تەڤدەم: چارەسەری لە قامشلۆیە، نەک لە ئەنکەرە

غەریب حسۆ هاوسەرۆکی تەڤدەم رایگەیاند، چاوپێکەوتنی نێوان پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان لەگەڵ ئەنەکەسە خاو بوونەتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت ئەنەکەسە ئەوە قبوڵ بکات کە چارەسەری لە قامشلۆیە، نەک لە ئەنکەرە.

غەریب حسۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری تەڤدەم رایگەیاند، دوای ئەوەی چاوپێکەوتنەکان لە گەڵ ئەنجومەنی نشتیمانی کوردی سوری-ئەنەکەسە دەستی پێکرد، دیالۆگەکانیان لەگەڵ شام کۆتاییان پێهێنرا و لەم رووەوە تیشکی خستە سەر کاریگەری پەیوەندیەکانی تورکیا لەسەر هەڵوێستەکانی ئەنەکەسە.

چاوپێکەوتنەکان بۆ بەهێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی لە نێوان پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوا لەگەڵ ئەنجومەنی نشتیمانی کوردی سوریا-ئەنەکەسە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان پێکردبوو، بەهۆی ناڕەزایەتیەکانی ئەنەکەسە لە بەرامبەر سیستمی پەرەوەردە بە زمانی کوردی و سیستمی هاوسەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، ئاستەنگیان بۆ دروست بووە.

شاندێکی ئەنەکەسە هەفتەی رابردوو جارێکی تر لە ئەنکەرە بوو و لەگەڵ بەرپرسە تورکەکان دانیشتنی ئەنجامدا، ئەمەش لە ناو کۆمەڵگا جارێکی تر بووەتە هۆی گومان و ناڕەزایەتی.

غەریب حسۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیکی رۆژئاوا-تەڤدەم لە بارەی پەیوەندیەکانی یەکێتی نەتەوەیی لە نێوان پارتەکانی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە رۆژئاوا لەگەڵ ئەنەکەسە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

حسۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی چاوپێکەوتنەکانی یەکێتی نەتەوەیی لە رۆژئاوای کوردستان نزیکەی ساڵێکە بەردەوامن و رایگەیاند، رای گشتی کورد پشتیوانیەکی تەواو دەدات بەو چاوپێکەوتنانە و کاریگەریەکی ئەرێنیان هەیە.

غەری حسۆ رایگەیاند، ئەگەر چاوپێکەوتنەکان جار بە جار رووبەڕووی رێگریش بووبێتنەوە، بەڵام بە ئارامگرتنی لایەنەکان، بەردەوام بووە.

گەل لە چوونیان بۆ ئەنکەرە دڵگرانە

غەریب حسۆ راشیگەیاند، هۆکاری سەرەکی تێکچوونی چاوپێکەوتنەکان، لێدوانە نابەجێکان و چاوپێکەوتنەکانی ئەنەکەسەیە لەگەڵ چەند وڵاتێکی هەرێمی و لەم چوارچێوەیەشدا باسی لە سەردانی شاندەکانی ئەنەکەسەی کرد بۆ تورکیا و وتی:"دوای هەر چاوپێکەتنێک، ئەنەکەسە روو لە ئەنکەرە دەکات، لەوێ لێدوان بڵاو دەکەنەوە، وێنە و دیمەنەکانیان بڵاو دەکەنەوە و ئەمەش کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر چاوپێکەوتنەکانیان لە رۆژئاوا دروست دەکات. نەک تەها ئێمە، بەڵکو کۆمەڵگاش لەمە دڵگرانە. کۆمەڵگای کوردی، دەوڵەتی تورک وەکو دوژمن و وڵاتێکی داگیرکەر دەبینێت. چوونەپاڵ ئەنەکەسە لەگەڵ داگیرکەران و هێزی دوژمن و بەشداریکردنیان لە پلانی داگیرکەراندا، لە ناو گەلدا بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و دڵگرانی."

پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئەنکەرە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە

غەریب حسۆ وتیشی، بەشێکی زۆری کۆمەڵگا تا ئێستاش بڕوای بە ئەنەکەسە نیە، بە گومانەوە تەماشای دەکەن. کردەوەکانیان لە ماوەی رابردوودا، هەروەها رۆڵیان لە داگیرکردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپیدا، بووەتە هۆکار کە کۆمەڵگا بە گومانەوە تەماشایان بکات.

حسیۆ ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای هەر دانیشتن و چاوپێکەتنێکیان لە رۆژئاوای کوردستان، ئەنەکەسە سەردانی ئەنکەرە دەکات و وتی:"ئەمە چی واتایەکی هەیە؟ ئاشکرایە کە دەچێت و زانیاری دەدات بە تورکیا. بەو رێنوێنیانەی لە ئەنکەرەوە پێیان دەدرێت، مەرج بۆ چاوپێکەوتنەکانی ئێرە دادەنێن. ئێمە دەپرسین، ئایا چاوپێکەوتنەکان بۆ یەکێتی کورد، بە ئاگاداری دەوڵەتی تورک و رێنوێنیەکانی ئەو دەوڵەتە، بەڕێوە دەچێت. ئەمانە هەمووی کێشەن."

دەوڵەتی تورکیا دژەیەتی

هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری تەڤدەم، باسی لە دژایەتی ئەنەکەسە بۆ سیستمی پەروەردەی زمانی کوردی و سیستمی هاوسەرۆکایەتی و خودی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کرد و وتی:"دەوڵەتی تورک لە دژی زمانی کوردیە، لە دژی دیمۆکراسی و ئازادیی ژنان و شۆڕشە. ئەنەکەسەش ئەم داواکاریانەی ئەنکەرە لە چاوپێکەوتنەکاندا وەکو مەرج دەخاتەڕوو."  

بەڕاستی ئەوان چیان دەوێت؟

هاوسەرۆک غەریب حسۆ رایگەیاند، کاتێک لەگەڵ ئەنەکەسە بابەتێکی ورد و بچوکیش گۆتوبێژ دەکەین، راستەوخۆ دەڵێن، 'دەبێت لەگەڵ ئۆرگانە بەرپرسەکانمان راوێژ بکەین' و وتی:" ئەوان لەگەڵ داگیرکەران راوێژ دەکەن. بە راستی ئێمە نازانین ئەنەکەسە چی دەوێت. کاتێک داواکاریەکانیشیان قبوڵ دەکەین، دیسان دەڕۆن و لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا راوێژ دەکەن. بۆیە ئێمە نازانین ئەوان چیان دەوێت. لێیان دەپرسین، ئایا دەتوانەوێت ببن بە هاوبەشی شۆرش و شکۆمەندیەکان یان دەیاتەوێت ببن بە هاوبەشی دوژمن و داگیرکەران؟"

چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی شام بۆچی وەستێنران؟

غەریب حسۆ رایگەیاند، ئەم هەڵسوکەوتانەیان کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر چاوپێکەوتنەکانی یەکێتی نەتەوەیی دروست دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکان لە گەڵ ئەنەکەسە، چاوپێکەتنەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ رژێمی سوریا وەستێنران و وتی:"بۆ نمونە بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکانی یەکێتی نەتەوەیی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەگەڵ رژێمی سوریا چاوپێکەتنی ئەنجام دەدا. لە نێوان هەردوو لادا دیالۆگ هەبوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی چاوپێکەوتنەکانی یەکێتی نەتەوەیی، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دانیشتنەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا وەستاند. هۆکاری ئەمە چی بوو؟ چونکە ئەنەکەسە دەوڵەتی تورکیا دەسەپێنێت. هەڵوێستەکانی ئەنەکەسە لە هەموو روویەکەوە، دەبێتە هۆکاری وەستانی قۆناغەکە."

چارەسەری لە قامشلۆیە

هاوسەرۆکی تەڤدەم وتی:"دەمانەوێت ئەوە بە خوشک و براکانمان لە ناو ئەنەکەسە بڵێین، گرنگترینیان بە بنەماگرتنی چاوپێکەوتنەکانی قامشلۆیە. ئیرادەی ئێمە و گەلەکەمان لە قامشلۆوە نوێنەرایەتی دەکرێت. چارەسەری لە قامشلۆیە، نەک ئەنکەرە و ئەستەنبول و دیلۆک. قامشلۆ دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات. ئێمە لە دڵەوە لە ئەنەکەسە دەپرسین: تا ئێستا چی سوودێکتان لە دەوڵەتی تورکیا بینیوە؟ جگە لە داگیرکەری، زوڵم، نایەکسانی و بێکاریگەرکردنتان، ئایا ئێوە چی سوودێکتان لێبینیوە؟ دەوڵەت تورکیا ئەوان وەکو داردەستێک بەکار دێنێت. ئێمە هیوادارین ئەوانیش ئیدی ئەمە ببینن و قبوڵی بکەن و تێبگەن کە چارەسەری نە لە ئەنکەرە، نە لە ئەستەنبول و نە لە دیلۆکە، بەڵکو شوێنی چارەسەری لە قامشلۆیە.؟

هەموو ئەندامانی ئەنەکەسە هەمان بۆچوونیان نیە

غەریب حسۆ لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، ئەندامانی ئەنەکەسە کە لە رۆژئاوان، سیاسەت دەکەن، بۆچوونی ئەوانەی لە رۆژئاوان، لەگەڵ ئەو ئەندامانەیان کە لە تورکیا یان لە شوێنێکی تر سیاسەت دەکەن و لەو شوێنانە دەمێننەوە، جیاوازە و وتی:" بە بڕوای من، هەموو ئەندامانی ئەنەکەسە هەمان بۆچوونیان نیە. بۆ نمونە ئەوانەی لێرەن، لە ناو دامودەزگاکاندا جێیان گرتووە و بەشدارن لە دامودەزگا خزمەتگوزاریەکاندا. بەڵام ئەو ئەندامانەیان کە لە تورکیان، ئیرادەی ئەوانەی دیکەش رادەست دەکەن. لە هەموو هەنگاوێکدا بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە پێش هەموو شتێکەوە دەبینن. ئەوانەی لێرەن ئەمە باش دەبینن. هەڵەکان باش شیرۆڤە دەکەن، بەڵام چونکە هیچیان لەدەست نایەت، بێدەنگن."

ز.ش