ئیدریس سەلیم سێ مانگە لەسەر بیر و ڕای ئازاد دەسبەسەرە

ئیدریس سەلیم ئەندامی ئەنجومەنی هەولێری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان ماوەی سێ مانگە لە لایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لە هەولێر دەستگیرکراوە.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دەربارەی دەستگیرکردنی ئەندامی ئەنجوومەنی تەڤگەری ئازادی لەهەولێر ئاماژە بەوە دەکات:" هیچ بیانویەک نییە بۆ دەستگیرکردنی ئەندامەکەمان، تەنیا هۆکار ئەوەیە کە ئەندامی تەڤگەری ئازادیە".

ئیدریس سەلیم ئەندامی ئەنجوومەنی تەڤگەری ئازادی هەرێمی هەولێر کە دانیشتوی شارۆچکەی مەخموورە  سێ مانگ  پێش ئیستا لە کاتی چونی لە مەخمورەوە بۆ هەولێر لە بازگەی بازاڕگە لەلایەن ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستگیر کراوە و  تاکو ئیستا ناوبراو بێ سەروشوێنەوە.

لەسەر بیرو ڕای ئازاد دەستگیر کراوە

عەونی گردەشینە ئەندامی ئەنجومەنی تەڤگەری ئازادی هەولێر لە بارەی دەستگیرکردن و بێ سەروشوێن کردنی ئیدریس سەلیم بە ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF)-ی ڕاگەیاند: هەڤاڵ ئیدریس  لەڕووی یاساییەوە هیچی لەسەرنیە، کەیسەکەی هەڤاڵ ئیدریس سیاسیە، تاکە هۆکار بۆ دەستگیرکردنەکەی ئەوەیە کە ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستانە، لەسەر بیروڕای ئازاد دەستگیرکراوە.

هەروەها عەونی وتیشی: هەڤاڵ ئیدریس ئەندامی کۆمەڵەی کەم ئەندامانی سەنگەرە و برایەکی شەهیدە و دوو براشی کەم ئەندامی سەنگەرن، خاوەن بنەماڵەیەکی تێکۆشەرە و لە کۆنەوە لە دژی داگیرکاریە و لە هەر پارچەیەکی کوردستان داگیرکاری هەبوبێت هەڤاڵ ئیدریس هەڵوێستی هەبوە بەرامبەری و ئێستاش لەسەر هەمان بیروبڕا دەستگیرکراوە.

تەڤگەر داوای ئازادکردنی ئەندامەکانی دەکات.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێڕشی داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان  پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەڵمەتێکی گرتن و ڕفاندنی دژ بە ئەندام و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و ئەو کەسانە دەست پێکرد کە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەبنەوە بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان.

لەگەڵ ئەوەی بەرێوبەرانی تەڤگەری ئازادی تا ئیستا  چەندین جارداوایان لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردوە کە گیراوە سیاسیەکانیان ئازاد بکرێن، چیتر ئەندامەکانیان  ئازار نەدرێن لەسەر بیری و ڕای سیاسی و وڵاتپارێزی، بەلام پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا هیچ گیراوێکی ئازاد نەکردوە و  بەبێ هیچ پاساوێکی لە زیندانەکان گلیانی داوەتەوە.

ک-ش