تەڤدەم: ئێمە بۆ ئێزدییەکان و شەنگال سەفەربەر دەبین

تەڤدەم ناڕەزایەتیی لە دژی رێککەوتنى سەر شەنگال راگەیاند و وتی، "بۆ ئەوەى ئێزدییەکان بتوانن لە شەنگال بە شێوەیەکی ئازاد ئیرادەی خۆیان بەکار بهێنن، دەبێت هەمووان بە هەموو شێوەیەک سەفەربەر ببن".

بزووتنەوەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) لەبارەی گوشارەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراق بۆ سەر ئاسایشی ئێزدخان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

راگەیاندراوەکەى تەڤدەم:

"رێکخستنی داعشی تیرۆریست لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا هێرشی کردە سەر شەنگال و گەلەکەی. لە گەڵ ئەو هێرشەدا سوپای عێراق و پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) رایانکرد و دەستیان لە ئەرکە ئەخەلاقییەکانیان هەڵگرت و کۆمەڵگەى ئێزدیی شەنگالیان لە ژێر چەپۆکەى تیرۆر، کوشتار و کۆمەڵکوژیدا بەجێهێشت. ئەوەش بۆ رێکخستنی تیرۆریستیی داعش بووە پشتیوانی و پشتگیریی ئەوە، کە فەرمانی ٧٣هەمین لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی ئەنجام بدات. ئەو فەرمانەش لە سەرەتای سەدەی ٢١دا بوە کارەساتێکی مرۆڤایەتی. داعش بەو هێرشەى لە دژی هەزاران دانیشتوی ئێزدی کۆمەڵکوژی، سەربڕین و کوشتاری ئەنجامدا و هەزاران ژنی فرۆشت، گەنجان و منداڵانی رفاند و تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆش چارەنووسیان دیار نییە. هەموو ئەوانەش بە پشتیوانیی راستەوخۆی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر روویاندا، هەروەها حکومەتی بەغدا و هەولێر بێدەنگبوون و هیچ هەڵوێستێک، یان راگەیاندراوێکی ئیدانەکردنیشیان بڵاونەکردەوە.

'نکۆڵیکردن لە ئێزدییەکان بە مانای نکۆڵیکردنە لە کولتوری میزۆپۆتامیا'

کۆمەڵگەى ئێزدیی شەنگال پارێزگاری لە بەها، نرخ، کولتور و میراتی مێژوویی خۆی کردووە، گەنجان لە پێناو پاراستنی خۆیان لەو تیرۆرە گیانی خۆیان بەخشی، بەڵام ئەگەر دەستوەردانی مرۆڤانە و ئەخلاقیانەى یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستانەوە نەبوایە، کە ژیانی هەزاران کەسی لە هاووڵاتییانی کۆمەڵگەیى ئێزدی رزگارکرد، ئەوا لەو کاتەدا کۆمەڵکوژیی سەدە روویدەدا و گەلێک تاوانی گەورەی  دژ بە مرۆڤایەتی روویان دەدا.

کۆمەڵگەى ئێزدیی شەنگال بەرەنگاری و خۆڕاگریی کرد و تێرۆری تێکشکاند و لە سایەی رەنجی شەڕڤانانی یەبەشە و یەبەشە – ژن و هێزەکانی ئاسایشی ئێزدخان، بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیکیان دروستبوو. کۆمەڵگەى ئێزدی هەزاران شەهیدیان لە پێناو پاراستنی خۆیان و پاراستنی عێراقدا بەخشی. هەروەها ئێزدییەکان خۆیان بە بەشێک لە وڵاتی عێراق دەزانن، کە وڵاتی لانکەى شارستانیەتی کۆنە و بە هەموو پێکهاتەکانەوە بوونەتە هۆی ئەوەى عێراق نوێ دابمەزرێت. هەر جۆرە نکۆڵییەک لەو پێکهاتانە بە مانای نکۆڵیکردنە لە کولتوری وڵاتی نێوان دوو رووبار. جوانیی عێراق بە جوانیی ئیرادە و ورەی ئێزدییەکانەوە پەیوەستە. گەلۆ چۆن فیدراڵیی عێراق نکۆڵی لە بوونی ئێزدییەکان دەکات، کە هەڵگری ناسنامەى عێراقن، دەرگا و دەروازەکانی سەر شەنگال زیاتر لە ٣ مانگە داخراون. ئەوەش بە مانای تێکدان و چاندنی فیتنەى تائیفییە، کە رەنگە لە ناوچەکانی تری وەک بەغدا هەبێت و دروستکرابێت.

'بەغدا پێویستی بەوە نییە بچێتە یارییەکانی ئەنقەرە و هەولێر"

بەشداریی عێراق لە رێککەوتنی هەولێر و ئەنقەرە لە دژی نرخ و بەهای ئێزدییەکان لە شەنگال، ناچێتە خزمەتی عێراق و گەلەکەیەوە، بەڵکو سەرەتا و بە شێوەیەکی سەرەکی دەچێتە خزمەتی ئەو کەس و لایەنانە، کە شەنگال و دانیشتوانەکەیان بەبێ بەرگری لە بەرامبەر تیرۆری داعش دا بەجێهێشت و دوای ئەوەش دەچێتە خزمەتی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، کە هەموو رێگا و شێوازێک بەکار دەهێنێت تاوەکو شەنگال لە ئێزدییەکان چۆڵ بکات و ئیسلامییە توندڕەوەکان لە شوێنیاندا جێگیر و نیشتەجێ بکات. هەروەها ژمارەیەکی زۆر هێرشی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دژی شەنگال بە ئامانجی زیان گەیاندنە بە ئیرادە و ورەی ئێزدییەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا دەیان و سەدان هاووڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون و ماڵ و موڵکی دانیشتوانەکەى بە بەرچاوی جیهانەوە وێران دەکرێت.

سەرباری ئەوەى کۆمەڵگەى ئێزدی فەرمانی ٧٣هەمینی بەسەردا هات و خۆی رادەست نەکرد، بەڵام ئیدی لەگەڵیاندا فەلسەفەی ژیانی ئازاد و هاوبەش، کە پشتبەستووە بە بنەما و ئەخلاق بونیاتنراوە، تاوەکو خۆیان بە ئیرادەی ئازاد بگەیەنن. ئەوەش گونجاوترین رێگا چارەیە بۆ سنووردارکردنی فەرمان و پاکتاوکارییەکان لە دژی کۆمەڵگەى ئێزدی.

"دەبێت ئێمە بۆ شەنگال سەفەربەری رابگەیەنین"

ئێمە وەک تەڤدەم داوا لە گەلی کورد بە گشتی و کۆمەڵگەى ئێزدی بە تایبەت و هەموو رێکخستنەکانی کۆمەڵگەى مەدەنی دەکەین، کە بە هەموو دەرفەت و تواناکانیانەوە سەفەربەر ببن و ببنە پاڵپشت و پشتیوانی هەڵوێستی گونجاو بۆ ئیرادەی کۆمەڵگەى ئێزدی لە شەنگال، چونکە کۆمەڵگەى ئێزدیی شەنگال ئەمڕۆ لەلایەن ئەو کەسانەوە، کە پشتیوانیان لە داعش کرد تاوەکو لە دژی دانیشتوانی شەنگال کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات، دووبارە مەترسیی فەرمانێکی نوێی لەسەرە. ئەمڕۆش شۆڤێنییە بەعسییەکان بە دەوری شەنگال دا کۆبوونەتەوە تاوەکو ئێرادەی ئێزدییەکان و شەنگالییەکان تێکبشکێنن و چەندین کۆمەڵکوژیی تر ئەنجام بدەن، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژییانە خزمەت بە هیچ کەسێک ناکەن.

"بڕیارێکی هەڵە دەبێتە هۆی ئەوەى دووبارە داعش لە عێراق زیندوو ببێتەوە"

دەبێت حکومەتی عێراق باش بزانێت، کە بەرژەوەندیی گەلی عێراق بە هەموو ئیتنیک و پێکهاتەکانییەوە بۆ خزمەتی عێراقە، نەک بۆ خزمەتی پەدەکە، دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتە تیرۆریستەکانی رێکخستنی داعش. هەر بڕیارێکی هەڵە و چەوت بدرێت ئەو بڕیارە دەبێتە پشتیوانی بۆ خزمەتکردن بە بوژاندنەوەى داعش لە سەرتاسەری عێراق دا".

ژ.ت