ئاماری هێرشەکانی سەر منبج لە مانگی ئایاردا بڵاوکرایەوە

ئەنجومەنی سەربازی منبج ئاماری مانگی ئایاری هێرشەکانی سەر منبجی بڵاوکردەوە.

ناوەندی راگەیاندنی ئەنجومەنی سەربازی منبج لە ئامارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە مانگی ئایاردا سوپای داگیرکەری تورک هێرشی کردووەتە سەر گوندەکانی عەرەب حەسەنی گەورە، ئەلهۆشری، ئەلژات، تۆخار کبیر، تۆغار سەغیر، ئوم ئەسەدا، ئەل دەندەنیە و ئەم جلودی.

ناوەندەکە باسی ئەوەیکرد کە ئەو گوندانی تۆپبارانکراون، پڕن لە خەڵكی مەدەنی و زیانێکی زۆر بەر موڵ و ماڵیان کەوتووە.

هەروەها باسی ئەوەشێ کرد کە بە ئارمانجگرتنی گوندەکانی باکور و رۆژاڤای منبج لە بارەگاکانی دەوڵەتی تورک لە هەرێمە داگیرکراوەکانی باکوری سوریاوە ئەنجامدراون.

ناوەندی راگەیاندن باسی ئەوەی کرد کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە مانگی رابردوودا بە ئەنقەست رووبەری گەورەی زەوی گوندەکانی ئەلژات و ئەلهۆشەریەی سووتاندووە.

بەپێی ئامارەکە، ئەنجومەنی سەربازی منبج رێگری لە هێرشی گروپە چەتەکان کردووە کە لە باکوری رۆژهەڵاتی منبجەوە هێرشیان کردووە و لە ئەنجامدا ٣ چەتە کوژراون و دەست بەسەر چەکەکانیاندا گیراوە.

ناوەندی راگەیاندن باسی ئەوە دەکات، هێرش و هەوڵەکانی چەتەکان بۆ دەستگیرکردن بەسەر هەندێک ناوچە رێگریان لێکراوە و بۆیەش دەوڵەتی تورک گوندەکانی ئەلژات و ئەلهۆشەریەی تۆپباران کردووە. لە هەمانکاتدا کاتێک چەتەکان هەوڵیانداوە تەرمەکانیان بگوازنەوە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک گوندی قراتێی باکور و رۆژهەڵاتی منبجی لە رێگەی ٥٠ تۆپەوە تۆپباران کردووە.

هەروەها دەشلێت، لە ئەنجامی تۆپباراندا کە تاوەکو کاتژمێر ١٩:٠٠ بەردەوام بووە، زیانێکی زۆری مادی و وێرانکاری بەر خەڵكی مەدەنی کەوتووە. هەروەها زۆر زەوی گوندەکانی ئەلژات و ئەلهۆشەریە سووتاون.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی رۆژانە گوندەکانی منبج و رۆژئاوای منبج تۆپباران دەکەن و هەندێک جار خەڵكی مەدەنی ناوچەکە دەبێتە قوربانی.

ف.ق