ئاشکرابوو کە لە وەرخەڵێ چەکی تەرمۆباریکی قەدەغەکراو بەکارهێنراوە

سوپای تورک دوای هێرشی وەرخەلێ هەوڵیدا چەکەکانی کە نەیتوانی بیباتەوە بسووتێنێت. لە بەرگی کەلوپەلی سەربازیدا دەرکەوت کە چەکی قەدەغەکراوی تەرمۆباریکی بەکارهێناوە.

لە تۆنێلەکانی شەڕی وەرخەلێ و سەنگەرەکاندا دوای ئەوەی بەفر توایەوە، تاوانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئاشکرا بوون. هێزەکانی گەریلا دێمەن و وێنەی ئەو کەلوپەلەیان تۆمار کرد. لەسەر کارتۆن و بەرگی کەلوپەلەکان ' تەرمۆباریک' نووسراوە.

سوپای تورک ساڵی رابردوو دوای تێکشکانی لە گارێ، لە ٢٣ی نیساندا شەوێک هێرشی کردە سەر زاپ، مەتینا و ئاڤاشین. لەبەرانبەر ئەو هێرشە داگیرکەریەدا، بەرخۆدانێکی گەورە دەستیپێکرد. سوپای تورک لەگەڵ ئەوەی پشتگیری لە ناتۆ وەردەگرێت، هەموو چەکەکانی ناتۆ، تەکنەلۆژیای ئاسمانی و زەمینی، نەیتوانی بەرخۆدانی گەریلاکانی ئازادی بشکێنێت. سوپای تورک هەموو پێوانە گەردونی، یاسایی و ئەخلاوی خستە لاوە و بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو دەستی بە هێرش کرد.

٥ مادەی کیمیایی لەدژی گەریلا بەکارهێنراون

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە ٢٧ی تشرینی دووەم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) باسی لەوەکردبوو، کە خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک، وتویەتی 'ئێمە تەنیا گازی بیبەر بەکار دەهێنین' درۆ دەکات. قەرەیلان باسی لەوەشکرد، سەلماندومانە، کە ٥ جۆر چەکی کیمیایی بەکارهێنراون و ئەو زانیارییانەی خستەڕوو:

* لەوانە یەکەمیان گازی دەمارە. واتە خانەکانی دەماری مرۆڤ سڕ دەکات. وادەکات مرۆڤ سست و بێ جوڵە بکات و دوای ماوەیەکی کورت مرۆڤ گیان لەدەست دەدات. بە ماددەی پێکهێنەری سەرەکیی ئەو گازە دەوترێت تابون. کاتێک ئەو چەکە بەکاردەهێنرێت بۆنی خەستی میوە بڵاو دەبێتەوە، بەڵام هەندێک جاریش هیچ بۆنێکی لێوەنایات.

* چەکی دووەم، کە بەکاریدەهێنن مرۆڤەکان دەخنکێنێت. ئەو چەکە گازی کلۆرۆپینی تێدایە، ئەو گازە گرین کروزیشی پێ دەوترێت. ئەڵمانییەکان لە کاتی شەڕی یەکەمی جیهانیدا فۆرمولەکەیان دروست کرد. هەر لەو کاتەوە کەوتوەتە دەست تورکەکانیش. دوور نییە تورکەکان لەئێستادا هەر خۆیان ئەو گازە بەرهەم بهێنن، بەڵام رێی تێدەچێت لەگەڵ ئەڵمانییەکانیش بەرهەمی بهێنن. بەڵام سەرچاوەی سەرەکی ئەو چەکە ئەڵمانیایە. کاتێک ئەو چەکە لە گۆڕەپانەکان و لە هەر شوێنێکدا بەکاربهێنرێت مرۆڤەکان دەخنکێنێت.

* گازێکی دیکە گازێکی سوتێنەرە. ئەو گازە مرۆڤەکان دەستونێنێت و وشکیان دەکاتەوە. بۆ هەر شوێنێکی هەڵبدات ئەو شوێنە دەسوتێنێت. ناوی کیمیایی ئەو جۆرەیان سولفور موستانت-ە. ئەوەش لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە دروست کراوە. ناوەکەی تری یەڵۆ کروزە. کاتێک ئەوە بەکاردەهێنرێت هەندێک جار رەنگەکەی سەوز دەبێت، بەڵام ئاگر لەو ناوچەیە بەردەدات و دەیسوتێنێت، کە تیایدا بەکاردەهێنرێت.

* گازێکی دیکە، کە بەکاری دەهێنن مرۆڤەکان تووشی داهێزران و سستی دەکات. مرۆڤ سڕ و بێ جوڵە دەکات، بۆ ماوەیەکی کاتی مرۆڤ لەپەلوپۆ دەخات و ئیفلیجی دەکات. وەک ئەوەی لە شاخی کارتاڵ کردیان، ئەو گازەیان لە زۆر ناوچەی دیکەدا بەکارهێناوە.

* پێنجەمیش گازی بیبەرە. واتە ئەو گازەی ئێستا لە خۆپیشاندانەکاندا بەکاردەهێنرێت. بێگومان کاتێک ئەو گازە لە شوێنێکی داخراو و بەرتەسک یان لە ناو تونێلێک دا بەکاربهێنرێت، ئەوکاتە هەلومەرجی ژیان ناهێڵێت و ژیان لە ناو دەبات. واتە ئەوەش لەو شێوەی بەکارهێنانەدا دەبێتە گازێک بۆ کوشتن و گازێکی کوشەندەیە.

بۆ ٤٠ وڵات راپۆری نێردران

ئەحمەد قەرەموس هاوسەرۆکی کەنەکە ٥ی شوبات بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کردبوو و وتبووی، " لە کانیماسێ،ئاڤاشین و مەتینا لەهێرشی ئاسمانی و زەمینیدا ٣٢٢ جار چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە. ژمارەیەک ڕێکخراوی نێودەوڵەتی چوون بۆ ئەوێ و لێکۆلینەوەیان کرد. پشکنین بۆ ئەو کەسانە کرا کە چەکەکان کاریگەریان لەسەر دروست کردووە. ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکارهێناوە. بەپێی زانیاریی و بەڵگەکەمان راپۆرتێک ئامادەکراوە و بۆ ٤٠ وڵات نێردراوە.

قەرەموس وتبووی، " ئێمە لەگەڵ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی (ئۆ پی سی دەبلیۆ) کۆبوینەوە. بەڵگەکانمان پێشکەش کرد. زۆر جار سەردانمان کرد. راپۆرت و بەڵگەکانی ئێمەیان وەرگرت. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وڵامێک نەدراوەتەوە. لەبەرئەوەی تورکیا ئەندامی ناتۆیە، خۆیان دوور گرت."

کاریگەری لەسەر ٥٥٠ گوند دروست کردووە

قەرەموس رایگەیاند، لە کاتی هێرشی داگیرکەری تورکدا، لە دەوروبەری ٥٥٠ گوند چەکی کیمیایی بەکارهێنراوە و وتی، " بەو هۆیەوە زۆر کەس بریندار و نەخۆش بوون و سەردانی پزیشکیان کرد، بەڵام بەداخەوە بێدەنگیەکی گەورە هەیە."

بەڵگەی نوێی هەیە

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاماری شەڕی ساڵی ٢٠٢١ی بڵاوکردبووەوە. لە ئامارەکەدا لەبارەی چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو کە بوونەتە هۆی شەهیدبوونی ٤٠ گەریلا، بەڵگەی نوێی ئاشکرا کران. لە تونێلەکانی شەڕی قەرخەلێ و سەنگەرەکاندا دوای ئەوەی بەفر توایەوە، بەڵگەی نوێ لەبارەی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک ئاشکرا بوون. گەریلاکان دیمەن و وێنەی ئەو بەڵگانەیان تۆمار کرد.

غازە تێکەڵەکان

بەرمیلی گیراوەیەی کیمیایی بەهێز کە دەتوانێت هەموو جێگەیەک بسووتێنێت، دۆزرانەوە. دەست بەسەر بەرمیلەکاندا گیراوە کو گیراوەی کیمیایی بەهێزن و بۆ پاککردنی جلوبەرگ بەکاردەهێنرێن و مادەی دیکەی جیاواز لەگەڵیان تێکەڵکراوە و وەک غازی کوشندە بەکارهێنراون. دەزانرێت کە ئەو ماددانەی لە پاککردنەوەی جلوبەرگ و ماڵاندا بەکاردەهێنرێت، ئەگەر لەگەڵ مادەی دیکەدا تێکەڵ بکرێێت، ئەوا مرۆڤ ژەهراوی دەکەن. بەم بەڵگانە جارێکی دیکە ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەو ماددانەی تێکەڵ کردووە و بۆ ژەهراویکردنی گەریلاکانی ئازادی بەکاریهێناوە.

کارتۆنی تەرمۆباریک

لەنێو بەڵگەکاندا دەست بەسەر هەندێک کارتۆندا گیراوە کە وشەی ' تەرمۆباریک' لەسەریان نووسراوە. مادەی تەرمۆباریک (ڤاکوم) لە گەرماییەکی زۆردا، فشارێکی زۆر دروست دەکات و دەتەقێتەوە و دەوروبەری خۆی پارچە پارچە دەکات. بەو هۆیەوە لە پەیمانی جنێفدا قەدەغەکراوە.

تەرمۆس لە زمانی یونانیدا بە واتای ' گەرمایی' بارۆسیش بە واتای ' پەستان' دێت. ئەم مادەیە زۆر گەرم دەبێت و دەتەقێتەوە. ئەم مادەیە کە دەسووتێت، لەگەڵ ئۆکسیجن و سۆتەمەنی تەرمۆکراتیک لەنێو هەوادا بڵاودەبێتەوە و دواتر ئەو گازە تێکەڵانە بە فتیلێکی ئەلکترونی تەقەنرێت. دوای تەقینەوەی دەبێتە گڵکۆیەک لە ئاگر و پەستانی مادەکە ئامانجەکە دەپێکێت.

دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە عێراق و ئەفغانستان بۆمبی تەرمۆباریک زۆر جار بەکارهێنراوە. روسیا و ئەمریکا ئەم جۆرە بۆمبە دروست دەکەن. ڕیکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتی مانگی شوباتی ٢٠٠٠دا رایگەیاندبوو، میکانیزمی بۆمبەکە لەبەرانبەر ئامانجە زیندووەکان زۆر جیاوازە. شەپۆڵی پەستان و گرنگتر لەوە ' ڤاکوم' سیی مرۆڤ پارچە پارچە دەکات. ئەگەر سوتەمەنیەکی گڕ بگرێت و نەتەقێنەوە، ئامانجەکە دەسووتێت و بۆنە ناخۆشەکەی دەچێتە نێو هەناسە و ناوەوەی مرۆڤ و ئەندامانی ناوەوە پارچە دەکات."

لە راپۆرتەکەدا باسی ئەوەشکراوە کە سۆتەمەنی ' fuel air explosive' واتە ' مادەی تەقەمەنیی سوتەمەنی و هەوا' لەنێو پێکهاتەکەیدا هەیە کە ژەهراویە.

لە تونێلەکان بەکارهێنرا

دوای بڵاوکردنەوەی دیمەنەکانی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، راگەیەنرا کە سوپای تورک ئەم میتۆدە لە چەکی کیمیاییدا، لە چەکی سۆفیستیکداش بەکاردەهێنێت. ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەر لەنێو هەوادا بەکاربهێنرێت، دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەربازانی تورکیش بکات و خەسلەتی خۆمەڵازدانیشی هەیە کە لە تونێلەکانیشدا بەکاردەهێنرێت. ئەو گەریلایانەی کە لە گردی سور و وەرخەڵی لەبەرانبەریان بۆمبی تەرمۆباریک بەکارهێنرابوون رایانگەیاندبوو، دوای تەقینەوەیە، لەرزینێکی وەک بۆمبەلەرزەش دروست دەبوو."

ف.ق