ئەمینە ئۆسێ: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پلان بۆداڕێژراون

ئەمینە ئۆسێ جێگیری هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەین عیسا جدین، پلان بۆداڕێژراون و بە مۆڵەتی روسیا ئەنجام دەدرێن.

ئەمینە ئۆسێ جێگیری هاوسەرۆکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیمۆکراتیکی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا لە بارەی هێرشەکانی ئەم دواییە دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکە و بە تایبەتی هێرشەکانی سەر ناوچەی عەین عیسا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

دەوڵەتی تورک بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام بە تایبەت لەم مانگەی دواییدا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە. هۆکارەکەی چیە؟

دەوڵەتی تورک نەخشەرێگایەکی گرتبووەبەر و بە مۆڵەتی هێزە نێودەوڵەتیەکان دەستی بە هێرشکردن کرد. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا، ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی داگیر کرد. بە سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون، ئەو کەسانە ناچار ماون لە هەڵومەرجێکی خراپ و نالەباردا بژین. ئەوانەش کە لە ناوچە داگیرکراوەکان مانەوە و نەیانویست خاکەکەیان بەجێ بهێڵن، هەموو رۆژێک رووبەڕووی پێشەلکاری و کردەوەی نامرۆڤانە دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر رووبەڕووی دوو لە خراپترین بارودۆخەکان بووەوە:

*بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا

*هێرشەکانی دەوڵەتی تورک.

قۆناغەکانی ئاستانا و جنێف لە ماوەیەکی کورتدا وەستان. لێرە بۆشاییەکی سیاسی دروست بوو. حاڵەتێکی تریش کە بۆشاییەکی تری سیاسی دروست کرد، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو. کۆمەڵیک رێکەوتن کە بەر لە هەڵبژاردنەکان ئیمزا کراون، وەستان و بەرەو نەمان دەچن. دەوڵەتی تورک دەیەوێت سوود لەم رەوشە وەربگرێت، ئەم دەوڵەتە خاوەنی کارەکتەرێکی وەهایە کە بەردەوام بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت. بە دروستبوونی بۆشایی سیاسی و گۆڕانکاریەکان، بە مەبەستی فراوانکردنی پانتایی ناوچە داگیرکراوەکان، دەیەوێت سوود لە بارودۆخەکە وەرگرێت. هێرشەکانی سەر عەین عیساش لەم چوارچێوەیەدا ئەنجامد دران.

یەکێک لەو لایەنانەی بەر لە ساڵێک گەرەنتی ئارامی ناوچەکەی دابوو، روسیایە. هێزەکانی روسیا و دەسەڵاتی سوریا زیاتر لە ساڵێکە لە ناوچەکەن، بەڵام هێرشەکانیش بەردەوامن. ئەوان بۆچی بێدەنگن؟

لە ئێستادا هێزە هاوپەیمانەکان، بە هۆی رادەستکردنەوە ئەرک و دەسەڵات لە ئەمریکا، نازانێت ئەرک و دەستپێشخەریەکانی تا کوێیە. روسیاش هەوڵ دەدات سوود لەمە وەربگرێت. بۆیە ئەگەر مۆڵەتی لە روسیا وەرنەگرتبێت، ناتوانێت هێرش بکاتە سەر عەین عیسا. روسیاش لێرە لایەنێکە، لایەنگری رژێمە. بۆ ئەوەی لە ئیدلب لەگەڵ تورکیا رووبەڕووی یەکدی نەبنەوە، یان بە واتایەکی تر بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب خۆی لە چەند شوێنێک بکشێنێتەوە، مۆڵەتی پێدەدات هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی ئێمە.

عەین عیسا چی گرنگیەکی تایبەتی هەیە؟

لە رووی جۆگرافیاوە، گرنگیەکی تایبەتی هەیە. دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی هەرێمەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە یەکتر جیا بکاتەوە و بۆ ئەوەی ئەو پێگەیەی هەرێمەکان هەیانە لەناو بەرێت و بە گشتی دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت، بەردەوام لە هێرش و پلانگێریدایە. ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرینەوە دەستی پێکرد. ئێستاش بە دەستوەردان لە هێڵی گرێ سپی-عەین عیسا دەیەوێت هەرێمەکانی جزیر و فورات لەیەکدی جیا بکاتەوە. بۆیە ئەم هێرشانە زۆر جدین.

دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە دەیەوێت گورزێک لە پێگەی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا بدات، لە لایەکی تریشەوە دەیەوێت لە باشوری کوردستان لە ناو کورددا شەڕێکی ناوخۆیی دروست بکات. بە دروستکردنی شەڕی نێوان کورد و کورد-کورد و عەرەب، دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت.

دەسەڵاتی سوریا چی دەکات؟

بێگومان بە ئاگاداری و مۆڵەتی روسا هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن. دەسەڵاتی سوریاش بەشێکە لەوە. راگەیاندنەکانیان بەردەوام باس لە بەدەستخستنی ناوچەی عەین عیسا دەکەن. بەو فشارەی لەسەرمان دروستی دەکەن، دەیانەوێت پاشەکشێمان پێبکەن.

ئایا چاوەڕوان دەکرێت هێرشێکی بەرفراوانتر و گەورەتر ئەنجام بدرێت؟

دەوڵەتی تورک ئەو پلانانەی لە ساڵی ٢٠١٩دا گرتیە بەر، لە سایەی خۆڕاگری گەل و هێزەکانمان سەرکەوتوو نەبوو. ئێستاش هەوڵ دەدات سوود لە بۆشاییە سیاسیەکان وەربگرێت و لە لایەکیشەوە دەیەوێت هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتیەکان پێوانە بکات. روسیا و سوریاش بێدەنگن. وەکو پێشووتریش ئاماژەم پێدا، هێرشەکانی جدین و بۆ بەرفراونکردن و گەورەکردنی هێرشەکانی، دەیەوێت هەڵوێستی هێزەکان پێوانە بکات.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر چی دەکات، بە نیازە چی بکات؟ گەل دەتوانێت چی بکات؟

ئێمە لە دژی هەموو هێرشە داگیرکەریەکان، گەلەکەمان، خاکەکەمان و پێگەمان دەپارێزین. ئێمە بە پلانی ستراتیجی تەماشای قۆناغەکە دەکەین و هەوڵ دەدەین وڵامی پێویستیەکانی گەل بدەینەوە. جگە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، لە سوریا هیچ پڕۆژەیەکی تر بۆ چارەسەری بوونی نیە. هەم گەلەکەمان، هەم پێکهاتەکانی تریش ئەمە باش دەزانن. هەوڵە دیپلۆماسی و ئامادەکاریەکانمان بۆ پاراستنی گەلەکەمان بەردەوامە.

ز.ش