ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیکی سوریا لە بەرلین کۆبووە

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و نوێنەری حزبەکان و سیاسەتمەدارانی سوریا لە سەر بانگەوازی ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکدا باسی دروستکردنی سوریایەکی دیموکراتیک کرا.

ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) لە مانگی تەممووزدا بە ئامانجی گفتوگۆکردن بۆ ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەکانی هەرێمەکە لەگەڵ نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیک لە سوریا و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی دەستی بە زنجیرە هەوڵێک کرد. هەوڵەکان لە پاریس و ڤیەننا بەردەوام بوون و لە ئێستادا ئەو هەوڵانە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەردەوامە.

کاروهەوڵەکانی مەسەدە دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بە شێوەی "کاری هاوبەش" دەستیپێکرد. ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە کە هەوڵی سوریایەکی دیموکرات دەدات کۆبووە. نزیکەی ٤٠ کەس لە لایەنە جیاوازەکان و ئەتنیک و ئایینەکانی سوریا بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد. ڕیاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدەش بەشداری کۆبوونەوەکە بوو. لە دانیشتنەکەدا نوێنەری پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستن و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و ژمارەیەک سیاسەتمەداری سەربەخۆ چاویان بەیەک کەوت و کۆبوونەوەی ئایدۆلۆژیا جیاوازیەکان سەرنجی ڕاکێشا.

لە سەرەتادا ڕیاز دەرار هاوسەرۆکی مەسەدە باسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد و ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکی بەهێزتر دروست ببێت، پێویستە هەموو کەسێک بەشدار ببێت و پشتگیری لێبکات و دیالۆگ و دانوستانەکانی لەو پێناوەدا بەگرنگ لەقەڵەمدا.

سیاسەتی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار کرا

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک ڕێکخستنە مارکسیستەکانی سوریا و پارتە دیموکراتەکانیش بەشداربوون، بە گشتی ئاماژە بە ڕێگە و ڕێبازی دروستکردنی سوریایەکی دیموکراتیک کرا. هەروەها باسی گرنگی کار و خەباتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەسەر ناوچەی ئارام، کە  تورکیا و ئەمریکا بڕیاری دروستکردنیان داوە ئاڵۆگۆڕ کرا و سیاسەتی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بەرامبەر سوریا شەرمەزار کرا. بەشداربووان ڕایانگەیاند، پێویستە داگیرکەریی سەر عەفرین کۆتایی پێبهێنرێت. هەروەها ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات بە تایبەتی لە ئەڵمانیا بۆ داهاتووی دیموکراسی لە سوریا بە گرنگ وەسفکرا. بەشداربووان ئاماژەیان بە گرنگیی دروستکردنی میکانیزمێک بۆ کۆکردنەوەی هەموو هێزە دیموکراتەکانی سوریا کرد.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و دواتر ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت.

ژ.ت