تەرمی ٢ شەڕڤانی یەپەگە بە خاکسپێردران

تەرمی شەڕڤانی یەپەگە دیار ئارجیک و تەرمی شەڕڤانی قەسەدە ئەحمەد عوسمان بە بەشداریی هەزاران کەس لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بە خاکسپێردران.

تەرمی دیار ئەرجیک (هێرش جەسور) شەڕڤانی یەپەگە، کە لە حەڵەب بەهۆی رووداوی هاتوچۆ شەهید بوو بوو و تەرمی شەڕڤانی قەسەدە ئەحمەد عوسمان (گۆران دێرک)، کە بەهۆی نەخۆشییەوە شەهید بوو بوو، بە مەراسیمێکی جەماوەری لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک دا بە خاکسپێردران.

لە گۆڕستانەکەدا مەراسیمەکە بۆ یادی شەهیدانی ئازادی بە خولەکێک رێزگرتن بەڕێوەچوو. بە ناوی بەڕێوەبەریی خۆسەرەوە هاوسەرۆکی دەستەى ناوخۆیی هەرێمی جزیرە کەنعان بەرەکات وتەیەکی پێشکەشکرد و لە کەسایەتیی ئەو دوو شەڕڤانەدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان و گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا کرد.

کەنعان بەرەکات لە وتەکانیدا باسی لە هەڵوێستی حکومەتی باشووری کوردستان و بێدەنگیی لەبارەی راگەیاندراو و لێدوانەکانی نەسر حەریری سەرۆکی هاوپەیمانیی نەتەوەیی سوریا و تاوانەکانی لەدژی بەڕێوەبەریی خۆسەر کرد و وتی، "ئۆپۆزسیۆن هەرگیز خزمەت بە گەلی سوریا ناکات، لەوەش زیاتر بووەتە مقاشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر".

هەروەها لە مەراسیمەکەدا وەناس شێوێش بە ناوی ئەنجوومەنی بنەماڵەى شەهیدان لە دێرک وتی، "ئێمە پەیمان بە گەلی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەدەین، کە تاوەکو مسۆگەرکردنی ئازادی و دیموکراسی درێژە بە رێگای شەهیدان دەدەین".

لە دوای پێشکەشکردنی وتەکان، ئەنجوومەنی بنەماڵەى شەهیدان ناسنامەى شەهیدەکانی خوێندەوە و رادەستی بنەماڵەکانیان کران.

جەماوەر تەرمی هەر دوو شەهیدەکەیان بە هەلهەلەی دایکان و بە دەم وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێ" بە خاکسپارد.

ژ.ت