ئەمساڵ ڕێپێوانی درێژمەودا "بۆ ئازادیى رێبەر ئاپۆ" لە شاری بۆنەوە دەستپێدەکات

گەنجانی کورد و ئینتەرناسیۆنالیست، بە دورشمی "لەگەڵ ڕێبەرایەتی بڕۆ، فاشیزم لەناو ببە"  لە شاری بۆن دەست بە ڕێپێوانی درێژ مەودا دەکەن.

ڕێپێوانی درێژمەودای گەنجانی کورد لە ئەوروپا، کە هەموو ساڵێک بۆ ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، لە ٨ی ئەیلول/ ١٧ی خەرمانان لە شاری بۆن-ی ئەڵمانیا دەستپێدەکات. ڕێپێوانەکە ٥ ڕۆژ بەردەوام دەبێت. گەنجان دوای ئەوەی بە شارەکانی کۆڵن، لێڤەرکۆسن و چەندین شاری دیکە تێپەڕین لە شاری گلادباخ کۆتایی بە ڕێپێوانەکەیان دەهێنن.

کۆمیتەی ئامادەکار ڕایگەیاند، لە ٨ی ئەیلولدا گەنجانی وڵاتپارێز و ئەنتەرناسیۆنالیست، لە چوارلای ئەوروپا دەڕۆن بۆ شاری بۆن و لەوێ کۆدەبنەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدە ئاماژە بەوەکراوە، ئامادەکارییەکان بۆ ڕێپێوانی درێژمەودا کۆتایی هاتووە و وتیان: "بانگەوازمان بۆ گەنجانی کورد، ئەنتەرناسیۆنالیست و گەلە وڵاتپارێزەکەمان ئەوەیە بەشداری لە ڕێپێوانی درێژمەودا بکەن و فاشیزم لەناو ببەن".

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی لە کوردستان قڕکردنێکی تازە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش بەردەوامی بە گۆشەگیریی دەدەن. بە بەرخۆدانێکی مێژوویی و قوربانی قورس گۆشەگیری تێکشکێنرا، بەڵام فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بە کردەوەی میزاجی هێشتا بەربەست لەبەردەم دیدارەکانی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی دروستدەکات".

ئاماژە بەوەشکراوە "گەنجانی کورد بۆ ئازادیی فیزیکیی ڕێبەر ئاپۆ ٥ ڕۆژ ڕێپێوان دەکەن. لەسەر ڕێبازی ئومێدەکان، زولکوفەکان، ئایتەنەکان و ئۆغورەکاندا گەنجانی کورد ڕێپێوان دەکەن بۆ هێنانەدیی خەونەکەیان، کە 'ڕێبەرایەتی ئازاد و کوردستانی ئازاد'ە تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەکەین. بانگەوازمان بۆ گەنجانی وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ و ئەنتەرناسیۆنالیست لە ئەوروپا ئەوەیە بە ڕۆحی ئامادەباشی بەشداری ڕێپێوانی درێژمەودا ببن، کە بە دروشمی 'لەگەڵ ڕێبەرایەتی بڕۆ، داگیرکاریی لەناو ببە' بەڕێوەدەچێت".

ژ.ت