ئاڵدار خەلیل: پێویستە بە تێكۆشانی بێ وچان هەرێمە داگیركراوەكان ڕزگار بكەین

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە دەستینشانیکرد کە تاکە رێگەی ڕزگار کردنی هەرێمە داگیرکراوەکان لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک وچەتەکانی تێکۆشانی بێ وچانە.

ئاڵدار خەلیل ئەندامێكی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی- پەیەدە، جەخت دەكاتەوە لە تێكۆشانی زیاتر لەپێناو نەهێشتنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک و ڕزگارکردنی عەفرین و هەموو ناوچە داگیرکراوەکانی دیكە.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی هەرێمی عەفرین، كۆبوونەوەیەكی جەماوەریی بۆ ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، ساز كرد.

ئاڵدار خەلیل لە كۆبوونەوەكەدا كە لە هۆڵی كامپی سەردەم لە ناوچەی شەهبا ساز كرابوو، تیشكی خستە سەر بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە ‌و سووریا ‌و بەتایبەت داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك لە ڕۆژئاوای كوردستان.

ئەندامەكەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، جەختی كردەوە لەوەی، بەهیچ شیوەیەك دەستبەرداری عەفرین نابن ‌و وتی: لە بارودۆخێكی ناچاریدا، عەفرینیان جێهێشتوە، بۆیە ئەگەرچی لە ڕووی جوگرافییەوە لە عەفرین دوورن، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری نابن.

ئاڵدار خەلیل، وتیشی: پێویستە هەموان ئاستی تێكۆشانیان بەرز بكەنەوە ‌و بە گیانی بەرەنگاربوونەوەی عەفرین، تێبكۆشن بۆ ڕزگاركردنی سەرجەم ناوچە داگیركراوەكان لە دەست دەوڵەتی توركی داگیركەر ‌و چەتەكانی.

ک-ش