ژنانی عەین عیسا: ئێمە وڵاتی خۆمان چۆڵ ناکەین

ژنانی عەین عیسا رایانگەیاند، دەوڵەتى تورک هەوڵ دەدات گەل بترسێنێت و ناچاری کۆچکردنیان بکات و ناوچەکە بە ئاسانی داگیر بکات. ژنان راشیانگەیاند، دەست لە ماڵ و خاکی خۆیان هەڵناگرن و لە دژی داگیرکەری بەرخودان دەکەن.

سوپای تورکی داگیرکەر لەگەڵ گروپە چەتەکانیدا هێرش دەکەنە سەر شارۆچکەى عەین عیسا و گوندەکانی دەورووبەری. ژنانی عەین عیسا رایانگەیاند، درێژە بە بەرخودانی خۆیان لە دژی داگیرکەری دەدەن.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) لە دژی هێرشەکان، کە ماوەى ٢ هەفتەیە زۆر قورس بوون، بە بەهێزی بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن. سوپای تورک هێرشی کردە سەر گوندەکانی مەئالەق و سەیدا بەڵام نەیتوانی سەربکەوێت، بۆیە ئەمجارە رووی هێرشەکانی کردووەتە سەر گوندەکانی مشیرفە و جەلەب لە باکووری عەین عیسا.

ئەو هێرشانە بۆ سەر ئەو ٢ گوندانە، کە ٢ کیلۆمەتر لە ناوەندی شارۆچکەى عەین عیساوە دوورن، تێکشکێنران. لەبەر ئەوەش سوپای تورکی داگیرکەر بە تایبەت هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و رووسیا و رژێمی بەعس-یش لە بەرامبەر هێرشەکاندا بێدەنگن. لەوبارەیەوە ژنانی عەین عیسا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان راگەیاند، لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک شانبەشانی قەسەدە بەرخودان و بەرەنگاری دەکەن.

فادیلە محەمەد: مانگێکە هێرش هەیە. شوێنی ژیانی هاووڵاتییان، ژنان و منداڵ بۆردومان دەکەن. رووسیا و رژێم لێرەن، بەڵام هیچ ناکەن. تەنها قەسەدە بەرگری دەکات و لە دژی هێرشەکان بەرەنگاری دەکات. دەبێت دەوڵەتی تورک راوەستێنرێت.

نیران حەسەن: دەیانەوێت ترس بخەنە دڵێ گەلەوە و راویان بنێن. گەل ئێستا لە کاتی بڕیارداندایە. یان ئەوەتا لە ماڵی خۆیان دەمێننەوە و لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتى تورک بەرەنگاری دەکەن، یان ئەوەتا لە ماڵ و خاکی خۆیان دەڕۆن و لە هەلومەرجی قورسی زستاندا لە بەرامبەر سەرمادا خۆڕاگری دەکەن. گەل بڕیاری لەسەر ئەوەیە، کە لە ماڵ و خاکی خۆیدا بمێنێتەوە و بەرەنگاری بکات. شەڕڤانانی قەسەدە بەرەنگارییان کرد و هێڕشەکانیان تێکشکاند. قەسەدە تاوەکو ئەو شوێنەى لە دەستی بێت بۆ پاراستنی گەل و ئاسایش بەرەنگاری دەکات. ئێمەى گەلیش لە دژی داگیرکەریی تورک بەرەنگاری دەکەین.

خەدیجە عادل: دەوڵەتى تورک بۆی گرنگ نییە، کە کەسەکان مەدەنین یان سەرباز، بەڵکو هەموو شوێنەکان بۆردومان دەکات. لەم رۆژانەى دوایدا هێرشەکان زۆر قورس بوون. ئامانجی دەوڵەتى تورک ئەوەیە، کە ئێمە لە خاکی خۆمان دەر بکات و و خاکەکەمان داگیر بکات و خەڵکی تر بهێنێت لە ماڵەکانمان و خاکەکەماندا جێگیریان بکات. گوایە رووسیا لێرەیە، خاڵی چاودێرییان داناوە و ئاڵای خۆیان لەسەر بەرز کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچیان نەکردووە.

رێزان مەحمود: رووسیا و رژێمی شام لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا هاتوون بۆ ئێرە، بەڵام تەنها سەیری هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن. بەهۆی هێرشەکانەوە زیان بە هاووڵاتییان گەیشتووە و ژنان، منداڵان و کەسانی بە تەمەن گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون. لە رووی ئابوورییەوە زیان بە خەڵکی ناوچەکە گەیشتووە. عەین عیسا شوێنێکی بچووکە، بەڵام گرنگیی ستراتیژیی هەیە، بۆیە بەو رادەیە بووەتە ئامانجی هێرشەکان.

رانا: عەین عیسا بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێت. بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانێکی زۆر بەر هاووڵاتییانی مەدەنی گەیشتووە. ئامانج لەو هێرشانە ئەوەیە، کە گەل بترسێنن و عەین عیسا چۆڵ بکەن. رووسیا کاتێک هات بۆ ئەم ناوچەیە گوایە بۆ پاراستنی ناوچەکە هات، بەڵام رووسیا بە هیچ شێوەیەک لە دژی هێرشەکان ناوەستێتەوە. بەڵام با ئەوە باش بزانن، کە ئێمە بە هیچ شێوەیەک خاکی خۆمان چۆڵ ناکەین. چۆن و بە چی هێرش دەکەنە سەر عەین عیسا با بیکەن، ئێمە لێرە ناڕۆین و چۆڵی ناکەین.

مەقبوڵە: دەوڵەتی تورک دەیەوێت گەل بترسێنێت و لە عەین عیسا دەریان بکات. دەوڵەی تورک، رووسیا و رژێم رێککەوتوون. پێکەوە دەجوڵێنەوە. ئەگەر رووسیا و رژێم قبوڵیان نەکردایە، ئەوا دەوڵەتی تورک هێرشی نەدەکرد. رووسیا بۆ پێشگرتن لە هێرشەکان هات بۆ ئێرە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئێستا هێرش دەکرێت و رووسیا بێدەنگە. تاکە ئامانجیان ئەوەیە ئێمە لە ماڵ و خاکی خۆمان دەربکەن. بەڵام ئێرە  خاکی دەوڵەتی تورک نییە، بەڵکو خاکی ئێمەیە. ئێمە دەست لە خاکی خۆمان هەڵناگرین.
ژ.ت