەمانە دەتانەویت ئازارێکی تازەیان بدەن.بێگوومان کۆمەڵگە قەبووڵی ناکات.دەبێت ڕێز لە ئیرادەیان بگیردرێت."

ژ-ت/ ک-ش