شەهبا: رێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە چالاکی مانگرتنی زیندانیان بەڕێوەچوو

بۆ دەربڕینی پشتیوانی بۆ چالاکی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی تورکیا کە بە مەبەستی شکاندنی گۆشەگیری سەر عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردووە، لە ناوچەی شەهبا رێپێوانێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو.

لە ناوچەی شەهبا بە دەستپێشخەری کۆنگرەی ستار بۆ خاوەنداریکردن لە خۆڕاگریی زیندانیانی سیاسی لە بەندیخانەکانی تورکیا، بە دروشمی "بە خۆڕاگری زیندانەکان، فاشیزم و خیانەت لەناو دەبەین" رێپێوانێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو.

بە سەدان کەس لە دانیشتوانی ناوچەی شەهبا و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەشداریان لەو رێپێوانەدا کرد. رێپێوانەکە لە ناوچەی فافینی شەهباوە دەستی پێکرد و وێنەکانی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانی کۆنگرەی ستار بەرز کرانەوە.

دواتر رێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوەی جەماوەری و دوای وەستانی خولەکێک بە بێدەنگی، زەلوخ بەکر هاوسەرۆکی ئەنجومەنی کانتونی عەفرین لەسەر ناوی کۆنگرەی ستار قسەی کرد و وتی، پیرۆزبایی لە خۆڕاگری گەلی ئاوارەبووی عەفرین دەکەین کە ماوەی ٣ ساڵە لە هەوڵی گەڕانەوەدان بۆ سەر زێدی خۆیان. هەروەها خۆڕاگری ناو بەندیخانەکانی تورکیا کە بۆ شکاندنی گۆشەگیری سەر رێبەر ئاپۆ دەستیان پێکردووە، بەرز دەنرخێنین.

زەلۆخ بەکر هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەوان خاوەنداری لە چالاکیەکەی زیندانیە مانگرتوانی ناو بەندیخانەکانی تورکیا دەکەن و وتی، بە خۆڕاگری و تێکۆشان داگیرکەری تێک دەشکێنین، لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازی ئەوەی کرد کە گەلی کورد لە هەر جێگایەک بێت، تێکۆشان بەرز بکەنەوە.

رێپێوانەکە بە دروشمی 'بەرخۆدان ژیانە' کۆتایی پێهات.

ز.ش