شەو و رۆژ لەسەر سنوور لە دژی خیانەتی پەدەکە لە ئێشکگریدان

ماوەی هەفتەیەکە خەڵکی رۆژئاوا لەسەر سنوور لە چالاکیی ئێشکگریدان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو گەریلایانە، کە لەلایەن (پەدەکە)ەوە لە خەلیفان شەهید بوون. چالاکوانان دەڵێن، 'ئیدی بەسە، دان بە خۆداگرتنمان نەما. سنوورەکان تێکدەشکێنین و دەچینە تەرمەکانمان دەهێنینەوە

لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢١دا، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە خەلیفان بۆسەیەکیان دانا و ٥ گەریلایان شەهید کرد و دەستیان بەسەر تەرمەکاندا گرت. ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدانی هەرێمی جزیر لە رۆژی ٥ی تشرینی یەکەمەوە بۆ وەرگرتنی تەرمەکان چوونە دەروازەی سنووری سێمێڵکا و دەستیان بە چالاکی کرد و چادریان هەڵدا. گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەشداری ئەو چالاکییە بوون و هەفتەی چالاکییەکە کۆتایی هات. کەسوکاری شەهیدان و خەڵکی هەرێمەکە دەڵێن، کە تا ئەو کاتەی تەرمەکان وەردەگرنەوە بەردەوام دەبن لە چالاکییەکەیان.

گەنجان: دەبێت پەدەکە بزانێت ئەگەر دان بە خۆداگرتنمان کۆتایی پێ بێت سنوورەکان تێکدەشکێنین

هۆگر قامیشلۆ، گەنجێکی ریزەکانی تەڤدەم-ە، هۆشداری دایە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و وتی،" چەند ڕۆژێکە خەڵک لە سێمێڵکا بە فراوانی بەشداری چالاکییەکەیان کردووە. سەدان گەنج لە چالاکیدان. خەڵک دەڵێن، ئێمە چیتر دان بە خۆدا گرتنمان بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکان نەماوە. دەڵێن، ئەگەر تەرمەکانمان پێنەدەنەوە سنوورەکان تێکدەشکێنین. دەبێت پەدەکە ئەوە باش بزانێت.

هەموو گەنجێک و دایکێک دژی خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ن. ئیدی ئەو خیانەتەی مەسعود و نێچیرڤان بارزانی قابیلی قبوڵ نییە. هەر چۆن لە مێژوودا بە بەردەوامی خیانەتیان کردووە ئێستاش دەیانەوێت خیانەت بکەن، بەڵام ئێمەی گەنجان دژی ئەو سیاسەتە دەبین. بنەماڵەی بارزانی لە سایەى گەریلادا دەتوانن لە باشوور بمێننەوە. پەکەکە رۆیشت بۆ شەنگال، رۆژئاوا، کۆبانێ. پەکەکە ئامادەیە بۆ هەموو کورد و کوردستان و جیهان.

دایکی هەڤرین خەلەف-یش لە چالاکییەکەدایە

ڕۆژی ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ چەتەکانی دەوڵەتی تورک، هەڤرین خەلەف سکرتێری حزبی ئایندەی سوریایان شەهید کرد. سوعاد مستەفا دایکی هەڤرین خەلەف بەشداری چالاکییە بووە. سوعاد مستەفا، وتی: "ئەو چالاکییە لە بەردەم دەروازەی سنووریی سێمێڵکا بەردەوامە. چالاکییەکەمان بۆ ئەو کەسانەیە، کە گوایە برامانن و دەستیان بەسەر تەرمەکانماندا گرتووە و دەمانەوێت تەرمەکانیان لێوەربگرینەوە، بۆیە چالاکییەکەمان بەردەوام دەبێت. ئەگەر تەرمەکانمان لە دەستی کەسانی تردا بووایە، دەمانگوت، دوژمنە، خائینە. بەڵام بەداخەوە تەرمەکانمان لە دەستی برا کوردەکانماندایە. ئێمە چاوەرێی تەرمەکانین. ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکییەکەمان تا ئەو کاتەی تەرمەکانمان وەردەگرینەوە.

چالاکییەکە بە شەویشدا بەردەوامە

چالاکوانان دژی خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر سنوور لە چالاکیدان و شەوانە لە دەوری ئاگر گۆرانی دەچڕن و شەهیدەکان دەلاوێننەوە. شەوان چەندین گۆرانی و سرود لەسەر بەرخۆدانی گەریلا و خیانەتی کورد دەوترێت. بە درووشمەکانی 'بمرێ خیانەت، بژی بەرخۆدانی گەریلا'، بانگەواز لە کەسانی بەرامبەر دەکەن.

ئەو دەنگبێژانەی لە چالاکییەکەدا گۆرانییان دەوت، بانگەوازیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەبوو و وتیان: "ئێمە دەمانوت نابێت شەڕ لەنێوانماندا ڕووبدات، بەڵام بەداخەوە ڕوویدا. با شەهیدەکانمان پێ بدەنەوە، با پەیوەندیمان خراپ نەبێت. ئەم شەڕە لە دژی برایەتییە و زۆر قورسە. ژان و ئازار بە گەلی کورد و خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت. بە دەنگێکی بەرز بانگیان لێدەکەین، بەڵام پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی گوێمان لێناگرن. دەبێت ئێمە دەست لە شەڕی براکوژی هەڵگرین و لە دژی دوژمن یەکبگرین. کاتی یەکگرتن و سەرکەوتنە لە دژی دوژمن".

پەدەکە ڕێگریشی لە دایکانی ئاشتی کرد

٢٦  دایکی ئاشتی لە هەرێمی جزیری ڕۆژئاوا بۆ وەرگرتنەوەى تەرمی گەریلاکان بە ناوەکانی نەسرین تەمر (توڵهەڵدان رامان) و یوسف ئیبراهیم (سەردەم جودی)، کە پەدەکە لە خەلیفان شەهیدی کردن، رۆیشتن بۆ دەروازەی سنووری سێمێڵکا و خواستیان بڕۆن بۆ دەروازەی سنووریی پێشخابور و لەوێ بڕۆن تەرمەکان وەربگرنەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێگری لە دایکانی ئاشتی کرا. دایکانی ئاشتی لەو بارەیەوە ڕایانگەیاندبوو، چی دەبێت با ببێت دەبێت هەر تەرمەکان وەربگرینەوە و بۆ ئەوەش دەستیان بە چالاکیی دانیشتن کردووە.

میت لە رێگەى پەدەکەوە لە سێمێڵکا سیخوڕی دەکات

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانی هەرێمەوە بە دەستمان گەیشتووە، دوای دەستپێکردنی ئەو چالاکییە بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەو چالاکییە بێزار بووە و سیخوڕەکانی تورکیای لەسەر سنوور جێگیر کردووە.

پێشتر ئاشکرا بوو بوو، میت دەستی لە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵ و چاودێریکردنی دەروازەی سنووریی پیشخابووردا هەیە. ئەو کەسانەى دەیانەوێت لە رۆژئاواوە بڕۆن بۆ باشوور لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە پاساوی فۆرمی پەڕینەوە زانیاری بۆ فۆرمە هەواڵگری و سیخوڕی کۆدەکەنەوە و سیخوڕەکانی میت دەست بە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکەن، کە دەیانەوێت بپەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان.

ژ.ت