ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوکرایەوە

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) ئەنجامنامەى کۆبوونەوەى راوێژی رۆژهەڵاتى کوردستانی بڵاوکردەوە، کە رۆژانی ١٤-١٥ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢٣ و ٢٤ی خەرمانان لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختى سوید بەڕێوەچوو.

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە - KNK) رۆژانی ١٤-١٥ی ئەیلولی ٢٠١٩ / ٢٣ و ٢٤ی خەرمانان لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى دوایین دۆخی رۆژهەڵاتى کوردستان لە چوارچێوەى راوێژی نەتەوەیدا رێکخست.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی حیزب و رێکخستنە سیاسییەکان، پسپۆڕانى بوار جیاجیاکان، مافناسان و نوێنەرانی رێکخراوە مەدەنی و رۆشنبیرییەکان و چەندین کەسایەتیى سەربەخۆ و رووناکبیر بەشدار بوون.

کۆبوونەوەکە رۆژی شەممە بە پێشکەشکردنى پەیامی کەنەکە و بەرزراگرتنى شەهیدانى کوردستان دەستیپێکرد. دواتر بابەتەکانى وەک دۆخی کۆمەڵایەتیى و پێکهاتەکانى رۆژهەڵاهەتی کوردستان، دۆخی ئابووری و رۆشنبیری، دۆخی ژنان، دۆخی مافەکانى مرۆڤ، دۆخی سیاسی و شێوازەکانى چارەسەری گفوگۆیان لەبارەوە کراوە. چەندین کەسایەتیى سیاسی و ئەکادیمیسیەن لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لەبارەی ئەو بابەتانەوە کرد و وتاریان پێشکەش کرد. لە ماوەى ٢ رۆژی کۆبوونەوەکەدا میوانان و بەشداربوان بە وتەکان و پرسیارەکانى خۆیان هەموو لایەنەکانى دۆخی رۆژهەڵاتى کوردستانیان خستە بەرباس و شیکارییان بۆ کرد. رۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەکە بە بڵاوکردنەوەى ئەنجامەیەک کۆتایى پێھات.

دەقی ئەنجامنامەى کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ك ن ك) لە چوارچێوەی ڕاوێژی نەتەوەییدا، لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی سێپتامبری ٢٠١٩ لە شاری ستۆکهۆلم لە سوید کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بۆ گفتووگۆکردن لە سەر دوایین بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخست.  نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، شارەزایانی بواری جیاواز، مافناس و نوێنەرانی ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کلتووریی، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو کەسایەتی کوردستانیی بەشدارییان تێدا کرد.

 کۆبوونەوەکە ڕۆژی شەمە بە پەیامی کۆنگرەیی نەتەوەیی کوردستان و بە ڕێزگرتن لە یادی سەرجەم شەهیدانی کوردستان، دەستی بە کارەکانی کرد.

دواتر بابەتەکانی وەکوو بارودۆخی کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارودۆخی ئابووری و چینایەتیی، ژنان، مافەکانی مرۆڤ، ڕەوشی سیاسی و ڕێبازەکانی چارەسەریی گفتووگۆیان لە سەر کرا. لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا میوانان و بەشداربووان بە پرسیار و بۆچوونەکان بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە هەموو روویەکەوە خستە بەر باس و شرۆڤە کردن. کۆبوونەوە ڕۆژی یەکشەمە بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامنامە کۆتایی پێهات.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر داگیرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران دا ئەناڵێنێت. زیاتر لە ٤٠ ساڵە ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئێران مافەکانی گەلی کورد بنپێدەکات، دەنگی ئازادیخوازان ئەبڕێت و وڵامی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد بە شەڕ و کوشتن دەداتەوە. بارودۆخی کۆمەڵایەتی ساڵ لە دوای ساڵ خراپتر دەبێت و لەوچوارچێوەیدا گیرۆدەبوونی جەوانان بە مادەهۆشبەرەکان بووە بە بەشێک لە شەڕی تایبەتی ڕژیم لە دژی گەلی کوردستان. ژنان لە سەرجەم مافە مرۆڤایەتییەکانیان بێبەشن و ئابووری وڵات لە لێواری ئیفلاسکردن دایە. ڕانت، دزی، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ، هەڵخڵەتاندن و گەندەڵی هەموو شوێنێکی داگیرکردووە و کۆمەڵگەی دوچاری قەیرانێکی قووڵ کردووە، بەتایبەتی کۆمەڵانی کرێکارو هەژار لە دژوارترین هەلومەرجدا ژیان بەسەر ئەبەن.

 سەرەڕۆییەکانی رژیم و دەستێوەردانی لە کاری ناوخۆی وڵاتانی هەرێمەکە وەکوو عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن، ئێرانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی مەترسیداری نێونەتەوەیی کردوەتەوە. لە دژی ئەو بارودۆخە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران پەرەی داوە بە بەهێزکردنی پێگە سەربازییەکانی و خۆی پڕ چەک دەکات. بەرنامە و پرۆگرامەکانی ڕژیم لە ئێستادا بووە بە سەرچاوەی قەیرانێکی نێونەتەوەیی لە ئاستی جیهاندا. سەرەڕای بەرنامەی ئەتۆمی، درووستکردن و بەکارهێنانی فرۆکەی بێ فرۆکەوان و موشەک کە لە سووریا، لوبنان و یەمەن لە دژی ئیسرائیل، عەرەبستان و هاوپەیمانانی ئەمریکا بەکار دەبرێن، مەترسی شەڕی لە رۆژهەڵاتی ناوین گەیاندووتە بەرزترین ئاستی.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی زۆربەی چەکە پێشکەوتووەکانی خۆی لە دژی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار هێناوە. ڕۆژی ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ لە ئاکامی موشەکبارانی بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستان دا ١٦ کادری پێشکەوتووی حزب و  دوو پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. هەمان ڕۆژ ڕژیمی داگیرکەری ئێران سێ شۆرشگێری کورد؛ ڕامین حوسین پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی لە زیندان دا لەسێدارە دا. ئەوە راستییەکە کە تیرۆری رژێمی ئێران دژی گەلی ئێمە بێسنوورە.

ڕژیمی ئێران بێجگە لە سیاسەت و کۆمەڵگە، دەست لە ژینگەی کوردستانیش ناپارێزێت. ساڵی ڕابردوو لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کەسانی سەر بە ڕژیم ئاگرییان لە پاوان و دارستانەکان بەردا. لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندندەوەی ئاگر لە ئاکامی پیلانێکی چەپەڵی رژێمدا، چوار چالاکوانی ژینگەپارێز بە ناوەکانی شەریف باجور، ئومێد کۆنەپۆشی، رحمەت حەکیمی نیا و محەمەد پەژووهی شەهید بوون. هەر بۆیە پێویستە پاراستنی ژینگەی کوردستان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی ببینرێت.

لە رووی ئابوورییەوە ڕژیم دەرفەتێکی کار و ژیانی ئاسایی بۆ خەڵک نەهێشتووەتەوە. لە بەر ئەوە هەزاران کەس بۆ بەدەستهێنانی بژیوی ژیانیان ناچار دەبن لە هەلومەرجی زۆر دژواردا کۆڵبەری بکەن. لەگەڵ ئەوە ڕژیم ڕێگەنادات ئەو کەسە هەژارانە بە ئاسوودەیی کاری دژواری کۆڵبەری ئەنجام بدەن و هەتا ئێستا سەدان کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان کوژراون و سەدانی دیکەش بریندار بوون.

ئەوە بە ساڵانە گرتن، کوشتن، گوشار و هێرش لە سەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بووە بە بەشێک لە سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێران لە دژی گەلی کوردستان. هاوکات لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵی رژیمی ئێران لە دوژمنایەتکردنی مافەکانی گەلی کورد و تەڤگەرەکانی کوردستان بە ڕوون و ئاشکرایی دیارە. لە هەر شوێنێک هیوایەک بە ئازادی و بەدەستهێنانی بەشێکی بچووکی مافەکانی کوردستانیان لە ڕۆژەڤدا بێت، ئێران سەرجەم ئیمکانەکانی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ڕێگە لەو دەرفەتە بگرێ کە بە قازانجی خەڵکی کوردستانە. هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لە کۆبوونەوەی سۆچی لە دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، هاوکارییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی و لایەنە توندڕەوەکانی عێراق لە دژی باشووری کوردستان و هاوکاری ڕاستەوخۆ لەگەڵ تورکیا لە دژی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە باکوور، ئاکامی سیاسەتی دوژمنکارانەکانی ئێرانە لە دژی گەلی کوردستان.

لە دژی سیاسەتی داگیرکاری و دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد، بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بەرخۆدان دەکات. بە قارەمانی تێکۆشانی ئازادی گەیاندووەتە ئاستێکی وەها کە ئێستا هەموو لایەنێک حەسابی بۆ دەکات. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم بەرخۆدان و ڕەنجە بە ئەنجام بگات، پێویستە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە یەکدی نزیک ببنەوە و دەرگای هاوکاری و بەشداریکردن بۆ سەرجەم تاک و گرووپەکانی ناو تەڤگەری کوردستان بکەنەوە.

نوێنەر و کەسایەتییە بەشداربووەکان لە ڕاوێژی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە دوای باس و گفتووگۆی بەرفراوان لە سەر ئەو مژارانەی ئاماژەیان پێکرا، ئەو خاڵانە بۆ ڕای گشتی پێشکەش دەکەن:

١. ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرە باوەڕییە، خاوەن گروپی باوەڕی و چین و توێژی جیاوازە. نابێ کۆماری ئێران لە سەر بناغەی یەک نەتەوە و یەک باوەڕی درووست بکرێت. دەبێت ئێران لە ناوخۆ دا دیموکراتیک، سکولار، ئازاد و دادپەروەر بێت.

 ٢. بارودۆخی ئێستای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قەبووڵ ناکرێت. گەلی کورد وەکوو سەرجەم نەتەوەکانی دیکە خاوەن هەموو مافە بنەڕەتییەکان و مافی دەسنیشانکردنی چارەنووسی خۆیە.

٣. پارت، ڕێکخراو و دەزگا سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بونیادنانی پلاتفۆرمێکی بەهێز و پێگەفراوانی نەتەوەیی، لە ماوەیەکی کورت دا دەست دانوستاندن بکەن و خۆیان لە کێبڕکێی نابەجێ کە تەنیا دڵی دوژمنان خۆش دەکات، بپارێزن.

٤. سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕێگای هەماهەنگی  وهاوکاریی پێویستەوە ڕێگە نەدەن دوژمن کەڵک لە ناکۆکی یان جیاوازییە سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و ڕێکخراوەییەکان نێوانیان وەرگرێ. پێویستە زەمینە بۆ کاری هاوبەش خۆش بکرێت.

٥. کۆبوونەوە داوا لە هەموو پارت و رێکخراوو کەسایەتیەکانی رۆژهەلاتی کوردستان ئەکات خاوەندارێتیی لە رۆژاواو باشووری کوردستان بکەن. هەمانکات پشتگیریی خەباتی ئازادیی گەلی کورد لە باکوری کوردستان بکەن.

٦. بۆئەوەی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان بتوانن رۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەو سیاسەتدا بگێڕن، پێویستە پارت و رێکخراوەکانی کوردستان لەمپەرو ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان لابەرن. لە دژی نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێگر لە پێش چالاکییەکانی ژنان خاوەن هەڵوێست بن. پێویستە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان خاوەن ماف و ئیرادە بن و بناغە بۆ پێشکەوتنی تەڤگەری ئازادی ژنان خۆش بکرێت.

٧. . کۆبوونەوە پشتگیریی خەبات و تێکۆشانی ژنانی کوردستان و ئێران لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسیدا ئەکات.

٨. کۆبوونەوە خاوەندارێتیی و پشتگیریی لە هەموو زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەکات. سیاسەتی گرتن و ئەشکەنجەو لەسێدارەدان کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیڕەوەی ئەکات، بە هەموو شێوەیەک ریسواو شەرمەزار ئەکات.

٩. رژێمی ئێران دەست لە وێرانکردن و لەناوبردن و دزینی شوێنەوارە مێژووییەکانی کوردستانیش ناپارێزێت. لەو رووەووە پاراستن و خاوەندارێتیی لە شوێنەواری مێژووی و کلتورو زمانی کوردی ئەرکێکی نەتەوەییە. پێویستە گەلی کوردستان رێگا نەدەن کلتورو زمان و مێژوویان بشێوێنرێت.

١٠. کۆبوونەوە لەو بڕوایەدایە خەباتی رەوای خەڵکی کوردستان بە بێ رووخانی دەسەڵاتی رژێمی ئیسلامیی ئێران و بەدیهێنانی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکرات و دادپەروەر، ناگاتە ئامانجە بنەڕەتییەکانی خۆی. هەربۆیە پێویستە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران بۆ رووخانی رژێم لە هەماهەنگی و هاوکاریدا بێت.

١١. کۆبوونەوە داوا لە هەموو پێکهاتە و هێزە ئازادیخوازەکانی ئێران ئەکات، بۆ ئێرانێکی ئازاد، دیموکرات و سیکۆلار و یەکسان، بۆ چارەسەریی پرسی پێکهاتە نەتەوەیی و باوەڕییەکانی ناو ئێران، پێکەوە رێکبکەون و خەباتی هاوبەش پەرە پێبدەن.

١٢. کۆبوونەوە بانگ و داوا دەکات کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دەوڵەتانی ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردستان بکەن، بە تایبەتی خاوەنداریی لە ماف و بارودۆخی کۆڵبەران بکەن. ڕێگری بکەن لەوەی کە دوژمنی داگیرکاری کۆماری ئیسلامی درێژە بە کوشتنی ئەوچینە هەژارەی کوردستان بدات.

 بۆ ئەوەی بەدوادچوون بۆجێبەجێکردنی ئەم کار و داخوازییانە بکرێت، کۆبوونەوەکە کۆمیتەیەکی تایبەتی هەڵبژارد. ئەم کۆمیتەیە لەگەڵ کۆنسەی بەرێوەبەری کەنەکە هاوکاری دەکات.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەنجامەکانی ئەم ڕاوێژە، تێکۆشانی ئاشتی و ئازادی بەهێزتر دەکات و ڕێگا بۆ یەکێتی نەتەوەی خۆش دەکات.

ژ.ت