ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتی DBP

پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان 'دەبەپە' ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارتەکەی ڕاگەیاند. لە ئەنجامنامەکەدا ئاماژە بە ساختەکاریی و فرتوفێڵ لەهەڵبژاردنەکاندا لەلایەک و دەستکەوتەکانی گەل لەلایەکی دیکەوە کرا.

پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان 'دەبەپە'، لە ئامەد کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ یان هەڵسەنگاند. ئەنجومەنی دەبەپە دەستنیشانی کرد کە سەرەڕای هەموو فشار، تووندوتیژیی، ساختەکاریی و ئاستەنگیەکان، هاوپەیمانی گەل سەرکەوت. ئەنجومەنی دەبەپە ئاشکرایکرد کە هەبوونی هەدەپە لە پەرلەماندا بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنان، گەنجان و ڕەنگە جیاوازەکانی گەلانی تورکیا، بەرەیەکی زۆر گرنگە لەبەرامبەر ڕژێمی تاکە کەسیدا.

ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتیەکان 'دەبەپە'، لە سەرۆکایەتیی جێگری هاوسەرۆکانی گشتیی دەبەپە هاجەر ئۆزدەمیر، لە نێوان ڕۆژانی ٧ و ٨ ی ئەم مانگەدا، لە هۆڵی کۆنفرانسی ڕێکخستنی شاری ئامەد، کۆبوونەوەی خۆیان سازدا. ئەنجومەنی دەبەپە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ یان هەڵسەنگاند و ئەنجامنامەی گشتییان ئاشکرا کرد. لە ئەنجامنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە سەرەڕای هەموو فشار، تووندوتیژیی، ئاستەنگیی و ساختەکاریەکان، هاوپەیمانی گەل سەرکەوت. ئەنجومەنی دەبەپە لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی گشتیی خۆیاندا دەستنیشانیشیان کردووە کە ئاکەپە و مەهەپە بڕیاری هەڵبژاردنی زۆرەملێیان دا و لەبەر ئەوەش هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ لەناو بارودۆخی ئاسایی و کەشی دیموکراتیدا ئەنجام نەدران. لە ئەنجامنامەکەی ئەنجومەنی دەبەپەدا هاتووە "ئەردۆغان و یەکینەکانی بە قانوونی بارودۆخی نائاسایی، بە تایبەتیی کورد و هەموو بەشەکانی تری چەپ، سۆسیالیست و دیموکراتیخوازان بە گشتیی، دەستبەسەر کرد و گرتنیان. ویستیان بە ئۆپەراسیۆنی گرتن، ئەوان بڵاوە پێ بکەن، بە تایبەتی لە دژی عەفرین ئۆپەراسیۆنی ئەنجامدا و بۆردومانی شارە کوردیەکانی کرد. ئێستاش دەیانەوێت لە دژی منبج ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن. بە ڕێبازەکانی داگیرکردن هەوڵ دەدەن هەستی نەژادپەرستانە لە گەلی تورکدا بەهێز بکەن.

قەیومەکان خزمەتی دەسەڵاتیان کرد

لە هەلومەرجێکی نایەکساندا هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. میدیا بوو بە دەنگی دەسەڵات. قەیومە بەزۆرداسەپێندراوەکانیش بۆ دەسەڵات کاریان کرد. هەموو ڕێ و ڕێبازێکی میدیای کۆمەڵایەتییش لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان داخران و هەڵبژاردن لە کوردستان لەژێر بەڕێوەبەرانی باری نائاسایدا ئەنجام درا. لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕدا قەیومەکان هەموو دەرفەتەکانی شارەوانیەکانیان خستە خزمەت دەسەڵاتی ئاکەپەوە. بە دەستی ئاکەپە زۆر ساختەکاریی و فرتوفێڵ ئەنجام دران. فشار و زۆرداریان پەرە پێ دا. بۆئەوەی هەدەپە لەژێر بەربەستی سەدا ١٠دا بهێڵنەوە، پەنایان بۆ هەموو ڕێ و ڕێبازێک برد. بەڵام سەرەڕای هەر شتێک هەدەپە بەربەستی سەدا ١٠ ی تێپەڕاند. پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماریی سەڵاحەدین دەمیرتاش، دژ بە ناهەقی و نەبوونی یاسایەکی بنەڕەتی و پێشێلکردنی پێوەرە یاساکانی گەردوونیی، بە دیلی کەوتە پێشبڕکێی هەڵبژاردنەوە. بەم شێوەیە هەڵبژاردن لە هەلومەرجی نایەکساندا بەڕێوەچوو.

لە بەردەوامی ئەنجامنامەکەی ئەنجومەنی دەبەپەدا، سەرنج خراوەتە سەر کۆمەڵکوژیی لە پرسووس و تێیدا هاتووە "بە دەستی ئاکەپە لە پرسووس دژ بە مرۆڤایەتیی کۆمەڵکوژیی ئەنجام درا. بەوەش پەیامی چاوترساندنیان دا بە بەشەکانی دیموکراتیی. هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپە، بۆئەوەی زۆرترین کورسیەکانی پەرلەمان بەدەستبهێنن، هەموو دەرفەتەکانی دەوڵەتیان خزتە خزمەتی کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی خۆیانەوە. بۆئەوەی گەل نەچێتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پەنایان بۆ هەموو ڕێ و ڕێبازێک برد. لە شارەکانی کوردستاندا سیاسەتە پڕ لایەنەکانیان پەرە پێ دا. بەڵام سەرەڕای هەموو زۆر و فشارەکان، هێشتا هاوپەیمانی گەل سەرکەوت. گەل پەیوەندیەکانی گەورەی نیشاندا و ڕۆشتن دەنگی خۆیاندا. سەرەڕای هەموو فشارەکان، گەل لەگەڵ هەدەپەدا مایەوە. بەو شێوەیەش هەدەپە لەسەدا ١١.٧٠ ی دەنگەکانی تەواوی تورکیای بەدەستهێنا و ٦٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا. لە هەلومەرجی ناڕەوادا هەڵبژاردنەکان ئەنجام دران. لە هەلومەرجێکی وەهادا نەژادپەرستیی، مەزهەبپەرستیی و زایەندپەرستی پەرەی پێدرا و هەڵبژاردن ئەنجام درا. سەرەڕای هەر شتێک هەدەپە کەوتە ناو پەرلەمانەوە. هەبوونی هەدەپە لە پەرلەماندا بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنان، گەنجان و ڕەنگە جیاوازەکانی گەلانی تورکیا، بەرەیەکی زۆر گرنگە لەبەرامبەر ڕژێمی تاکە کەسیدا. لەبەرئەوە سەرکەوتنی هەدەپە سەرکەوتنی گەلانی تورکیایە.

دەبێت بزانرێت کە ئامانجی ئاکەپە و ئەردۆغان ڕژێمی یەک کەسیی نیە، بەڵکو ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تەواویی بێدەنگ بکەن و نوێنەرەکانی ئەوان بخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە. دەیانەوێت هەمیشە لەناو کۆمەڵگادا بێ هیوایی پەرە پێ بدەن. دەیانەوێت ڕێگە لە سیاسەتی دیموکراتی بگرن. چارەسەریی ئەوەش بە نەتەوەی دیموکراتی دەبێت. بۆئەوەی تورکیا لەو قەیرانە سیاسیی و کۆمەڵایەتییە ڕزگار بکرێت، دەبێت پەنا بۆ چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیی ببرێت. دەبێت هەموو ڕەنگ و باوەڕیەکان لەناو یەکدا و بە یەکسانی پێکەوە بژین. دەبێت گەلانی تورکیا لە دژی فاشیزم تێبکۆشن. ئەو تێکۆشانەش، تێکۆشانی کلتووریی، فرە ڕەگەزیی و ئازادی ژنان و ئیکۆلۆژییە. لە دژی ڕژێمی تاکە کەسیی ئەردۆغان و ئاکەپە، پێویستمان بە تێکۆشانی دیموکراتی هەیە. گەورەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو تێکۆشانەش ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە. بۆ ئەوەش دەبێت ئێمە پێش هەر شتێک لە کوردستان، دژ بە هاوپەیمانی فاشیست، پەرە بە یەکێتی نەتەوەیی کورد بدەین. لە دروستکردنی نەتەوەی دیموکراتیدا یەکێتی نەتەوەیی بنەمایە. گەلەکەمان بە تێکۆشانی ئازادی و دیموکراتی و یەکسانیانەی خۆی بوو بە وەڵامدەرەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگیی و ساختەکاریانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ دا ئەنجام دران. لە کۆتاییدا ئێمە سپاس وپێزانینی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمن دەکەین.

ک-ش