"ئیدی لە تورکیا خواردن دەستناکەوێت"

ئەبرو یڵدرم ئەندامی ئەنجومەنی رەنجی هەدەکە هۆشداریی لەبارەى داڕمانی ئابووریی تورکیاوە دا، کە بووەتە هۆی ئەوە هاووڵاتییان خواردن و خۆراکی سەرەکییان دەست نەکەوێت.

ئەبرو یڵدرم ئەندامی ئەنجوومەنی رەنج لە کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) لەبارەى داڕمانی ئابووریی تورکیاوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئەبرو یڵدرم باسی ئەوەیکرد، "سەدا ٤٧ی دانیشتوانی تورکیا بە کەمترین مووچە، یانی بە ٢٣٢٣ لیرە واتە بە (٣٨٣ هەزار و ٢٩٥ دینار) کار دەکەن، بەڵام لەلایەکی ترەوە بەهای لیرە رۆژ بە درۆژ دادەبەزێت. ئەوەش بە مانای کەمبوونەوەی دەرفەت و هەلی کار دێت".

ئەبرو یڵدرم باسی ئەوەشیکرد، لە تورکیا کەرتی کشتوکاڵ لە ناوبراوە و سەرمایەگوزاریش لە بواری پیشەسازیدا نەکراوە و بە پشت بەستن بە کڕینی ماددە و کەلوپەل لە دەرەوە خۆی بەڕێوەدەبات، ئەوەش بە هۆی دابەزینی بەردەوامی لیرە لە بەرامبەر دۆلار دا هاوەردەکردنی ماددە و کەلوپەلەکانی لە دەرەوە زۆر گرانکردووە.

ئەبرو یڵدرم ئاماژەى بەوەکرد، لەبەرامبەر ئەو گرانبوون و بەرزبوونەوەیەى نرخەکاندا، کرێکاران و زەحمەتکێشان نیوەی پارەی کارمەندان و فەرمانبەرانیان دەستناکەوێت، ئەوەش لەکاتێکدایە ئیدی پارە و مووچەى فەرمانبەران و کارمەندانیش بەشی بژێویی ژیانیان ناکات.

ئەبرو یڵدرم ئاماژەی بەوەشکرد: "کاتێک بەهای بەنزین بەرز بوویەوە، کاریگەریی لەسەر بەهای کەلوپەلەکانی تر دانا و بەهای هەموو شتێک بەرزبوویەوە. ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، خواردەمەنی و خۆراکی سەرەکیی ئیدی دەست ناکەوێت. زستانمان لە پێشە و بەهای گەرمکردنی ماڵەکان و شوێنی کاریش بە خەرجییەکان زیاد دەبن. لەبەر بڵاوبوونەوەیى پەتای کۆرۆناش لە مانگی تشرینی یەکەمەوە چەندین کارگە داخراون. ئەوەش بەمانای ئەوەیە، کە ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان و کارێکاران لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن".

ئەبرو یڵدرم کاریگەریی سیاسەتی شەڕی لەسەر داڕمانی ئابووری بە بیرخستەوە و وتی: "ئەو دەسەڵاتە کە بانگەشەى ئەوە دەکات لە بەرامبەر هەر چوار لای دونیا وەستاوەتەوە، بە تەواوەتی وابەستەى دەرەوەیە. گەل و وڵات سەد لە سەد هەژار بوون. سەرباری ئەوەى کە زستانیش دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا و لە هاوینیشدا ئەو دەسەڵاتە نەیتوانی پێشگرتن لە پەتای کۆرۆنا بە باشی ئیدارە بدات. کاتێک مرۆڤ ئەوانە دەخاتە پاڵ یەک، ئەوە روون دەبێتەوە، کە بێکاری، هەژاری و برسیبوون زیاد دەکات. ئەگەری ئەوەش هەیە ئەوە لە ئاستێکی زۆر بەرز و بەربڵاودا رووبدات. کاتێک لەم رۆژانەددا باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا رایگەیاند، تورکیا ناتوانێت پارەی قەرزی کۆمپانیاکانی دەرمانی ئەمریکا بداتەوە، نابێت ئەوە وەک لێدوانێکی ئاسایی سەیر بکەین. ئەو لێدوانە یەکێکە لە نیشانەکانی ئەوە، کە دۆخی ئابووری تورکیا زۆر لاواز و خراپ بووە. دەشبێت کاتی تەواوبوونی مۆڵەتی یاسایی دانەوەى قەرزەکان بە کۆمپانیاکان و بانکەکانیش لە بەرچاو بگرین، کە بە تەواو بوونی ئەو کاتە بۆ دانەوەى قەرزەکان دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت و دەوڵەت ناتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. رەنگە دۆخەکە بە شوێنێک بگات،  کە قەیوم بەسەر وڵاتەوە دابنێن لە بریی قەرزەکان".

ئەبرو یڵدرم باسی ئەوەیکرد، دۆخەکە لە ئاستێکی مەترسیداریە و وتی: "وڵات باجی کردارەکانی ساڵی ١٩١٥ دەدات و دەیشدات. نەک تەنها ئەوە دەرەنجامی کردەوەکانە بەرامبەر بە ئەرمەنەکان و کوردەکان، بەڵکو دەرەنجامی ئەو سیاسەتە ئابوورییە، کە لە بناغەوە لەسەر ئەو کردەوانە دروستبووە. ئەوەش لە پێناو دروستکردنی ناسنامە و شوناسی تورک دا بووەتە هۆی دۆڕانێکی گەورە و باجێکی قورس، بەڵام خۆیان لەوە کەڕ دەکەن. بۆیە مەرجە گەلی تورک خۆی رێکبخات و خۆی بە رێکخستن بکات و خاوەنداری لە شکۆ و رەنجی خۆی بکات و ئاشتی بچەسپێنێت".

ژ.ت