ئۆجالان: پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی کورد هەیە - نوێکرایەوە

عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد باسی ڕووداوەکانی باشووری کرد و وتی، "دەیانەوێت لەنێوان گەلی کورد شەڕ هەڵگیرسێنن". ئۆجالان باسی ئەوەشیکرد، پەیمانی ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ ئیدریس بارزانی نوێ بکرێتەوە و وتیشی، "پێویستی بە یەکێتیی نەتەوەیی کورد هەیە."

عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد لە زیندانی پیتی (ئێف)ی ئاست بەرزی ئەمنیی دورگەی ئیمڕالی دوای ٢١ ساڵ بۆ جاری یەکەم لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بنەماڵەکەی قسەی کرد. هەروەها عومەر خەیری کۆنار، حامیلی یڵدرم و وەیسی ئاکتاش کە لەو زیندانەدا دەمێننەوە، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ بنەماڵەکانیان قسەیان کرد. پەیوەندیی تەلەفۆنی ئۆجالان لە ٢٧ی نیسان لەگەڵ براکەی محەمەد ئۆجالان ئەنجامدرا و ٢٠ – ٢٥ خولەک بەردەوام بوو.

محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی کرد و ڕایگەیاند، لە دادگای کۆماریی ڕوحا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئۆجالان کردووە و وتی، ئۆجالان لەسەر سێ پرس قسەی کردووە. محەمەد ئۆجالان باسی ئەوەیکرد، کە عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد پرۆتۆکۆلی ١٩٨٢ لەگەڵ هەرێمی کوردستانی فیدڕالی وەبیرهێناوەتەوە و ڕایگەیاندووە، 'کورد پێویستی بە بەوە نییە کە بڵێن، ئەم شوێنە بۆ تۆ و ئەم شوێنە بۆ من، بەڵکو کورد پێویستیی بە ئاشتی و یەکێتی هەیە'.

یەکەمین پەیوەندیی تەلەفونیی ئۆجالان

محەمەد ئۆجالان ڕایگەیاند، ئەو لەگەڵ عومەر ئۆجالانی کوڕی و پەرلەمانتار و پارێزەرێک و دوو پەرلەمانتاری تری هەدەپە بۆ قسەکردن لەگەڵ ئۆجالان چووەتە دادگای کۆماری ڕوحا، بەڵام بە تەنها ڕێگا بەو دراوە قسە بکات. محەمەد ئۆجالان ڕایگەیاند، ئەوە یەکەمین جارە مافی یاسایی خۆی بۆ پەیوەندیی تەلەفونی بەکاردەهێنێت و بەم شێوەیە قسەی کرد، "پێشتریش چەندینجار بۆ ئەوەی بچینە دورگەی ئیمڕالی سواری کەشتی دەبووین و دواتر لە نێوەی ڕێگا ئێمەیان دەگەڕاندەوە. چەندین مانگ ڕێگری لە چاوپێکەوتن دەکرا. لەم قۆناغەدا ئێدی چەندین ساڵ نەمانتوانی بچین بۆ چاوپێکەوتن لە ئیمڕالی. ئەگەر دەوڵەت بیەوێت دەتوانێت قسەکردن بە تەلەفۆنیش دابین بکات. ٢١ ساڵە مافە یاسایی و دیموکراتیکی ئێمەیان زەوت کردووە. دوایین جار ٢٧ی نیسان کاتژمێر ١٣:٠٠ یەکەمجار بە تەلەفۆن قسەمان کرد. نزیکەی ٢٠ بۆ ٢٥ خولەک قسەمان کرد. کاتێک لە تەلەفۆندا دەنگی سەرۆکم بیست، زۆر خۆشحاڵ بووم. چاو و گوێی گەلی کوردیش لە دورگەی ئیمڕالیە".

'من ئێستا باشم، بەڵام نازانرێت لە داهاتوودا چی روودەدات'

محەمەد ئۆجلان ڕاشیگەیاند، ئۆجالان یەکەمجار باسی ئەوەیکرد چاوپێکەوتنەکە کورتە و بۆ ئەوەی ڕۆژەڤ شیبکاتەوە کاتێکی کەم هەیە، لەبەر ئەوەش لەسەر پرسە سەرەکییەکان قسە دەکات. محەمەد ئۆجالان باسی ئەوەی کردووە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گەل نیگەرانی دۆخی سەرۆکە و دەیانەوێت دۆخیی بزانن. سەرۆکیش وتویەتی، ' دۆخی تەندروستیی من باشە، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا نازانین چی دەبێت'. محەمەد ئۆجالان دەڵێت، سەرۆک لەبارەی پەتای کۆرۆناوە زۆر قسەی نەکردووە و لەبارەی دۆخی کوردان قسەی کردووە.

'ئەوە سیاسەتی بەکارهێنانی کوردە لەدژی یەکتر'

محەمەد ئۆجالان بەم شێوەیە باس لە دیالۆگی نێوان خۆی و ئۆجالان لە رێگەی تەلەفونەوە دەکات و دەڵێت "سەرەتا بە منی وت، کاتمان زۆر سنوردارە. بۆ شیکردنەوەی دۆخەکە کاتێکی درێژمان لەبەردەست نییە. دەبێت لەبارەی بابەتە پێویستەکانەوە قسە بکەین". سەرۆک سەرەتا باسی رووداوەکانی باشووری کوردستان کرد. بە سەرۆکم وت لەنێوان قەندیل، پەدەکە و یەنەکەدا کێشەی گەورە دروست بووە. لە ڕۆژەڤی گەلدا ئەو کێشەیە هەیە. دواتر وتم ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە. باسی پەتاکەی نەکرد. سەرۆکایەتی زیاتر لەبارەی کێشەی نێوان قەندیل و حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور قسەی کرد. ئێمە لەبارەی ئەو پرسەوە قسەمان کرد. سەرۆکایەتی لەبارەی ئەوە دۆخەوە قسەمان کرد و سەرۆکایەتی لەبارەى پێشهاتەکانى باشووری کوردستانەوە وتی، "ئەوە سیاسەتێکە کە کورد بە دەستی کورد بە کوشت بدەن و بیاندە بەشەڕدا. کورد هیچ سوودێک لەو سیاسەتە بەدەستناهێنێت. ئەو سیاسەتە سوود بە گەلی تورکیاش ناگەیەنێت. پێویستە پەدەکە و یەنەکە و پارتەکانی تر و بزوتنەوە کوردیەکان نەکەونە ناو ئەو جۆرە لێکدانەوە و حساباتانەوە و بڵێن 'ئێمە شەڕ دەکەین و لە بەرامبەریشدا دەوڵەتمان پێدەدەن' ئەوە نابێت و قبوڵ ناکرێت. پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی بە بنا‌غە وەربگیرێت. پێویست بوو ٤٠ ساڵ لەمەوبەر یەکێتیی نێوان کوردان دروست بکرایە. ئەوانەی لەوێ دەژین کوردن. ئەگەر خوێن بڕژێت، کەس ناتوانێت لە ژێر بارەکەى بێتە دەرەوە. ئەمە پەیامی منە هەم بۆ قەندیل و هەمیش بۆ حکومەتی هەرێم. هەروەها ئەمە پەیامی منە بۆ بنەماڵەی بارزانی، بنەماڵەی تاڵەبانی، کەسایەتییەکان و هەموو خەڵکی باشوور. کورد پێویستی بە شەڕ و خوێنڕشتن نییە. کورد پێویستی بە یەکێتی هەیە. کورد پێویستیی  بەوە نییە بڵێت، ئەم شوێنە بۆ من ئەو شوێنە بۆ تۆ. کورد پێویستی بە ئاشتی و یەکێتی هەیە. بەبڕوای من ئەوەش گەورەترین پەیامە."

دەتوانرێت پرۆتۆکڵی ساڵی ١٩٨٢ نوێبکرێتەوە

محەمەد ئۆجالان باسی ئەوەشیکرد، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵلا ئۆجالان پرۆتۆکڵی ١٠ خاڵیی ساڵی ١٩٨٢ی ئیمزاکراو لەگەڵ ئیدریس بارزانیی باوکی نێچیرڤان بارزانی وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، ئیدی پێویستە بە پێی پرۆتۆکۆلەکە لەنێوان کورددا شەڕ روو نەدات و خوێن نەڕژێت و وتی، 'سەرۆک وتی، حکومەتی باشوور، بنەماڵەی بارزانی و سەرۆکی حکومەت، هەروەها یەنەکە، کە پشتگیری لە حکومەت دەکات، جەلال تالەبانیش پرۆتۆکۆلەکەیان قبوڵ کردووە. سڵاوی بۆ ئەو بنەماڵانە نارد. سەرۆک بۆ هەڤاڵانی قەندیل و بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی وتی، ئیدی ڕژاندنی خوێن لە نێوان کوردندا  قبوڵناکرێت. هەم گەل و هەم ئێمەش قبوڵی ناکەین. سەرۆک وتی، ئەگەر کەموکورتییەکیش هەبێت، پێویستە بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت و ئاشتی بەدێ بێت. رێگای یەکێتیى نێوان کوردان بە رۆژهەڵات، باشوور، رۆژئاوا و باکووردا تێدەپەڕێت. سەرۆک وتیشی 'پێویستە ئێدی کورد لە شوێنێکدا لەسەر خاڵێک ڕێکبکەون و کێشەکانی نێوانیان بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. ئەو کەسانەی کە دەتوانن ئەمەش بکەن بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی و هەڤاڵانی قەندیلن. هیوای ئێمە و هیوای گەلەکەمان ئەوەیە، کە خوێنی کورد بە دەستی کورد نەڕژێنرێت."

'پێویستە لە چوار پارچە ڕێکخستن بەهێز ببێت'

محەمەد ئۆجالان ڕاشیگەیاند، ئۆجالان باسی ڕۆژئاوای کوردستانیشی کرد و لەبارەی ئەو بابەتەوە ڕایگەیاندووە، "ئەوەندەی ئاگادارم دۆخی ڕۆژئاوا باش نییە و خراپیش نییە. سەرۆک وتی، حیزب و دەزگاکانی ڕۆژئاوا رێکخستبوونی دیموکراسییان گەورە نەکردووە و زۆر بچووک ماونەتەوە. بەو بچووکییە هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکرێت، هەتا هێزێک دروست نەبێت چارەسەری دروست نابێت، بۆیە پێویستە ڕێکخستنکردن بەرفراوانتر بکرێت. لە هەمانکاتدا پێویستە لە هەر چوار پارچە ڕێکخستن بەهێزتر بکرێت. لە دۆخی ڕێکخستن و بەهێزبووندا چارەسەری دروست دەبێت. سەرۆک بەم شێوەیە بەردەوامیی بە قسەکانیدا و وتی 'بەڵام ئێمە نزیکایەتیی ئەوەى با دوکان بچوک بێت و هی من بێت قبوڵ ناکەین. دوکانی بچوک نە بۆ کورد و نە بۆ گەلانی تر پێویست ناکات. پێویستە دوکان گەورە بێت و هەموو کەسێک نوێنەرایەتیی خۆی لەو دوکانەدا ببینێت. ئەو دوکانە هی نەتەوە و مەزهەبێت نییە و حیزبەکەمان هەرگیز ئەوە قبوڵ ناکات. و پارتێک نەبێت و ئەوە قبوڵ ناکرێت. بە ناوی نەتەوە و مەزهەبەوە رێکخستنبوون نابێت. بۆ یەکێتیی دیموکراتیک، ئێوە حیزبی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون دروست بکەن و گەورەى بکەن، ئەوە بۆ ئێوە باش دەبێت".

'دەتوانرێت رێگا لە ڕژاندنی خوێن بگیرێت'

ئۆجالان لە بەردوامیی قسەکانیدا ئەم شتانەی وت، "بە پێی مەزەندەکانم لەناو ئەو هێزانەدا هەندێک کەس بە باشی بەرانبەرم ناجووڵێنەوە و سەیرم ناکەن. لەوانەیە باش سەیرم نەکەن، بەڵام هەموو دونیا دەزانێت من ٥٠ ساڵە چیدەکەم. من و ئەو هەڤاڵانەى لەگەڵمن لە ژوورە تاکەکەسییەکانى زینداندا هەتاکو لە دەستمان بێت بۆ هەڤاڵانمان شتی باش دەکەین. ئەگەر کەسانێک راست و دروست لێکدانەوەم بۆ نەکەن، ئەوە قبوڵ ناکرێت. هەموو شتێک لەبەرچاوە و هیچ شتێک لە گۆڕێ نییە بۆ شاردنەوە. ئەوەتا لە گۆڕەپانەکە کێشەى گەورە هەیە و دەبێت هەموو کەسێک بۆ ئەوە بەشێوەیەکى راست و دروست کار بکات. ئەوەتا لە گۆڕەپانەکاندا خوێن دەڕژێت، ئەگەر تۆ ببیت بە هێز، دەتوانێت رێگری لەو خوێنڕشتنە بگریت. لەبەر ئەوەش پێویستە هەموو کەسێک لەسەر  ئەو بنەمایە، تێکۆشان و بۆچوونی بەمشێوەیە بێت".

محەمەد ئۆجالان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، "پەیامەکانی سەرۆک لە ٣ی ئازاردا چی بوو، لە ئێستاشدا هەمان پەیامی هەیە. ئەوانەی بروایان بە سەرۆک هەیە پێویستە ئەم پەیامانە بە شێوەیەکی فراوانتر شیبکەنەوە و جێبەجێیان بکەن. لە کۆتاییدا سەرۆک سڵاوی خۆی پێشکەش بە هەڤاڵانی زیندان و ئەو خانەوادانە کرد، کە باج و قوربانییان داوە. دیسانەوە وتی، ئەوانەی لە دۆخی من دەپرسم و هەواڵم دەپرسن و گوێ دەگرن، سڵاوی منیان پێبگەیەنە."

ف.ق / ژ.ت