سوپای تورک منداڵان بۆ گروپە چەتەکان چەکدار دەکات

سوپای تورک لە سەرێکانی و گرێ سپیی داگیرکراودا، راهێنانی سەربازی بە منداڵان دەکات و چەکداریان دەکات و رەوانەی ریزی گروپە چەتەکان و بەرەکانی شەڕیان دەکات.

دەوڵەتی تورک لە سوریا تاوانی لە ئەژمارنەهاتووی ئەنجامداوە و ئەمجارەش لە سەرێکانی و گرێ سپیی داگیرکراودا، بە ناوی "پووچەڵکردنەوەى مین" راهێنانی سەربازی و جەنگیی بە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ دەکات.

ئەڤین جومعە هاوسەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەرێمی جزیر بەئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند، دەوڵەتی تورک تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و وتی، "پێشتریش ئەوە ئاشکرا بوو بوو، کە دەوڵەتی تورک ئەو جۆرە کارانە دەکات. لە عەفرین و کاتێک لە نێوان چەتەکاندا شەڕ روویدابوو، تەرمی ئەو منداڵانە دۆزرانەوە، کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بوو. دەوڵەتی تورک ئەو منداڵانە بۆ شەڕ بەکار دەهێنێت. لە ناو چەتەکانی دەوڵەتی تورک دا منداڵ چەکدارکراوە. منداڵانی سوریا راهێنانیان پێدەکرێت و رەوانەى لیبیایان دەکەن".

ئەڤین جومعە رایگەیاند، هەر وەک لە وێنەکاندا دەبینرێن، سەربازانی تورک راهێنانی مین و بۆمب بە منداڵانی تەمەن ٥- ١٥ ساڵ دەکەن و وتیشی، "دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی سوریا هێزێکی داگیرکەرە. بەهۆی ئەو کارانەوە دەبێت لێپرسینەوەى لەگەڵ بکرێت. دەبێت شاندێکی نێونەتەوەیی بڕۆنە ناوچە داگیرکراوەکان و لەبارەی دۆخی منداڵانەوە لێکۆڵینەوە بکەن و راگەیاندراو و راپۆرت بڵاوبکەنەوە. هەروەها دەبێت رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رێکخراوە حقوقی و یاساییەکانیش ئەرکەکانی خۆیان بەجێهبێنن".

لە پەرلەمانی تورکیاشدا ئەوە خرابووە رۆژەڤ، کە دەوڵەی تورک لە سوریا منداڵان چەکدار دەکات و رەوانەى بەرەکانی شەڕیان دەکات. لەوبارەیەوە ئونال چەڤیک ئۆز جێگری سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ کاروباری دەرەوە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا لە دانیشتنی دەستەى گشتیی پەرلەماندا رایگەیاندبوو، سوپای تورک لە سوریا منداڵان چەکدار دەکات و سەدا ٤٠ی سوپای نیشتمانیی سوریا لە منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ پێکدێن.

ژ.ت