ئێشکگرانی ئەم هەفتەیەى 'ئازادی بۆ ئۆجالان' هونەرمەندانی تەڤ چاندن

چالاکیی 'ئێشکگریی ئازادی'، کە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، ئەم هەفتەیە لەلایەن هونەرمەندانی بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەری (تەڤ – چاند / TEV-ÇAND) بەڕێوەدەچێت.  

چالاکیی 'ئێشکگریی ئازادی' کە بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا و لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنى ئەوروپا و کۆمیتەى جیهانیی دژ بە ئەشکەنجە بەڕێوەدەچێت ماوەی ٤٣٠ هەفتەیە بەردەوامە. ئێشکگرانی ئەم هەفتەیە هونەرمەندان سەید خان، ناریخان هەزاخ، رێبەر سەرحەد و زەریفە زەرین، لە بزووتنەوەى رۆشنبیری و هونەری (تەڤ – چاند / TEV-ÇAND)ەوەن.

هونەرمەند سەید خان بە ناوی هونەرمەندە ئێشکگرەکانەوە رایگەیاند، گەلی کورد لە قۆناغێکی زۆر گرنگدایە و سەرنجی خسەسەر هەلومەرجی قورسی ٢١ ساڵ گۆشەگیری لە ئیمراڵی. راشیگەیاند، سیاسەتی فاشیستییانەى گۆشەگیری نەک تەنها لە زیندانەکان، بەڵکو لە هەموو کوردستاندا بەرێوەدەچێت.

سەید خان باسی ئەوەیکرد، لە پێش هەموانەوە ئەوروپا و رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەدا بێدەنگەن، بەڵام گەلی کورد لە دژی ئەو سیاسەتە ماوەى ٩ ساڵە لە بەردەم بینای ئەنجوومەنى ئەوروپا لە ئێشکگریدایە.

سەید خان بۆ ئەو کۆنفرانسە رۆژنامەنەوانییە، کە ئەمڕۆ لە ستراسبۆرگ لەبارەى گۆشەگیرییەوە رێکدەخرێت، داوای لە هەموان کرد بەشداریی تیادا بکەن و با هیچ کەسێک لە بەرامبەر سیاسەتی فاشیست دا بێدەنگ نەبێت.

سەید خان ئەوەشی راگەیاند، کۆبوونەوە و پێکەوە کۆبوونەوەی گەلی کورد و دۆستەکانی زۆر گرنگە و پێویستە گەلی کورد و دۆستەکانیان لە دژی کۆمەڵکوژییەکانی ئاکەپە هەڵوێستی هاوبەشیان هەبێت.

ئێشکگری بۆ ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنى ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەرێوەدەچێت.

ژ.ت