ئەمریکا پاتریۆت لە عێراق جێگیر دەکات!

ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاریانداوە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت لە عێراق جێگیر بکەن. ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی یەکە ئەمریکییەکانە لە عێراق.

دواى ئەوەى لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا بەهۆی هێرشی مووشەکیی ئێرانەوە ١٠٠ سەربازی ئەمریکی بریندار بوون، بەڕێوەبەرانی واشنتۆن داوایان لە بەغدا کرد رێگایان پێبدات سیستمی پاتریۆت لە عێراق جێگیر بکەن.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP) بڵاویکردەوە، تاوەکو رۆژی دووشەمەش روون نەبووەتەوە، کە بەغدا رێگای بە ئەمریکا داوە یان نا، بەڵام بەرپرسانی عێراقی لە هەفتەى رابردوودا بەو ئاژانسەى هەواڵیان راگەیاندوە، ئەمریکا کەرەستەکانى سیستمی بەرگریی هێناوەتە عێراق و بەبێ گوێدانە بەغدا خەریکى دانان و جێگیرکردنیانە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکی و عێراقییانەى کە نەیانخواستوە ناویان بڵاوبکرێتەوە، وتویانە سیستمی پاتریۆت لە بارەگای عەین ئەسەد لە ١٨٠ کیلۆمەتریی بەغدا جێگیر دەکرێت. راشیانگەیاندووە، چەند بەشێکی ئەو سیستمە بەرگرییە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی فیدراڵ جێگیر کراوە.

بە وتەى بەرپرسانی ئەمریکا، توانای سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکە بەهێزە و لە توانایدایە موشکی بالیستی لە ئاسماندا لە ناو ببات.

چاوەڕێ دەکرێت بەهۆی جێگیرکردنی سیستمی پاتریۆتی ئەمریکی لە عێراقدا ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە زیاتر ببن. دواى ئەوەى ئەمریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ دا جەنەڕاڵی ئێرانی قاسم سولەیمانى و جێگرە عێراقییەکەى بە ناوی ئەبو مەهدی موهەندیس کوشت، ئاڵۆزییەکان زیادیان کردبوو.

ژ.ت