تەرمی ٤ شەهید بەخاکسپێردران و ئاگری تۆڵهەڵدان گەریلای هەپەگە بەبیرهێنرایەوە

مەراسیمێک بۆ ٥ شەهید لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە حەسەکە بەڕێوەچوو.

عەبدولرەحمان سوێدان و ئەمیر عەبدولرەحمان ئەلخدر ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا کە لە ١٣ی تشرینی یەکەم (دوێنێ) لە حەسەکە شەهید ببوون و شەڕڤانانی قەسەدە فەرهاد ئەرسلان (دۆغان دەردری) و ماهیر یونس (زینار تل تەمیر) کە لە 27ی ئابی ڕابردوو لەعین عیسا شەهید بوون، سپێردران.

هاوڵاتیان تەرمی هەر چوار شەهیدیان لە ناوەندی کۆمەڵەی خانەوادەی شەهیدان لە حەسەکە وەرگرت و بە کاروانێکی دەیان ئۆتۆمبێل کە بە وێنەی شەهیدان ڕازێندرابوونەوە، چوونە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە گوندی داودیهی حەسەکە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن و یادکردنەوەی شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی بەڕێوەچوو و پاشان حسێن کۆچبەر فەرماندەی ئەرکی خۆپاراستن قسەی کرد.

کۆچبەر رایگەیاند، لە سایەی رەنجی شەهیدان، بەڕێوەبەری خۆسەر و هێزەکانیان بوون بە نمونەی دروستکردنی سیستمی دیموکراتی لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کۆچبەر وتی:"بە هەموو نرخێک بێت ئێمە بە هێز و ویستی خۆمان هەموو ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد دەکەین. دانیشتوانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشت بە لایەنی دەرەکی نابەستن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بەڵکو پشت بە هێز و ویستی ئازادی خۆیان دەبەستن."

بەناوی ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدانەوە، بەدریە حەواڵە سەرەخۆشی لەکەسوکاری شەهیدان کرد و بەلێنی تێکۆشانی لەسەر ڕێچکەی شەهیدان دووبارە کردەوە.

عەبدولغەنی ئۆسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری هەرێمی حەسەکە، جەختی لە گرنگیی پتەوکردنی تێکۆشان لە دژی پیلانەکانی دوژمن و پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش کردەوە.

پاشان ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ناسنامەی گەریلا نەوزاد محەمەد (ئاگری تۆڵهەڵدانی)ی ئاشکرا کرد. نەوزاد محەمەد لە بەرخۆدانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە هەرێمی زاپ شەهید بوو.

ڕۆژدا محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی خانەوادەی شەهیدان ناسنامەی شەهیدەکانی خوێندەوە و ڕادەستی کەسوکاریان کران.

دواتر تەرمی  عەبدولرەحمان سوێدان و ئەمیر عەبدولرەحمان ئەلخدر ئەندامانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە گۆڕستانی شەهید دژوار بەخاکسپێردران و تەرمی شەهید فەرهاد بەرەو دێرک رەوانەکرا و تەرمی شەهید ماهیر یونس لە بۆ گۆڕستانی شەهیدانی تەل تەمر رەوانەکرا.

ف.ق